عیراق قەرزی درێژخایەن دەداتە گەنجان و بڕەکەی تا 50 ملیۆن دینارە
١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥
وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی عێراق رایگەیاند؛ دەستیانکردوە بە پێدانی قەرزی درێژ خایەن بە گەنجان و بڕەکەشی 50 ملیۆن دینارە، ئاماژەیان بەوەشکردوە مەبەستیان لەو پڕۆژەیە پاڵپشتیکردنی پڕۆژەکانی گەنجان و کەمکردنەوەی هەژاریە لە وڵاتدا.
ئەمڕۆ چوارشەممە، حەسەن خەوام، وتەبێژی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتیی عیراق رایگەیاندوە؛ وەزارەتەکەیان قەرزی درێژخایەنی راگەیەنداوە و سێ جۆرە؛ لە 20 ملیۆنەوە دەست پێدەکات تا 50 ملیۆن دینار، ئاماژەی بەوەشکردوە؛ ئەم قەرزانە هۆکارێكی باشن لە پاڵپشتیکردنی گەنجان بۆ ئەوەی بتوانن ببنە خاوەن کاری خۆیان.
لە بەشێکی دیکەی پڕۆژەکەدا؛ وەزارەتەکە قەرزی ستراتیژیش پێشکەش دەکات بۆ کەمکردنەوەی هەژاری کە بڕەکەی کەمترە لە 10 ملیۆن دینار و بۆ دەستپێکردنی کارە بچووکەکانە، بە وتەی ناوبراو زیاتر لە 13 هەزار گەنج سودمەند بون لە پڕۆژەکەیان.
وتەبێژەکەی وەزارەتی کاروکاروباری کۆمەڵایەتی، راشیگەیاندوە؛ ئەم ڕێوشوێنانە هۆکاربون بۆ کەمکردنەوەی ڕێژەی بێکاری لە 16.5٪ بۆ نزیکەی لەسەدا ٪14، هەوڵیش دەدەن ئەو رێژەیە بۆ خواری ٪10 کەمبکەنەوە.
حەسەن خەوام دەشڵێت؛ دوو پلاتفۆرمیان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی بێکاری دەرچووان خستووەتە کار، یەکەمیان پلاتفۆرمی "پیشەکان"ـە، کە ڕێگە بە بێکاران دەدات ناویان تۆمار بکەن و لە ناوەندەکانی ڕاهێنان لە پارێزگاکاندا و لە ژێڕ چاودێری وەزارەتەکەیاندا، پلاتفۆڕمی دووەمیش بەناوی "گەرەنتی" کە کرێکارانی کەرتی تایبەت لەخۆدەگرێت بۆ پاراستنی ئاسایشی کۆمەڵایەتییان، بەم شێوەیە هەوڵی نەهێشتنی رێگای گەندەڵی و نەفەوتتانی مافەکانیان دەدەن.



