دادگای باڵای فیدڕاڵی عیراق بۆ تاوتوێكردنی چەند سكاڵایەك كۆدەبێتەوە كە بەشێكیان پەیوەندییان بە هەرێمی كوردستانەوە هەیە.
بڕیارە رۆژی سێشەممەی داهاتوو دادگای باڵای فیدڕاڵی عیراق كۆببێتەوە بۆ تاوتوێكردنی چەند سكاڵایەك، بەپێی خشتەی دانیشتەكانیش چوار سكاڵا پەیوەندییان بە هەرێمی كوردستانەوە هەیە، ئەوانیش لابردنی مەرجەكانی فرەژنی، یاسای باری كەسێتی كە لە پەرلەمانی كوردستان هەمواركراوەتەوە.
لەلایەکی دیکەوە، هەڵوەشاندنەوەی وەزارەتەكانی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراون و ئەوقاف كاروباری ئایینی هەرێم یەکێکی دیکەیە لە سکاڵاکان، کە بەبیانوی ئەوەی لە عیراق لەبری وەزارەتی شەهیدان دەزگای شەهیدان هەیە، لەبری وەزارەتی ئەوقافیش دیوانی وەقفی سوننە و شیعە هەیە.
هەر بەپێی خشتەی دانیشتنەكانی دادگای باڵای فیدراڵی، سكاڵایەكی تر تایبەتە بە رێنماییەكانی پێبژاردنی هاتوچۆ و رسوماتی مەرجی توندوتۆڵی، كە سكاڵاكە لەسەر سەرۆكی حكومەتی هەرێم و وەزیری ناوخۆ تۆماركراوە، لەو سكاڵایەدا داوا كراوە سەرپشككردنی وەزیری ناوخۆ بە زیادكردن یان كەمكردنەوەی رسومات و پێبژاردنی هاتوچۆ بە نادەستووری بناسێنرێت.
سەرۆک کۆماری عیراق لەگەڵ شای ئوردن دۆسیەی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و هەوڵەکان بۆ بەرەوپێشبردنی ئاسایش و سەقامگیری لەناوچەکه تاوتوێکرد
ئەمڕۆ د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق لەگەڵ شا عەبدوڵڵای دووەم بن ئەلحوسێن شای ئوردن گفتوگۆی کرد لەسەر ئەو هەوڵانەی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی گرژییەکان لە ناوچەکە و سەقامگیرکردنی ناوچەکە ئەنجام دراوە.
لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا د.لەتیف رەشید و شای ئوردن پشتیوانی پتەوی خۆیان بۆ مافی گەلی فەلەستین بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆ لەسەر بنەمای بڕیارەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان و یاسا نێودەوڵەتییەکان دووپاتکردەوە، کە ئەمەش بنەمایەکە بۆ بەدیهێنانی ئاشتییەکی دادپەروەرانە و گشتگیر لە ناوچەکەدا.
لەگفتوگۆکەیاندا پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات و گرنگی هەماهەنگی هاوبەشیان تاوتوێکرد، بەشێوەیەک کە یارمەتیدەر بێت بۆ بەدیهێنانی بەرژەوەندییە باڵاکان و قوڵکردنەوەی هاوکاری نێوانیان.
د.لەتیف جەمال ڕەشید، سەرۆک کۆماری عیراق پێشوازی لە شاندێکی زانکۆی کۆیە کرد بە سەرۆکایەتیی د.محەمەد حەسیب صدیق سەرۆکی زانکۆ و جەختیکردەوە لە پاڵپشتی بۆ هەموو هەوڵێک کە پێداویستی پرۆفیسۆر و وانەبێژ و خوێندکاران دابین بکات.
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا کە ئەمڕۆ لە کۆشکی بەغداد بەڕێوەچو، سەرۆک کۆمار پیرۆزبایی لە شاندی میوان کرد بە بۆنەی بەدەستهێنانی دەستکەوتێکی زانستی بەرز لە بواری ئەکادیمیا بۆ ساڵی 2024 و ستایشی ڕۆڵی کارگێڕی و ستافی وانەوتنەوەیکرد لە پەرەپێدانی توانا و ئاستی زانکۆکە.
