محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراق تاوتوێی بەرهەمهێنانی وزەی خۆر لەگەڵ ئیمارات دەكات.

بەپێی راگەیەنراوێكی نوسینگەكەی، سودانی لە ئەبوزەبی لەگەڵ سوڵتان ئەحمەد جابر وەزیری پیشەسازی و تەكنەلۆژیای پێشكەوتووی ئیمارات كۆبوەتەوە و لە كۆبونەوەكەدا هاوكارییەكانی نێوان ئیمارات و عیراق لە بواری وزە و پترۆكیمیایی تاوتوێ كراوە بە ئامانج بەدیهێنانی پێشكەوتن لە بەرژوەندییە هاوبەشەكانی نێوان هەردوو وڵات، هەروەها هەنگاوە پێویستەكان بۆ دەستپێكردنی كارەكانی كۆمپانیای مەسدەری ئیمارات بۆ بەرهەمهێنانی هەزار مێگاوات كارەبا لە وزەی خۆر لە عیراق تاوتوێكراوە.

لەو كۆبونەوەیەدا سەرۆك وەزیرانی عیراق هەوڵەكانی حكومەتەكەی دوپاتكردوەتەوە بۆ هاوكاریی جددی لەگەڵ هاوبەشە هەرێمیی و نێودەوڵەتییەكان بۆ گەشەپێدانی كەرتی وزە لە عیراق و دۆزینەی كۆمپانیا كاریگەرەكان بۆ گەشەپێدانی پیشەسازی پرۆكیمیایی لە وڵاتـەكەدا  .