سەرۆک کۆمار بەشداری لە رێوڕەسمی یادکردنەوەی ساڵانەی رۆژی شەهیدی فەیلی دەکات
١٢ی نیسانی ٢٠٢٥
د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق، ئەمڕۆ شەممە 12ـی نیسانی 2025 بەشداری لە رێوڕەسمی ناوەندی یادکردنەوەی ساڵانەی رۆژی شەهیدی فەیلی و رووخانی رژێمی بەعسی لەناوچوو کرد، کە لەژێر دروشمی (کوردانی فەیلی پرسی نیشتمانن) بەڕێوەچوو.
سەرۆک کۆمار لەو بۆنەیەدا ووتەیەکی پێشکەش کرد و تێیدا جەختی لەوە کردەوە کە عیراقییەکان لەم رۆژەدا یەکێک لە قێزەونترین تاوانەکانی جینۆساید دژ بەم پێکهاتە رەسەنەی کوردە فەیلییەکان بەبیردەهێننەوە و ئاماژەی بە پێویستی دادپەروەری و تۆڵەسەندنەوەیەکی دادوەرانە بەرانبەر ئەو کەسانە کرد کە ئەم تاوانانەیان ئەنجامیان داوە لەپێناو بەرقەرارکردنی دادپەروەری بۆ قوربانیان.
ئەمەی خوارەوە دەقی ووتەی سەرۆک کۆمارە لەمیانەی رێوڕەسمی یادکردنەوەدا:
به ناوی خودای بەخشندەی میهرەبان
ئامادەبووان خوشکان برایانی بەڕێزان
دروود وسڵاوی خودای گەورەتان لێبێت.
لەم رۆژەدا عیراقییەکان یادی چل و پێنجەمین ساڵیادی یەکێک لە قێزەونترین تاوانەکانی جینۆساید لە مێژووی هاوچەرخی عیراقدا دەکەنەوە، کە ئەمڕۆ کۆدەبینەوە بۆ وەبیرهێنانەوەی تاوانی کوشتن و کۆچپێکردنی زۆرەملێ و دەست بەسەرداگرتنی سەرمایەی کوردە فەیلییەکان، ئەو پێکهاتە عیراقییە ڕەسەنەی کەکاریگەرییەکی روونی هەیە لەبنیاتنانی دەوڵەتی عیراقی هاوچەرخ و ژیانی سیاسی و هەڵوێستە بەرچاوەکانیان لەبەرنگاربونەوەی رژێمی پێشوودا کە ستەم و چەوساندنەوەی سەرجەم پێکهاتەکانی گەلی عیراقی گرتبوەوە لە سەروی هەموویانەوە کوردە فەیلییەکان.
لە کاتێکدا یادی رۆژی شەهید فەیلی دەکەینەوە، بە ئازارێکی زۆرەوە ئەو ستەم و زۆرداریە بەبیر دەهێنینەوە کەبەسەر رۆڵەکانی ئەم پێکهاتە رەسەنەدا هاتووە.
ئەم پێکهاتە رەسەنە پێویستیان بە پاکێجێک لە رێوشوێنی گونجاو هەیە کە هەندێکیان پەیوەستە بە ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە و هەندێکیش لە بڕیارەکانی ئەنجومەنی فەرماندەیی شۆڕشی هەڵوەشاوە، کەهێشتا کاری پێدەکرێت وپێویستی بە هەڵوەشاندنەوە و جێگرتنەوەیان بە بڕیاری نوێ هەیە، سەرەڕای پێویستیی قەرەبووکردنەوەی دەست بەسەرداگرتنی پارە و موڵک و سامانیان کە ئەوەندەی ئێمە بزانین قەرەبووی هەموو زیانلێکەوتووەکانی سیاسەتەکانی رژێمی پێشوو نەکراوەتەوە، بەڵام ئەو تۆڵەسەندنەوەی دادوەری لەلایەن ئەوانەی ئەو تاوانانەیان ئەنجام داوە ئێستا بۆتە پێویستییەکی گرنگی دادپەروەری بۆ قوربانیان، لەکاتێکدا کە هەندێک دەنگ مژدەی گەڕانەوەی تاگڕەوی و زۆرداری دەدەن.
لەم پلاتفۆرمەشەوە داوا دەکەین کاری جددی بکرێت بۆ ئەوەی رێگە نەدرێت بگەڕێینەوە بۆ ئەو ئەزموونە تاڵەی کە هەموو عیراقییەکان چەشتویانە، چونکە زۆرێک لە کاریگەری و تراژیدیای ڕژێمی سەرکوتگەر تا ئەمڕۆ نەدۆزراونەتەوە و چەند هەفتەیەک لەمەوبەر حەوت گۆڕی بەکۆمەڵ لە تەل ئەلشێخەی سەر بە پارێزگای موسەننا دۆزرانەوە و کارەکانیش بەردەوامن بۆ ناساندنەوەی روفاتی شەهیدان و رادەستکردنیان بە خانەوادەکانیان .
خوشکان و برایانی بەڕێز
سەرۆکایەتی کۆمار هەمیشه ئامادەیی خۆی دەربڕیوه بۆ پشتیوانی لەمافه کانی رۆڵەکانی پێکهاتەی کوردی فەیلی و ئامادەیه پشتیوانی لە مافەکانی هەموو گەلی عیراق بکات، بۆ ئەوەی گوێ لە نەهامەتیەکانی رۆڵەکانی ئەم پێکهاتە رەسەنە بگرێت، چاوپێکەوتن لەگەڵ زۆرێک لەشاندەکان کراوە و گوێ لە داواکارییەکانیان گیراوە و لیژنەیەکی تایبەتمەندیش لە سەرۆکایەتی کۆمار پێکهێنراوە بۆ بەدواداچوونی داواکانیان.
لەکاتێکدا داوا لە هەمووتان دەکەین هەوڵەکانتان یەکبخەن بۆ مێژوو و کلتووری کوردە فەیلییەکان و رۆڵی سیاسیتان بگێڕن بۆ بەدیهێنانی داخوازییە رەواکان و جێگای خۆیەتی کە سوپاسی جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانیش برامان موحسین مەندەلاوی بکەین بۆ سەرپەرشتیکردنی ئەم چالاکییە گرنگە و دەستخۆشی لە بەرپرسانی ئەم مەراسیمەیش دەکەین و هیوای سەرکەوتن بۆ هەمووان دەخوازین.
سڵاوی خودای گەورەتان لێبێت.