لای خۆیەوە سەرۆک کۆمار ئاماژەی بە گرنگی کاراکردنی هەماهەنگی نێوان زانکۆکانی عیراق و هاوتاکانیان و پەرەپێدانی میکانیزمی پەیوەندیکردن و ئاڵوگۆڕی شارەزایی و هاوبەشی نێوان خۆیان و وڵاتانی پێشکەوتوو، جەختیکردەوە لە پاڵپشتی بۆ هەموو هەوڵێک کە پێداویستی پرۆفیسۆر و وانەبێژ و خوێندکاران دابین بکات و نەهێشتنی ئاستەنگ و کێشەی بەردەمیان.
لە بەرامبەردا ئەندامانی وەفدەکە باسێکی گشتگیریان سەبارەت بە پلان و بەرنامە و پڕۆژەکانی پەرەپێدانی زانکۆکە پێشکەش کرد و سوپاس و پێزانینی خۆیان بۆ ڕێنماییەکانی سەرۆک کۆمار و گرنگیدانی بە بواری پەروەردە دەربڕی.
سەرۆك كۆماری عیراق رایدەگەیەنێت، پەیوەندی بەغداد لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و جیهان لە ئاستێكی زۆر باشدایە.
د. لەتیف رەشید سەرۆك كۆماری عیراق لە كۆشكی بەغداد پێشوازی كرد لە محەمەد جەواد زەریف جێگری سەرۆكی ئێران بۆ كاروباری ستراتیژی كرد و لە كۆبوونەوەیەكدا تاوتوێی پەیوەندی هەردوو وڵات و بەرژەوەندییە هاوبەشەكانیان كرد.
جەواد زەریف سڵاو و رێزی مەسعود پزیشكیان سەرۆك كۆماری ئێرانی گەیاندە سەرۆك كۆمار و جەختی لە پەرۆشی پتەوكردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵات كردەوە كە خزمەت بە بەرژەوەندییە هاوبەشەكان بكات.
باسی لە پەیوەندیە دوو قوڵەكانی عیراق و ئێران كرد و پاڵپشتی بۆ عیراق دەربڕی بۆ پاراستنی ئاسایش و سەروەریەكەی.
لە كۆبونەوەكەدا سەرۆك كۆمار رایگەیاند، كە عیراق پەیوەندەی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و جیهاندا باشە و هەوڵی بەدیهێنانی ئاشتی دەدات لە ناوچەكدا.
سەرۆککۆماری عیراق د.لەتیف جەمال ڕەشید، ئەمڕۆ چوارشەممە لەگەڵ سەید عەمار حەکیم سەرۆکی ڕەوتی حیکمەی نیشتمانی کۆبووەوە و بارودۆخی گشتی وڵات و پێشهاتە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکانیان تاوتووێکرد.
لە میانی دیدارەکەدا جەخت لە پاراستنی سەروەری خاکی عیراق کرایەوە لە ناو گۆڕانکارییە ناوچەیی و ئەو ئاڵەنگارییە نێودەوڵەتییانەی کە ڕووبەڕووی وڵات دەبنەوە.
تیشک خرایە سەر، پێویستی یەکخستنی هەوڵ و دیدگا و کاری هاوبەشی نێوان هێزە سیاسییەکان بۆ بەهێزکردنی پرۆسەی دیموکراسی و رووبەڕووبوونەوەی ئەو ئاڵەنگارییانەی کە رووبەڕووی وڵات دەبنەوە.
هەر لەو دیدارەدا جەخت لەسەر پێویستی پابەندبوون بە دەستوور و یاسا لە پێناو پاراستنی سەقامگیری ئەمنی و سیاسی و خزمەتکردنی خەڵک و بەدیهێنانی دادپەروەری کرایەوە.
سەرۆك كۆماری عیراق داوای لە ناتۆ كرد توانای هێزە عیراقییەكان بەرزبكاتەوە و عیراق لە شەڕی تیرۆردایە
د. لەتیف رەشید سەرۆك كۆماری عیراق لە كۆشكی بەغداد پێشوازی كرد لە مارك روتە ئەمینداری گشتی هاوپەیمانی ناتۆ و وەفدێكی یاوەری كرد و تاوتوێی دۆسیە هاوبەشەكانی نێوان عیراق و هاوپەیمانێتیەكەیان كرد.
