د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق، لە کۆشکی بەغداد پێشوازیکرد لە تیمی باڵۆنی عەرەبی بە سەرۆکایەتی کاپتن عەبدولعەزیز ناسر ئەلمەنسوری و پشتیوانی عیراقی بۆ هەموو ئەو کردانە دووپاتکردەوە کە یارمەتیدەرن بۆ بەهێزکردنی کاری هاوبەش.

لە دیدارێکدا سەرۆک کۆمار ئامانجەکانی دەستپێشخەری تیمی باڵۆنی عەرەبی و رۆڵی لە پتەوکردنی پەیوەندییە کلتوری و مرۆییەکانی نێوان گەلان بەرز نرخاند و پشتیوانی عیراقی بۆ هەموو  ئەو کردانە دووپاتکردەوە کە یارمەتیدەرن بۆ بەهێزکردنی کاری هاوبەش، بەتایبەتی ئەو دەستپێشخەرییانەی کە پەیامی ئاشتی و پەیوەندییە مرۆییەکان هەڵدەگرن و رەنگدانەوەی رۆحی هاوسۆزی و کەلتووری هاوبەشن.

لای خۆیەوە کاپتن عەبدولعەزیز ئەلمەنسوری سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ سەرۆک کۆمار دەربڕی بۆ ئەو پێشوازییە گەرمەی و ئاماژەی بەوەدا کە عیراق وێستگەیەکی سەرەکییە لە رێڕەوی دەستپێشخەرییەکەدا بەهۆی پێگەی مێژوویی و کەلتووری دێرینی لەهۆشیاری عەرەبیدا و رۆڵی پێشەنگایەتی لە پشتیوانیکردن لە بەهاکانی یەکڕیزی و لێکنزیکبوونەوەی گەلان هەیە.

ئاماژەی بەوەشکرد کە تیمەکە بەبۆنەی کۆبوونەوەی لووتکەی عەرەبیەوە باڵۆنی عەرەبی لە بەغداد هەڵدەدەن بەمەبەستی بەرجەستەکردنی هاوخەباتی برایانەی نێوان عیراق و براکانی.