د.لەتیف رەشید بەبۆنەی ساڵی نوێی بابلی-ئاشووری پیرۆزبایی لە رۆڵەکانی گەل دەکات
١١ی نیسانی ٢٠٢٥
سەرۆک کۆماری عیراق هیوای سەرکەوتن بۆ یەکەمین فێستیڤاڵی ئەکیتو دەخوازێت و بەبۆنەی ساڵی نوێی بابلی-ئاشووری پیرۆزبایی لە رۆڵەکانی گەل دەکات.
د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق، دوێنێ پێنجشەممە، بەبۆنەی سەری ساڵی نوێی بابلی-ئاشوورییەوە، پیرۆزبایی لە بەشداربووانی یەکەمین فێستیڤاڵی ئەکیتو کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ فێستیڤاڵەکە خواست ، داوایکرد کە ئەم فیستڤاڵە بەشداربێت لە بەهێزکردنی پێکەوەژیانی ئاشتیانە لەنێوان تەواوی پێکهاتەکانی عیراق.
وتارەکەی سەرۆکایەتی کۆمار لەلایەن سەکفان موراد جوندی بەڕێوەبەری گشتی بەشی پلاندانان و پەرەپێدانی سەرۆکایەتی کۆمارەوە پێشکەشکرا کە سڵاو و پیرۆزبایی سەرۆک کۆماری گەیاندە بەشداربووانی کۆنفرانسەکە ، جەختیشی لە پابەندبوونی سەرۆکایەتی کۆماری کردەوە بۆ چەسپاندنی چەمکەکانی پێکەوەژیانی ئاشتیانە و مەدەنی لە نێوان هەموو عیراقییەکان و پاراستنی ئەو فرەچەشنییەی کە عیراق شانازی پێوە دەکات، وەک سەرچاوەیەکی هێز بۆ ئێستا و داهاتووی خۆی.
ئەمەی خوارەوە دەقی وتاری سەرۆکایەتی کۆمارە:
بەڕێزان لێپرسراوان
بەڕێزان، ئامادەبوانی بەڕێز
سەرەتا، شەرەفی ئەوەم پێدراوە کە سڵاوی سەرۆک کۆمار دکتۆر لەتیف جەمال ڕەشیدتان پێ بگەیەنم. ئەو مەبەستی بوو لەگەڵ ئێوە بەشداری چالاکییەکانی ئەم فێستیڤاڵە پڕ شکۆیە بکات، ئەگەر دەرفەت بگونجایە.
هەروەها پیرۆزبایی بەڕێزیان بە بۆنەی سەری ساڵی بابلی-ئاشووری و سریانیمان دەگەیەنم بە رۆڵەکانی کلدانی و ئاشووری و سریانی و هیوای سەرکەوتن بۆ بەشداربووانی یەکەمین فێستیڤاڵی ئەکیتو دەخوازین، کە ئەمە دەرفەتێکە بۆ بەهێزکردنی پێکەوەژیانی ئاشتیانە لە نێوان هەموو پێکهاتەکانی عێراق، هەروەها چەسپاندنی چەمکەکانی پێکەوەژیان و پاڵپشتیکردنی فرەیییە لە وڵاتەکەماندا، کە ئەمەش هەوڵەکان چڕبکاتەوە بۆ ئەوەی ببێتە سەرچاوەی هێز بۆ پشتگیریکردن لە یەکێتی نیشتمانی.
ئەمڕۆ بە دروشمی (فێستیڤاڵی ئەکیتو.. فێستیڤاڵی شارستانیەتی عێراقی) لە یەکەم فێستیڤاڵی ئەکیتودا کۆدەبینەوە بە واتا گەورەکانیەوە کە ئاماژە بە قووڵایی و ڕەسەنایەتی شارستانیەتی میزۆپۆتامیا دەکەن، کە تیایدا یەکەم پیتی نووسین دەستیپێکرد و یەکەم یاسا و ڕێسای بەڕێوەبردنی کاروباری مرۆڤایەتی ناسێنرا، جگە لە گەشەسەندنی هونەر و ئەدەب و زانستەکان بە هەموو جۆرەکانیەوە، بەم شێوەیە پشکێکی گەورەیان لە مێژووی مرۆڤایەتیدا بەردەکەوێت کە تا ئەمڕۆش دیارە.
لە دەیان ساڵی ڕابردوودا وڵاتەکەمان و گەلەکەمان ڕووبەڕووی ئاڵەنگاری گەورە بوونەتەوە لە شەڕ و توندوتیژی و ستەمکاری کە ماف و ئازادییەکانی هەموو پێکهاتەکانی گەلی عێراقمانیان رەتدەکردەوە .