لەمیانەی دیدارەکەدا کەیسە هاوبەشەکانی نێوان عێراق و ناتۆ تاوتوێ کران و سەرۆک کۆماریش جەختی لەفراوانکردنی ئاسۆی هاریکاری دوو قۆڵی لە بوارەکانی پێشکەشکردنی ڕاوێژ و بەشداریکردن لەبنیاتنانەوە و پەرەپێدانی توانا سەربازییەکانی هێزە ئەمنییەکانی عێراق کردەوە.
هاوکات ئاماژەی بەپەرەپێدانی دەزگا ئەمنییەکان بەسەرجەم پێکهاتەکانی و گەشەکردنی تواناکانیان لەبواری مەشق و ئامادەکاریدا کرد و دوپاتیشی لەوە کردەوە کەعێراق دۆخە سەختەکانی جەنگی تیرۆری تێپەڕاند وهێزە ئەمنییەکانی عێراق توانیویانە چەتەکانی داعش و پاشماوەکانیان لەناوببەن، ئێستاش ئامادەیی و توانای ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە ئەمنییە جیاوازەکانیان هەیە.
سەرۆک کۆمار ڕوونیکردەوە کەئەمڕۆ عێراق سەقامگیری ئەمنی و ئابوری بەخۆە دەبینێت، هەروەها لایەنە سیاسییەکان پرەنسێپی دیالۆگ لەنێوان خۆیاندا دەگرنەبەر و بەڕێزیان ئاماژەی بەوەدا کەپەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و جیهان زۆر باشە و پێشوازی لەهاتنی بازرگانان و وەبەرهێنەران دەکەین بۆ ئەوەی سوودمەند بن لەو دەرفەتانەی فەراهەم کراون لەوڵاتدا .
هەروەها لەدیدارەکەدا پێداچوونەوە بەدۆخی گشتی ئەمنی ناوچەکە و تاوتوێکردنی ژمارەیەک پرسی پەیوەست بەپشتیوانی لۆجستی بۆ نوێنەرایەتی ناتۆ لەعێراق کران.
لەلای خۆیەوە بەڕێز مارک روتە، ستایشی سەقامگیری ناوخۆیی و گەڕانەوەی ژیانی ئاسایی لەعێراقدا کرد و جەختی لەپەرۆشی نوێنەرایەتی ناتۆ کردەوە بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکان و هاوکاری دووقۆڵی لەبواری مەشق و ڕاوێژکاری و ئاڵوگۆڕی زانیاری بەشێوەیەک کەتوانای هێزە چەکدارەکانی عێراق بەسەرجەم پێکهاتەکانیەوە بەرز بکاتەوە، هاوکات ئاماژەی بەڕۆڵی جەمسەریی گرنگی عێراق کرد لەچەسپاندنی سەقامگیری لەناوچەکەدا.
ئەنجومەنی باڵای دادوەری عیراق بریارەكەی دادگای فیدراڵی سەبارەت بە راگرتنی جێبەجێكردنی سێ یاسا رەتدەكاتەوە .
بەپێی راگەیەندراوێكی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عیراق، لە كۆبونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنەكەدا تاوتوێی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی كراوە سەبارەت بە راگرتنی جێبەجێكردنی یاساكانی "گەڕاندنەوەی موڵك و ماڵ بۆ خاوەنەكانیان و باری كەسێتی و لێبوردنی گشتی"، ئەنجومەنەكە رایگەیاندووە كە دەبێت هەر تانەیەك كە لە یاسایەك دەدرێـت، دوای بڵاوكردنەوەی یاساكە بێت لە رۆژنامەی رەسمی دەوڵەت، بەڵام ئەو سێ یاسا لە رۆژنامەی رەسمی بڵاونەكراونەتەوە و دادگای فیدراڵی رایگرتوون.
