سەرۆک کۆمار، د. لەتیف رەشید، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە بەغداد پێشوازی لە سەید عەممار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانی کرد و لەگەڵیدا کۆبووەوە.

بەپێی راگەیەندراوێکی سەرۆکایەتیی کۆمار، لە دیدارەکەدا گفتوگۆ لەبارەی پێشهاتە گشتییەکانی وڵات، بەتایبەتی رەوشی سیاسی، ئەمنی و ئابووری کرا. سەرۆک کۆمار جەختی لە گرنگیی بەهێزکردنی دیالۆگ لەنێوان هێزە نیشتمانییەکان کردەوە بەمەبەستی پاراستنی سەقامگیریی وڵات و بەدیهێنانی خواستی گەلی عیراق.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا، باس لە ئامادەکارییەکان بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عیراق کرا. لەمبارەیەوە، سەرۆک کۆمار پێویستیی دەستەبەرکردنی پرۆسەیەکی سەرکەوتووی هەڵبژاردن و رەخساندنی کەشێکی گونجاوی دووپاتکردەوە و پشتیوانیی سەرۆکایەتیی کۆماری بۆ هەموو هەوڵێک نیشاندا کە ئامانج لێی سازکردنی هەڵبژاردنێکی ئازاد و شەفاف بێت.

لای خۆیەوە، سەید عەممار حەکیم رۆڵی سەرۆک کۆماری لە پێشخستنی گفتوگۆی نیشتمانی بەرز نرخاند و جەختی لە گرنگیی هەوڵەکان کردەوە بۆ تێپەڕاندنی ئاستەنگەکانی ئێستا و ئەنجامدانی چاکسازیی پێویست.