ئەو فرەچەشنییەی کە وڵاتەکەمان شانازی پێوە دەکات، بەهۆی سیاسەتی گۆشەگیری و جیاکاری و پەراوێزخستن و گومان خستنە سەر رۆڵەکانی گەل کە تاکە تاوانیان ئەوەیە کە سەر بە پێکهاتە ڕەسەنەکانی خاکی دوو ڕووبارن شێوێندراو کە بەم هۆیەوە فرەڕەنگیان شێواند ، بۆیە سەیر نەبێت لاتان کە ئەم دەسەڵاتی دیکتاتۆرییە لە ئەنجامی قۆرغکردنی چەمکی هاووڵاتیبوون روخاو لەناوچوو .
دوای ڕووخانی دیکتاتۆرییەت، عێراقییەکان بە هەموو بیروراجیاوازەکانیەوە دەستوورێکی نوێیان بۆ وڵات داڕشت، کە یەکێک لە بناغە گرنگەکانی بریتی بوو لە پاراستنی فرەچەشنی و پاراستنی تایبەتمەندی و سەرکەوتنی پرەنسیپی هاووڵاتیبوون، بەو پێیەی هەمووان یەکسانن لە ماف و ئەرکەکاندا ، سەرەڕای کێشە و ئاڵەنگارییە گەورەکان، بە تایبەت ئەو پەلامارە تیرۆریستییە تاریک پەرستانەی کە بێهودە هەوڵی تێکدانی ویستی عێراقییەکان و شکستپێهێنانی تاقیکردنەوە نوێیەکەیان دا.
عێراقییەکان بەهێزتر لەم ئاڵەنگارییانە دەربازبون، ئەمەش لە سایەی خۆڕاگری و پابەندبوونیان بە ژیان و شکۆمەندی و پاراستنی پێکەوەژیانی ئاشتیانەوە بوو، بە ویستێکی پتەوەوە بۆ ژیان بە ئازادی و شکۆمەندییەوە هەموو پێکهاتەکانی گەلی عێراق ڕووبەڕووبوونەوەی تاقمە تیرۆریستییە تاریک پەرستەکان یەکیانگرت و قوربانییەکی یەکجار زۆریان دا بۆ گەیشتن بەو ئامانجە.
سەرۆکایەتی کۆمار ویستی پتەو و نەگۆڕە لە چەسپاندنی چەمکەکانی پێکەوە ژیانی ئاشتیانە و مەدەنی بون و تائێستا پێشوازی لە دەیان وەفدی تەواوی پێکهاتەکانی کۆمەڵ کردووە بۆ ئەوەی گوێیان لێبگرێت و ئەو کێشانەی کە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە چارەسەر بکات، لەسەر بنەمای باوەڕی سەرۆک کۆمار بە پێویستی پاراستنی ئەو فرەچەشنییەی کە لە وڵاتەکەماندا بونی هەیە، بەو پێیەی سەرچاوەی هێزە بۆ ئێستا و داهاتووی وڵات.
ئەمڕۆ ئێمە بەرپرسیارێتی هاوبەشمان هەیە، هەریەکە لە پێگەی خۆیەوە، بۆ چەسپاندنی پێکەوە ژیانی ئاشتیانە و بنەماکانی مافی مرۆڤ و زامنکردنی ئازادی و مافەکان بۆ پاراستن و بەهێزکردنی سیستەمی دیموکراسی وڵات. ئەمەش بەرپرسیارێتی هاوبەشی هەموو دەسەڵاتەکانی وڵاتە کە بریتیە لە : یاسادانان، جێبەجێکردن، و دادوەری.
لەم نێوەندەدا سەرۆک کۆمار گرنگییەکی زۆر بە مافەکانی مرۆڤ دەدات و سەرۆکایەتی کۆمار کار لەسەر چەندین بابەتی پەیوەست بە داواکارییەکانی هاوڵاتیان کردووە و کاری کردووە بۆ ئازادکردنی زیاتر لە ١٥ هەزار دەستگیرکراو و زیندانی بە پێکهێنانی لیژنەیەکی باڵا کە پێکهاتووە لە وەزارەتەکانی ناوخۆ، داد، ئاسایشی نیشتمانی و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکە.
هەروەها سەرۆکایەتی کۆمار چەندین پرۆژە یاسای گرنگی پەیوەست بە ماف و داواکاری عێراقییەکان بە هەموو پاشخان و مەزهەبەکانەوە پێشکەشی پەرلەمان کردووە و دەرگای سەرۆکایەتی کۆماریش بەڕووی هەموواندا کراوەیە.
لە کۆتاییدا سڵاوی سەرۆک کۆمار بەئێوە دەگەیەنم و هیوای سەرکەوتنی ئەم فێستیڤاڵە بۆ ئێوە دەخوازم. هەروەها سوپاس و پێزانینی خۆم ئاراستەی لێپرسراوانی ڕێکخستنی فیستفاڵەکە و هیوای سەرکەوتنی بەردەوامیان بۆ دەخوازم.


