خانمی یەکەمی عیراق بەشداری لە کردنەوەی یەکەمین کۆنفرانسی زانستی نێودەوڵەتی سەرۆک تاڵەبانی دەکات
٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥
بە ئامادەبوونی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد خانمی یەکەمی عیراق و بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رۆژی هەینی 3-10-2025، یەکەمین کۆنفرانسی زانستی نێودەوڵەتی سەرۆک تاڵەبانی لە زانکۆی سلێمانی بەڕێوەچوو.
لە دانیشتنی دەستپێکی کۆنفرانسەکەدا بە ئامادەبوونی موحسین مەندەلاوی جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عیراق و د. حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیری پێشوتری عیراق و ژمارەیەک کەسایەتی تری سیاسی و دیپلۆماسی و حزبی بەڕێوەچوو، د. کامیل دولەیمی سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی کۆمار وتارێکی بەناوی سەرۆکایەتی کۆمارەوە پێشکەش کرد، جەختیکردەوە کە جەلال تاڵەبانی سەرۆکی کۆچکردوو، باوکێکی میهرەبان و دادپەروەر بووە بۆ هەموو عیراق، پاڵپشتی و پشتیوانیان بووە، هاوکات ستایشی ژیری کرد، کە وای کرد گڕی ململانێکان بکوژێنێتەوە و بۆ عیراقییەکان بسەلمێنێت کە یەکێتیی نیشتمانیی تاکە رێگەیە بۆ پێشکەوتن.
دولەیمی سەرۆک مام جەلالی بە سەرکردە و دەنگێک وەسف کرد کە زمانی دیالۆگ و دانوستانی وەک بنەمایەکی بنەڕەتی لە باوەش گرتووە. ئەو کۆچکردووی بە میراتێکی حیکمەت و هاوسەنگی و ئەزموونێکی راستەقینەی سەرۆکایەتی و قوتابخانەی ئیمان وەسف کرد.
دواتر قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان وتارێکی بەناوی بنەماڵەی سەرۆکی کۆچکردوو پێشکەش کرد، تیشکی خستە سەر سەرنجەکانی سەرۆک مام جەلال لە بواری پەروەردە و گەشەپێدان و داهێنان و هەروەها هەوڵەکانی بۆ گەشەسەندنی سلێمانی و زانکۆی سلێمانی. هەروەها ستایشی ئەو رۆڵەی کرد کە خاتوو هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد لە پاڵپشتیکردنی سەرۆک جەلال تاڵەبانی بە درێژایی ساڵانی خەباتی گێڕاویەتی.
هەروەها لە کۆنفرانسەکەدا وتاری دیکەی ئامادەبووان پێشکەشکرا کە ستایشی رۆڵی سەرەکیی سەرۆک کۆماری کۆچکردوو مام جەلالیان کرد لە بەهێزکردنی یەکڕیزی نیشتمانی عیراق و چەسپاندنی پرەنسیپی هاووڵاتیبوون لە نێو هەموو عیراقییەکان.













