باڵیۆزخانەی عیراق لە لیبیا گەڕاندنەوەی زیاتر لە 40 كۆچبەری عیراقی لەو وڵاتەكە راگەیاند و هۆشداریش دەدات لە بەردەوامی فریودانی گەنجانی عیراقی لە لیبیا.

ئەحمەد سەحاف لێپرسراوی كاروباری باڵیۆزخانەی عیراق لە تەرابلوسی پایتەختی لیبیا بە ئاژانسی هەواڵی عیراقی راگەیاند، لە چوارچێوەی بەردەوامی هەوڵەكانی باڵیۆزخانەكە بۆ چارەسەركردنی پرسی كۆچبەرانی عیراقی لە لیبیا، توانیویانە 41 گەنجی تر بگەڕێننەوە، بەو شێوەیەش تائێستا 68 كۆچبەریان گەڕاندووەتوە بۆ عیراق.

سەحاف هۆشداریشیدا، تۆڕەكانی بازرگانیكردن بە مرۆڤ و قاچاخچێتی بەردەوامن لە فریودانی گەنجانی عیراقی و تەڵەدانان بۆیان، بەپێویستیشی دەزانن هەڵمەتەكانی هۆشیاركردنەوەی خەڵك لەبارەی مامەڵە نەكردن لەگەڵ ئەو تۆڕانە چڕتر بكرێتەوە.

وتیشی، كۆچی نایاسایی پرسێكی مرۆیی و نیشتمانییە نەك سیاسی یان هەڵبژاردن، بەو هۆكارەش باڵیۆزخانەی عیراق سەرەڕای دژواری رەوشەكە، بەردەوامە لە هەماهەنگی لەگەڵ دەسەڵاتە رەسمییەكانی تەرابلوس بۆ پاڵپشتیكردن لە گەڕانەوەی كۆچبەران.