سەرۆك كۆمار داوا دەكات كۆمەڵی نێودەوڵەتی تاوانی ئەنفال بە جینۆساید بناسێنێت
١٤ی نیسانی ٢٠٢٥
لە ساڵیادی تاوانی ئەنفالدا، سەرۆك كۆماری عیراق داوا دەكات كۆمەڵی نێودەوڵەتی تاوانەكە بە جینۆساید بناسێنێت.
د.لەتیف رەشید سەرۆك كۆماری عیراق پەیامێكی بۆ یادی 37 ساڵەی ئەنفال بڵاوكردەوە و رایگەیاند، لە ساڵیادی تاوانە دڕندانەكەی ئەنفال كە رژێمی پێشوو لە دژی گەلی كورد ئەنجامیدا و بووە هۆی شەهیدبوونی زیاتر لە 180 هەزار منداڵ و گەنج و بەساڵاچوو، دووپاتی دەكەنەوە كە ئەو تاوانە بە جینۆساید دادەنرێت.
سەرۆك كۆمار دەڵێت، خوێنی شەهیدان پایە بنەڕەتییەكانی سیستمی دیموكراسییە، داواشی لە ئەنجومەنی نوێنەران كردوە یاسایەك بۆ قەرەبووكردنەوەی كەسوكاری ئەنفالكراوان دەربكات، جەختیشی كردووەتەوە لەسەر پێویستی ناساندنی تاوانی ئەنفال وەك تاوانێكی نێودەوڵەتی جینۆساید و داوایكردوە نوێنەرایەتی هەمیشەیی عیراق لە نەتەوە یەكگرتووەكان هەوڵی پێویست بدات بۆئەوەی ئەو تاوانە لەلایەن نەتەوە یەكگرتووەكانەوە وەك تاوانێكی نێودەوڵەتی جینۆساید بناسرێت.
لەو پەیامەدا سەرۆك كۆمار دەڵێت، هەموو عیراقییەكان و بەتایبەتیش گەلی كورد بە دەست تاوانەكانی رژێمی دیكتاتۆرییەوە ناڵاندویانە، داواشی لە هەموو عیراقییەكان كردوە یەكگرتوو بن و پابەندبن بە سیستمی دیموكراسییەوە، كە گرەنتی ئاشتی و دادپەروەری و پێكەوەژیان لە نێوان هەموو پێكهاتەكانی كۆمەڵگەی عێراقدا دەكات.