ئەنجومەنی پیرانی ئەمریكا بڕیاری بەکارهێنانی هێزی دژی عیراق هەڵوەشاندەوە
راهۆز
١٧ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٥
ئەنجومەنی پیرانی ئەمریكا بودجەی بەرگریی وڵاتەکەی بە بڕی 901 ملیار دۆلار پەسەند کرد و رەوانەی بەردەم دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی وڵاتەکەی کرد بۆ ئیمزاکردن؛ لەناو یاساکەدا بڕگەیەک جێگیرکراوە کە کۆتایی بە "دەسەڵاتی بەکارهێنانی هێز" دژی عیراق دەهێنێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەنجومەنی پیران بە زۆرینەی 77 دەنگی بەڵێ بەرامبەر 20 دەنگی نەخێر، بودجەی ساڵانەی بەرگری (NDAA)ـی پەسەند کرد. یەکێک لە گرنگترین بڕگەکانی یاساکە، هەڵوەشاندنەوەی فەرمیی "رێگەپێدانی بەکارهێنانی هێزی سەربازی (AUMF)"ـە، کە لە ساڵانی 1991 و 2002 بۆ جەنگی کەنداو و پرۆسەی ئازادیی عیراق بە حکومەتی ئەمریكا درابوو.
وەزارەتی دەرەوەی عیراق لە راگەیەندراوێکدا پێشوازی لە بڕیارەکە کرد و بە "هەنگاوێکی مێژوویی" وەسفی کرد، ئاماژەی بەوەشکردووە: "ئەم بڕیارە خاڵێکی وەرچەرخانە لە سروشتی پەیوەندیی یاسایی نێوان هەردوو وڵات و چاوەڕوانین سەرۆک ترەمپ یاساکە ئیمزا بکات".



