ئەمڕۆ جەژنی چوارشەممەی سور و سەری ساڵی ئێزدییەکانە؛ ئەو جەژنەی نەریتەکانی ئاوێزانی سروشتن
هەساو ئەمیر
١٦ی نیسانی ٢٠٢٥
ئەمڕۆ چوارشەممەی سور و سەری ساڵی ئێزدییەکانە، کە ئەو جەژنەیە نەریتەکانی هاوشێوەی جەژنی نەورۆز ئاوێزانی سروشتن و خاک و ئاوی کوردستان لە نەریتەکانیدا رەنگی داوەتەوە.
چوارشەممەی سور یان سەری ساڵی ئێزدییەکان، ساڵانە لە سێهەم چوارشەممەی مانگی نیساندا یادی دەکەنەوە، کە ساڵ لای ئێزدییەکان بەپێی رۆژمێری خۆرهەڵاتییە.
ئێزدییەکان مانگی نیسان بە بوکی ساڵ ناو دەبەن، چونکە لایان وایە ئەو مانگە مانگی ئاوەدانی و نوێبونەوەیە، هۆکاری ئەوەی کە جەژنەکەشیان لە سێهەم چوارشەممەی مانگی نیساندا داناوە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، بەپێی بیروباوەڕی ئێزدییەکان، "مەلەک تاوس لەوکاتەدا هاتووەتە سەر زەوی".
ئێزدییەکان:
ئێزدی، یەکێکە لە ئایینە رەسەنەکانی سەر خاکی کوردستان و خاوەنی رێسا و نەریتی تایبەت بە خۆیانن. ئێزدییەکان لە ناوچە کوردییەکانی سنوری نێوان رۆژئاوا و باکور و باشوردا ژیاون، بەگشتی زۆربەیان لە باشوری کوردستان بەتایبەتی لە شێخان و شنگال دەژین. هەروەها لە بۆتان، دەربێسیە، باکوری پارێزگای حەسەکە، عەفرین لە حەلەب، ئەلەگەزی ئەرمەنستان، پارێزگای قەرس و ئەردێخانی باکوری رۆژھەڵاتی تورکیاشدا دەژین.
شەرەفخانی بەدلیسی لە شەرەفنامەدا لە ساڵی 1599ی زایینی باس لەوە دەکات، ئێزدییەکان بەسەر ناوچەکانی موسڵ و دهۆک و ئامەد و حەلەب و بۆتاندا دابەش بوون.
ئێزیدییەکان بە زمانی کوردی و شێوەزاری کرمانجی و ئەوانەشی لە دەوروبەری موسڵ و سوریا و بەعشیقەن بە عەرەبی قسەدەکەن، هەموو نوێژ و ئەرکە ئایینییەکانیان بە شێوەزاری کرمانجییە بەڵام کتێبە ئایینییەکان بە زمانی سریانی نووسراون.
یەکێکن لەو نەتەوانەی روبەڕوی زۆرترین توندوتیژی و هەوڵی لەناوبردن بوونەتەوە، لەم ساڵانەی دواییشدا تیرۆرستانی داعش چەندین گەنجیان لێ بیسەروشوێن کردن و چەندین کچی گەنجیان لێفڕاندن.
لەبارەی چوارشەممەی سورەوە دوو بیروباوەڕ هەن:
سەرجەم ئایینەکان تێڕوانینی تایبەتیان بۆ سروشت و دروستبوونی گەردون هەیە، ئەو ئایینانەشی بنەڕەتیان خاکی کوردستانە، زیاتر ئاوێزانی سروشتن.
یەکێک لە بیروباوەڕەکان لەبارەی چوارشەممەی سورەوە ئەوەیە، ئێزدییەکان پێیان وایە، "لە سێیەم چوارشەممەی مانگی نیساندا جیهانی بەستوو دەتوێتەوە و ئەفراندن دروست دەبێت و شێوەی هێلکە وەردەگرێت و خۆر زەوی رووناک و ئاوەدان دەکاتەوە، کە ئەم بۆچوونەیان ئاوێزانی رووداوە سروشتیەكانە".
بیروباوەڕی دووەمیشیان ئەوەیە، "چوارشەممە كۆتا رۆژی دروستكردنی گەردوونە".
نەریتەکانی چوارشەممەی سور:
کوڵاندن و رەنگکردنی هێلکە
کە باس لە کوڵاندن و رەنگکردنی هێلکە دەکرێت وا دەردەکەوێت کە سادە بێت، بەڵام مانایەکی زهنی قوڵ لە پشتییەوەیەتی، کە دەتوانرێت بە تەواوی رەنگدانەوەی سروشتی کوردستانی تێدا ببینرێت، ئێزدییەکان لە سەرەتای چوارشەممەی سوردا هێلکە لەگەڵ گیای تاڵیشکدا دەکوڵێنن.
گیای تاڵیشک گیایەکی خۆڕسکی بەهارەیە و تامێکی تاڵی هەیە، لە کوردستان بەکارهێنانێکی فراوانی هەیە و لەگەڵ خواردنی دیکەشدا تێکەڵ دەکرێت، سودەکانیشی بۆ جەستە پزیشکەکان بە سەرسوڕهێنەر ناوی دەبەن، ئێزدییەکانیش تاڵیشک لەگەڵ هێلکەدا تێکەڵ دەکەن بەمەبەستی ئەوەی لەکاتی کوڵاندا توێکڵەکەی رەق و بەهێزتر ببێت و درز نەبات.
