دوای 30 ساڵ كۆنگرێسی ئەمریكا مۆڵەتی رێگەپێدانی بەكارهێنانی هێزی سەربازی دژی عیراق  هەڵوەشاندەوە و وەزارەتی دەرەوەش پێشوازی لێدەكات.

وەزارەتی دەرەوەی عیراق لە راگەیەنراوێكدا، پێشوازیان لە دەنگە مێژووییەكەی كۆنگرێسی ئەمریكا كردوە، لە هەردوو ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی پیران، بۆ هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتەكانی ساڵی 1991 و 2002 بۆ رێگەپێدانی بەكارهێنانی هێزی سەربازی دژی عیراق.

هەر لە راگەیەنراوەكەدا هاتووە، بەوپەڕی پەرۆشیەوە چاوەڕوانی ئەوە دەكەن ، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا ئیمزای لەسەر ئەو هەڵوەشاندنەوەیە بكات و بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە.

ئاماژە بەوەشكراوە، هەڵوەشاندنەوەی ئەو مۆڵەتانە كە ماوەی 30 ساڵە بەردەوامە، ئاماژەیە بۆ گۆڕینی كۆمەڵێك سیاسەتی یاسایی ناوخۆیی و دەرەوەی وڵاتەكەیان، هەروەها وەرچەرخانێكی بنەڕەتی دەبێت لە گۆڕینی پەیوەندیە یاسایەكانی نێوان هەردوو وڵات.

رۆژی چوارشەممە  ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریكا بە زۆرینەی  دەنگی بودجەی ساڵانەی بەرگریی وڵاتەكەی پەسند كرد، رەوانەی سەرۆكی ئەمریكای كرد بۆ ئیمزاكردنی، لە گرنگترین خاڵەكانی ناو پرۆژەیاساكەش هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتی رێگەپێدانی بەكارهێنانی هێزی سەربازیە دژی عیراق.