یەکەم کەشتیی نەوتی هەرێمی کوردستان لە بەندەری جەیهانەوە رەوانەی بازاڕەکانی جیهان کرا
راهۆز
٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥
عیراق دەست بە هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان دەکات لەژێر میکانیزمێکی شەفاف و سەرپەرشتیی سۆمۆدا
کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عیراق (سۆمۆ)، ئەمڕۆ پێنجشەممە، دەستپێکردنی هەناردەکردنی نەوتی خاوی کێڵگەکانی هەرێمی کوردستانی راگەیاند و ئاشکرای کرد، یەکەمین کەشتیی هەڵگری نەوتی هەرێمی کوردستان لە بەندەری جەیهان فرۆشرا بە بازاڕەکانی جیهان و ئەم هەنگاوەشی بە "چارەنووسساز" وەسفکرادووە بۆ بەهێزکردنی یەکڕیزی لە بەڕێوەبردنی سامانە نیشتمانییەکان.
بەپێی راگەیەندراوێکی سۆمۆ، یەکەمین کاروانی هەناردەکردن لە رێگەی کەشتیی نەوتهەڵگری "Vallesina"ـەوە ئەنجامدراوە. پرۆسەکە بەپێی ئەو میکانیزمانەی کە پەسەندکراون و لە چوارچێوەی ئەو شەفافیەتەی حکومەتی فیدراڵی پەیڕەوی دەکات، بەڕێوەچووە بۆ مسۆگەرکردنی بەرزترین ئاستی چاودێریی دارایی و کارگێڕی.
کۆمپانیاکە جەختی کردووەتەوە کە تیمە پسپۆڕەکانیان، بە هەماهەنگی لەگەڵ کارمەندانی کۆمپانیای نەوتی باکور، راستەوخۆ سەرپەرشتیی قۆناغەکانی بارکردنیان لە بەندەری جەیهانی تورکیا کردووە، بۆ دڵنیابوون لە ئاسانکاریی رێکارەکان و جێبەجێکردنی ستانداردە تەکنیکییە جیهانییەکان.
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا، سۆمۆ ئاماژەی بەوەشکردووە کە ئەم هەنگاوە پابەندبوونی دەوڵەت نیشان دەدات بۆ یەکخستنی هەوڵە نیشتمانییەکان لە بەڕێوەبردنی کەرتی وزەدا، هەروەها بەهێزکردنی پێگەی عیراق وەک سەرچاوەیەکی متمانەپێکراو لە بازاڕە جیهانییەکاندا.



