دوای 22 ساڵ تەمەن، ئەمڕۆ تۆڕی پەیوەندییەکانی skype بۆ هەمیشە ماڵئاوایی لە بەکارهێنەرانی دەکات و لەبری ئەوە کۆمپانیای مایکرۆسۆفت رایگەیاندووە، microfost teams شوێنی دەگرێتەوە.

Skype ئەو تۆڕەی کەم کەس هەیە یادگاریی لەگەڵیدا نەبێت و لەو رێگایەوە قسەی لەگەڵ ئازیزێکیدا نەکردبێت، یان چاوپێکەوتنێکی کاری پێ ئەنجام نەدابێت، ئێستاش دوای 22 ساڵ ئەمڕۆ 5ی ئایار، بە تەواوی کۆمپانیای مایکرۆسۆفت تۆڕەکە دادەخات.

کۆمپانیای مایکرۆسۆفت رایگەیاندووە، لەبری سکایپ، دەتوانن هەژماری تایبەتی لە MICROSOFT TEAMS بکەنەوە و سەرجەم زانیاریی و پێویستییەکانتان راستەوخۆ لە سکایپەوە بگوازنەوە سەری.

Skype لە 29ی ئابی ساڵی 2003، لەلایەن سکاندیناڤیاس نیکلاس زێنسترۆم و جانوس فریس ئیستۆنیاوە دامەزراوە، کە بۆ ئەو قۆناغە وەک شۆڕشێک لە سیستمی پەیوەندیدا دادەنرا، کە بە تێچوویەکی کەم لەرێگای کۆمپیوتەرەکانەوە پەیوەندی ئەنجام دەدرا، تاوەکو لەگەڵ پێشکەوتنی ئینتەرنێت و زیادبوونی خێراییەکەیدا، سکایپیش زیاتر پێشکەوت و خزمەتگوزارییەکانی فراوانکرد بۆ پەیوەندی ڤیدیۆیی، ئەوە جگە لە نامە و ناردنی فایل و پەیوەندیکردن بە گروپ.