ناوی فڕۆکەخانەی سلێمانی گۆڕدرا بۆ "فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی جەلال تاڵەبانی"
راهۆز
٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥
ئەمڕۆ هەینی، نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق بڵاویکردەوە کە محەمەد شەیاع سودانی، فەرمانێکی دەرکردووە بۆ گۆڕینی ناوی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، ناوی فڕۆکەخانەکە بە رەسمی گۆڕدراوە بۆ "فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی جەلال تاڵەبانی".
ئەم بڕیارە لەسەر بنەمای داواکارییەک دێت کە پێشتر لەلایەن "دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی"ـیەوە پێشکەشی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران کرابوو.
نووسینگەی سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئەم فەرمانە وەک پێزانینێک بۆ رۆڵی مێژوویی سەرۆکی کۆچکردوو و خەباتی درێژخایەنی دژ بە دەسەڵاتی دیکتاتۆری دێت".
شایەنی باسە، ئەم بڕیارە هاوکاتە لەگەڵ هەشتەمین ساڵیادی کۆچی دوایی سەرۆک مام جەلال، یەکەم سەرۆک کۆماری هەڵبژێردراوی عیراق لە دوای پرۆسەی ئازادییەوە.



