ڤیدیۆ.. پەڕەشوتەوانێک لەکاتی فڕیندا بە ئاستەم لە مردن رزگاری دەبێت
هەساو ئەمیر
٣٠ی ئایاری ٢٠٢٥
پەڕەشوتەوانێکی چینی بە ئاستەم لەکاتی فڕیندا لە مردن رزگاری دەبێت، لەکاتێکدا کە تەوژمی هەوایەکی بەهێز بەرەو زیاتر لە هەشت هەزار مەتر بەرزی دەکاتەوە.
پەڕەشوتەوانەکە ڤیدیۆی ئەو کامێرانەی بڵاوکردووەتەوە کە لەکاتی فڕیندا لەسەر جەستەی جێگیری کردون، دوای ئەوەی تەوژمە بەهێزەکە بەرزی دەکاتەوە رێژەی ئۆکسجین بە تەواوی کەمدەبێتەوە و نزیکە لەوەی گیان لەدەست بدات.
گەیشتووەتە بەرزی نزیکەی نۆ کیلۆمەتر
پێنگ یوجیانگ ئەو پەڕەشوتەوانەیە کە روداوەکەی بەسەردا هاتووە، لەکاتێکدا بە مەبەستی فڕین چووەتە شاخی کیولیان، تەنها لەماوەی یەک خولەکدا تەوژمێکی هەوای بەهێز بەرەو بەرزی هەشت هەزار و 500 مەتر هەڵی دەفڕێنێت و رێژەی ئۆکسجین نزیک دەبێتەوە لە سفر.
وەک لە گرتەڤیدیۆییەکەدا دەردەکەوێت، پێنگ تاوەکو لە تەوژمە هەواکە رزگاری دەبێت، نزیکە لەوەی بهێۆش ببێت و بەهۆی نزمی پلەکانی گەرماوە دەموچاو و جەستەی نزیک دەبنەوە لە بەستن و سەهۆڵ دایپۆشیوە.
زۆر ترسناک بوو، نامدەزانی بۆ کوێ بڕۆم!
لەدوای رزگاربوونی پێنگ یوجیانگ بۆ کەناڵی تەلەفزیۆنی ناوەندیی چینی باسی لەوەکردووە: پشتێنێکی نوێی تایبەت بە فڕینم کڕیبوو و دەمویست ئەوە تاقی بکەمەوە، بەڵام لەناکاو بەهۆی بەرکەوتن بە تەوژمێکی هەواوە هەستم بە لەرزین کرد، هەوڵم دا بەخێرایی بنیشمەوە، بەڵام تەوژمەکە بەسەرمدا زاڵ بوو و لەگەڵ خۆیدا بردمی.
دەشڵێت، "بە هەورەکان دەورە درابووم، بەراستی ترسناک بوو، هەموو شتەکانی چواردەورم تەنها سپی بوون، ئەگەر رووگەنوێن 'قیبلەنوماکە'م پێنەبووایە نەمدەزانی بەرەو کوێ بڕۆم".
ئاماژەی بەوەشکردووە، کاتێک ئامێرەکەی بینیوە کە گەیشتووەتە بەرزی نزیکەی 9 کیلۆمەتر، سەری سوڕماوە، وتووشیەتی: پێموایە بۆ ماوەیەکی کەم لەوکاتەدا بێهۆش بووبم.
پێنگ یوجیانگ یەکێکە لە پەڕەشوتەوانە بەتواناکانی وڵاتی چین و بەردەوام گەشت بە پەڕەشوتەکەی دەکات. لەگەڵ ئەوانەشدا بەڵام ئەگەرچی یاریزانان چەند پرۆفیشناڵ بن لە بوارەکەیاندا، هێشتا ناتوانن لە هەندێک کاتدا خۆیان لە سروشت و رووداوە سروشتییەکان لابدەن.
A freak updraft over the Qinghai-Tibetan Plateau lifted Chinese Paraglider Peng Yujiang nearly nine kilometers in minutes — and the entire flight was caught on camera.
— Sixth Tone (@SixthTone) May 28, 2025
Screenshots from Peng’s GPS flight tracker show he took off at 12:19 p.m. from the Qilian Mountains, an area… pic.twitter.com/ov4Ld5ARx1