وەزارەتی تەندروستی عیراق فۆڕمی دامەزراندنی بۆ دەرچووانی چەند بەشێكی پزیشكی و تەكنیكی كارا كرد و دامەزراندنەكە هەرێمی كوردستانیش دەگرێتەوە.

وەزارەتی تەندروستی عیراق بڵاویكردەوە، لەسەر بڕیار و راسپاردەی ساڵح مەهدی وەزیری تەندروستی، فەرمانگەی پلاندانان و پەرەپێدانی سەرچاوەكان سەر بە وەزارەتی تەندروستی، فۆڕمی دامەزراندنی بۆ دەرچووانی زانكۆكانی هەرێمی كوردستان و دەرەوەی عیراق كارا كردووە.

ئەوەشی خستووەتەڕو، دامەزراندنەكە بۆ پسپۆڕییەكانی  پزیشكی ددان و دەرمانسازی و كۆلێژە تەكنیكییەكان، لەگەڵ پەیمانگا پزیشكی و تەندروستی و تەكنیكییەكان بۆ ساڵی خوێندنی 2023-2024 دەبێت.

وەزارەتی تەندروستی دەشڵێت، فۆڕمی دامەزراندنەكە بۆ ماوەی یەك مانگ  كارا دەبێت و خوازیارانی دامەزراندنەكە دەتوانن فۆڕمی دامەزراندنەكە بەشێوەی ئۆنڵاین لە ماڵپەڕی وەزارەتی تەندروستی عیراق پڕبكەنەوە،

راشیگەیاندووە، دامەزراندنەكە لە دوای پەسەندكردنی خشتەی بودجە لەلایەن وەزارەتی دارایی عیراق دەستپێدەكات و لەسەر بنەمای پێداویستی وەزارەتەكەیان دەبێت.