دکتۆر لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عیراق، مەرسومی کۆماری بۆ بانگهێشتکردنی ئەنجومەنی نوێنەران دەرکرد بۆ ئەنجامدانی یەکەم دانیشتنی خولی شەشەم.

بەپێی مەرسومەکە کە ژمارە (54)ی لەسەرە و ئەمڕۆ 16ی کانونی یەکەم ئیمزای سەرۆک کۆماری لەسەر کراوە، بڕیاردراوە رۆژی دووشەممە، رێکەوتی 29ـی 12ـی 2025، یەکەم دانیشتنی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی هەڵبژێردراو بەڕێوەبچێت.

لە مەرسومەکەدا هاتووە، ئەم بڕیارە پاڵپشت بە مادەی (54) و بڕگەی چوارەم لە مادەی (73)ی دەستور و دوای پەسەندکردنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکان لەلایەن دادگای باڵای ئیتیحادییەوە دەرکراوە.

هەر بەپێی دەقی مەرسومەکە، دانیشتنەکە بە سەرۆکایەتی بەتەمەنترین ئەندامی ئەنجومەن بەڕێوەدەچێت و فەرمانەکە لە رۆژی دەرچوونیەوە جێبەجێ دەکرێت و لە رۆژنامەی رەسمی بڵاودەکرێتەوە.