لەدوای کوڵانی هێلکەکان بە حەوت رەنگی سەرەکی رەنگ دەکرێن.
ئێزدییەکان هێلکە کوڵاو و رەنگکراوەکە بە گەردون دەچوێنن، کوڵاندنی بەمەبەستی ئەوەیە هێلکەکە دۆخی شلی نەمێنێت و بچیتە دۆخی رەقییەوە و توند بێتەوە، بۆئەوەی وەک گەردون و زەردێنەکەی ناویشی وەک خۆر؛ خۆیان بنوێنن، ئەو حەوت رەنگە جیاوازەش بە مانای ئەوە دادەنێن کە گەردون رەنگاورەنگە و لە چەندین رەنگی جیاواز پێکهاتووە.
رەنگەکانیش تەنها مانای رەنگ نادەن، بەڵکو ئاڵوواڵایی و تێکەڵاوی گەردون لە چەندین پێکهاتە و بونەوەر و رووەکی جیاواز.
دواتریش، بەهیوای زیادبوونی دەغڵودان و بەپیتی خاک و بە بەرەکەتی زەوییەکانیان. توێکڵی هێلکەکان دەخەنە ناو خاکەکانیانەوە.
گوڵاڵەسورە
بەپێی بیروباوەڕی ئێزدییەکان، سەرەتای بوون بە دروستبوونی زەویی دەست پێ دەکات، دواتر ئاو، هەوا، رووەک و سەوزایی، ئاژەڵ و مێروو و باڵندەکان، لەکۆتاییشدا مرۆڤ.
ئێزدییەکان لێرەشدا خۆیان لە سروشت پێ رزگار نەکراوە و سروشت رەنگی داوەتەوە تیایاندا، گوڵاڵەسورە و بوون بەیەکەوە دەبەستنەوە و دەڵێن، ئەو گوڵاڵەسورانەی لە بەهار و نیساندا لە خاکەوە سەر دەردەکەن و دەگەشێنەوە، ئەو خوێنە سورەیە کە دەچێت بۆ هەموو شتە زیندووەکان و جەستەی مرۆڤ.
وەک نەریتێکیش کە لە کۆنەوە بۆیان ماوەتەوە، گەنجەکان گوڵاڵەسورە لە سەر و یەخەیان دەدەن و دەچنە دەشتودەر.
لە بەردەرگای ماڵەکانیش، وەک خواستنێک بۆ زیادبوونی رسق و رووتێکردنی خێر و خۆشی و ئاشتی، لەسەر پارچەیەک قوڕ "کە قوڕ لە خاکەوە بەرهەم دێت"، توێکڵی هێلکە رەنگکراوەکان و گوڵاڵەسورەی لەسەر دادەنێن و هەڵی دەواسن.
پەرستگەی لالش
لالش پەرستگەی تایبەتی ئێزدییەکانە کە بە پیرۆسترین پەرستگای کوردە ئێزدییەکان ناوی دەبەن، یەکێکە لە پەرستگە دێرینەکانی جیهان، لە دۆڵێکی نیمچەسەختدا 12 کیلۆمەتر لە باکوری رۆژئاوای قەزای شێخانەوە دوورە.
ساڵانە لە چوارشەممەی سوردا بەشێکی ئێزدییەکانی دەرەوەی هەرێمیش دەگەڕێنەوە و سەردانی لالش دەکەن.
ژنان لای ئێزدییەکان و ئەنجومەنی روناهی لە لالش
بە گشتیی لە کۆنەوە بەپێی گێڕانەوە و تۆمارە مێژووییەکان، ژن پێگەی گرنگی خۆی هەبووە لەناو کورددا و گەلێک سەرکردەوە و فەرمانڕەوا و پاڵەوانی ژن هەبوون، بەپێی سەردەمەکانیش ژنان لە سەرجەم کایە و بوارەکاندا رۆڵی سەرەکییان گێڕاوە و ژن وەک مانایەکی بوون و بەردەوامی ژنان لەلای کورد پیرۆزی خۆی هەبووە، ئێزدییەکانیش لەو بیرکردنەوەیە بەدەر نین و ژنان سەنگ و جوانی خۆیان هەیە.
ئەنجومەنی روناهی لە لالش پێشوازی لە سەردانیکاران دەکەن، کە ئەنجومەنەکە لە ژن پێکدێن. لەو رۆژەدا ژنان دەچنە ناوچەی پیرۆزەوە لە لاش و بە ئاوی تایبەت کەسەکانیان پیرۆز دەکەن، بە ئومێدی پاکبوونەوە و هەڵدانەوەی پەڕەی نوێ، پاککردنەوەی دڵ و دەروون و دەستپێکی نوێ.
لەم چەند ساڵەی کۆتاییشدا بەتایبەت تر ئەو گەنجانەی کە لەدەست تیرۆرستانی داعش رزگار کراون زیاتر ئەو نەریتە پەیڕەو دەکەن، بەهیوای ئەوەی لەروی دەرونییەوە ئارام ببنەوە و وەک هێمایەک بۆ سەرەتایەکی نوێ بیبینن و دەست بکەنەوە بە ژیان و چونەوە ناو خەڵک بە دڵودەرونێکی جێگیرەوە.