د. لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عیراق لە رێوڕەسمی یادکردنەوەی بیست و سێیەمین ساڵیادی شەهیدبوونی ئایەتوڵڵا سەید محەمەد باقر ئەلحەکیم و یادکردنەوەی رۆژی شەهیدانی عیراق رایگەیاند، وڵات قۆناغە سەختەکانی تێپەڕاندووە و لە ئێستادا ئەرکە لەسەر هەمووان پابەندی کاتە دەستورییەکان بن بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی گشتگیر.

سەرۆک کۆمار لە پەیامێکدا رایگەیاند: "یادی ئازاربەخشی شەهیدبوونی ئایەتوڵڵا محەمەد باقر حەکیم دەکەینەوە، کە سیمبولێکی گەورەی ئاینی و نیشتمانی بوو لە خەباتکردن دژی دیکتاتۆرییەت". ئاماژەی بەوەشکرد، گواستنەوەی چیرۆکی پاڵەوانێتی و قوربانییەکانی شەهیدان و زانایان بۆ نەوەی داهاتوو، بەرپرسیارێتییەکی نیشتمانی و ئەخلاقییە.

سەبارەت بە دۆخی سیاسی و ئەمنی، سەرۆک کۆمار جەختی کردەوە کە عیراق دوای ساڵانێک لە توندوتیژی و تیرۆر و پێشتریش سەردەمی دیکتاتۆری، قۆناغە سەختەکانی تێپەڕاندووە و گەیشتووەتە دۆخی سەقامگیری و ئارامی، بۆیە پێویستە هەمووان کار بۆ پاراستنی ئەو دەستکەوتە بکەن.

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا د.لەتیف رەشید وتی: "گەلەکەمان هەڵبژاردنێکی پەرلەمانیی سەرکەوتووی ئەنجامدا و پابەندبوونی خۆیان بە دیموکراسییەوە دووپاتکردەوە، ئێستاش لەبەردەم قۆناغێکی یەکلاکەرەوەداین بۆ پێکهێنانی دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردن".

سەرۆک کۆمار داواشی کرد هەمووان پابەندی کاتە دەستورییەکان بن و هەوڵەکان یەکبخەن، تاوەکو حکومەتێک پێکبهێندرێت نوێنەرایەتی سەرجەم عیراقییەکان بکات، چونکە چەسپاندنی پرۆسەی دیموکراسی ئەرکێکی نیشتمانییە.