پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان پرۆسەی پیربوونی بایۆلۆجی خاودەکەنەوە
٣٠ی ئایاری ٢٠٢٥
توێژینەوەیەکی نوێ ئاشکرای دەکات، پتەوکردنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان پرۆسەی پیربوونی بایۆلۆجی لە مرۆڤدا خاودەکاتەوە.
توێژینەوەکە لەلایەن تیمێکی زانکۆی کالیفۆرنیاوە لە ئەمریکا ئەنجامدراوە، کە نزیکەی 230 کەس بەشدارییان تێداکردووە و دەرکەوتووە ئەو کەسانەی تەمەنیان لە سەرووی 60 ساڵییەوەیە و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانیان بە پتەوی هێشتووەتەوە، لەوانەش بەشداریکردن لە چالاکییە کۆمەڵایەتییە خێرخوازییەکان، وەرزشکردنی بەکۆمەڵ و کۆبوونەوەی خێزانی، ئەگەری مردنیان بە رێژەی 42% کەمترە و پرۆسەی پیربوونی بایۆلۆجیی جەستەیان بە خاوترە.
پیربوونی بایۆلۆجی بریتییە لە ئاستی لاوازبوونی توانای خانە، شانە و ئەندامەکانی جەستە کە پشتنابەستێت بە تەمەنی راستەقینەی کەسەکە، بەڵکو پەیوەنیدارە بە بەرنامەی خۆراکیی رۆژانە، وەرزشکردن، جگەرەکێشان، خواردنەوەی کحول، دەروونی مرۆڤ، شێوازی خەوتن و کۆمەڵێک هۆکاری دیکە.



