سەرۆک کۆماری عیراق پێشوازی لە وەزیری ناوخۆی فەلەستین دەکات
١١ی نیسانی ٢٠٢٥
د.لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عیراق ئەمڕۆ هەینی لە کۆشکی سەلام لە بەغداد پێشوازی لە زیاد هاب ئەلریح وەزیری ناوخۆی فەلەستین و وەفدی یاوەری کرد و ئاماژەی بەوەکرد، پێویستە دەستبەجێ هەموو جۆرە دەستدرێژییەک کە فەلەستینییەکان رووبەڕووی دەبنەوە کۆتایی پێبهێنرێت.
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا سەرۆک کۆمار بەخێرهاتنی وەفدەکەی کرد، بارودۆخی خاکی فەلەستین له رووی ئەمنی و ئابووری و مرۆییەوه تاوتوێکرا و د.لەتیف رەشید بۆچونی عیراقی له پشتیوانی لە فەلەستین و مافی گەلەکەی بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆ دووپاتکردەوه.
سەرۆک کۆمار جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە دەستبەجێ هەموو جۆرە دەستدرێژییەک کە فەلەستینییەکان ڕووبەڕووی دەبنەوە کۆتایی پێبهێنرێت و ئاسایش و سەلامەتی ئەوان دەستەبەر بکرێت، ئاماژەی بەوەدا کە سەقامگیرکردنی بارودۆخی فەلەستین تاکە رێگایە بۆ بەدیهێنانی سەقامگیری و ئاشتی هەمیشەیی لە ناوچەکەدا.
لای خۆیەوە وەزیری ناوخۆی فەلەستین سوپاس و پێزانینی خۆی دەربڕی بۆ هەوڵە بەردەوامەکانی سەرۆک کۆمار بۆ پرسی فەلەستین و ڕۆڵی سەرەکی عێراق لەداکۆکیکردن لە مافەکانی گەلی فەلەستین.