ئەنجومەنەكە راشیگەیاندووە، بەپێی ماددەی 129 لە دەستوری عیراقی، نابێت هیچ یاسایەك كە بەڵگە لەسەر نادەستوری بوونی نەبێت رابگیرێت.
هەربۆیە ئەنجومەنی دادوەری جەخت دەكاتەوە لەوەی، دەبێـت دادگای فیدراڵی پابەند بێت بە جێبەجێكردنی ئەو یاسایانەوە.
حكومەتی عیراق و بانكی ناوەندی كار لەسەر بەرزكردنەوەی ئاستی ستانداردی بانكی و گەیاندنی خزمەتگوزاری بەدەستی هاووڵاتیان.
نوسینگەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراق لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، حكومەت بەهاوكاری بانكی ناوەندی عیراق دەستیكردووە بە دەستپێشخەرییەكی گشتگیر بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی ستانداردی بانكیی.
وتیشی، كاردەكرێت بۆ بەهێزكردنی پەیكەری خاوەندارێتی لە رێگەی بەرزكردنەوەی شەفافیەت، هەروەها باشتركردنی ئاستی خزمەتگوزاری لە رێگەی زیادكردنی توانای گەیشتن بە خزمەتگوزارییە داراییەكان بۆ هاووڵاتیان.
راشیگەیاند، هەماهەنگی دەكرێت بۆ روبەڕوبونەوەی سپیكردنەوەی پارە و پارەداركردنی تیرۆر و گرنگە توانای دارایی سەلامەت بێت بۆ پاراستنی پارەی دانراو.
باسی لەوەشكرد، حكومەت و بانكی ناوەندی جەخت لە پەیڕەوكردنی دیدێكی هاوبەشی چاكسازی دەكەنەوە بۆ دامەزراندنی سیستەمێكی بانكی مۆدێرن و شەفاف و گشتگیر.
دادگای فیدڕاڵی، یاساکانی لێبوردنی گشتی و گەڕانەوەی موڵک و ماڵ و باری کەسێتیی راگرت.
دادگای باڵای فیدڕاڵی عیراق لەسەر سكاڵای ژمارەیەك پەرلەمانتار، ئەو سێ یاساییەی راگرت کە 21ی کانونی دووەمی ئەمساڵ، ئەنجومەنی نوێنەران دەنگی دا بە پەسەندکردنی یاساکانی باری کەسیی و رەشنووسی یاسای گەڕاندنەوەی موڵک و ماڵ بۆ خاوەنەکانیان وهەروەها یاسای لێبوردنی گشتی.
پێشتر لەكاتی پەسەندكردنی پرۆژە یاساكاندا لە ئەنجومەنی نوێنەران ناكۆكی لەنێوان پەرلەمانتاران و لایەنە سیاسییەكان دروست بوو.
لەلایەن تیمی نیشتمانی عیراقەوە، هەڵمەتی دووەم بۆ وەرگرتنی سامپڵی خوێن لە كەسوكاری ئەنفلكراوانی كۆیە دەستیپێكرد.
پەیامنێری كوردسات نیوز رایگەیاند، ئەمڕۆ لیژنەیەك كە پێكهاتوون لە دەزگای شەهیدانی عیراق و فەرمانگەی گۆڕەبەكۆمەڵەكان و پزشكی داد لە كۆیە دەستیان بە وەرگرتنی سامپڵی خوێن لە كەسوكاری ئەنفالكراوان كردووە، بڕیارە لیژنەكە شەش رۆژ بمێننەوە.
وتیشی، وەرگرتنی سامپڵی خوێن بۆ دۆزینەوە و ناسینەوەی روفاتی گۆڕە بە كۆمەڵەكانە، كە لە ماوەكانی رابردوودا بە هەوڵی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد خانمی یەكەمی عیراق، لە تەلشێخە چەند گۆڕێكی بە كۆمەڵ دۆزرانەوە، لە مانگی 12ی 2024 و سەرەتای مانگی یەكی ئەمساڵیش دەستكرا بە هەڵدانەوەی گۆڕەكان.
باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغداد ئیدانەی هێرشەكەی كێڵگەی غازی كۆرمۆر دەكات و داوا لە حکومەتی عیراق دەکات لێپرسینەوە لەگەڵ ئەو كەس و لایەنە بكات كە بەرپرسە لە هێرشەكە.
باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغداد لە بڵاوكراوەیەكدا كە لە پلاتفۆرمی ئێكس بڵاویكردۆتەوە رایگەیاندووە، بە توندی ئیدانەی هێرشكردنە سەر كێڵگەی غازی كۆرمۆر دەكەن و داوا لە حكومەتی عیراق دەكەن لێپرسینەوە لەگەڵ ئەو كەس و لایەنە بكات كە بەرپرسە لە هێرشەكە .
پێشتر كۆمپانیای دانەغاز لەبارەی هێرشەكەوە رایگەیاندبوو ، شەوی یەكی شوبات لە ڕێگەی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانەوە هێرشكراوەتەسەر كێڵگەی غازی كۆرمۆر، بەڵام هێرشەكە هیچ زیانێكی گیانی و ماددی نەبوە و لە ئێستاشدا بەشێوەیەكی ئاسایی كاركردن لە كێڵگەكەدا بەردەوامە.
ئەمڕۆ د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق لە بەغدا پێشوازیکرد لە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
لەکۆبوونەوەیەکدا دوایین پێشهاتەکانی وڵات بەگشتی و هەرێمی کوردستان بەتایبەتی تاوتوێکران و سەرۆک کۆمار تەئکیدی لەپێویستی گرتنەبەری دیالۆگی کاریگەر و جددی کردەوە لەپێناو چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان بەگوێرەی دەستوور و یاسا.
هەروەها باس لە دەنگدانی ئەنجومونی نوێنەران کرا لە سەر پرۆژە یاسای هەمواری یەکەمی یاسای بوجەی گشتی فیدراڵی و جەختکرایەوە لەسەر ئەوەی ئەم هەموارکردنە ببێتەی مایەی خەرجکردنی شایستەدارییەکانی فەرمانبەرانی هەرێم و چارەسەری کێشەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێم بە شێوەیەک ببێتە مایەی خۆشگوزەرانی و خواستەکانی هاوولاتیان بەدیبهێنێت و پێداویستییەکانی ژیانیان دابین بکات.
لای خۆیەوە قوباد تاڵەبانی ستایشی رۆڵی سەرۆک کۆماری کرد لە نزیککردنەوەی بیروبۆچوونەکان و دۆزینەوەی چارەسەر بۆ کێشە هەڵپەسێردراوەکان بەشێوەیەک کە ژیانێکی ئازاد و شکۆمەند بۆ هەموو خەڵک مسۆگەر بکات.
ئەمڕۆ دووشەممە د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق، چاوی بەسکرتێری گشتی بزووتنەوەی بابلیون، رەیان کلدانی کەوت.
لەدیدارەکەدا دوایین پێشهاتەکانی گۆڕەپانی نیشتمانی و ناوچەکەو کاردانەوەکانیان تاوتوێ کران.
سەرۆک کۆماری عیراق جەختی لە پێویستی یەکخستنی هەوڵەکانی نیشتمانی بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکانی ئێستا و کارکردن بە گیانی بەرپرسیارێتی هاوبەش کردەوە، روونیشیکردەوە کە لێکتێگەیشتن و وتووێژی بنیاتنەر بنەمای سەرەکی چارەسەرکردنی کێشەکانی نیشتمان و گەیشتنە بە خواستەکانی هاووڵاتیان لە داهاتوویەکی ئارامتر و ئاوەدانتر .
لەلای خۆیەوە رەیان کلدانی، خۆشحاڵی خۆی بەم سەردانە دەربڕی و جەختی لەپاڵپشتی خۆی بۆ هەموو ئەو دەستپێشخەرییانە کردەوە کە خزمەت بە بەرژەوەندی وڵات دەکەن، لە رێگەی یەکخستنی هەوڵەکانی نیشتمانی بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکان و پشتیوانیکردن لە رێچکەی بونیادنان و چاکسازی.
زانکۆی راپەڕین بڵاویکردەوە توانیمان وەک یەکەم زانکۆ لە عیراق دا چاپتەری ژنان لەزانستدا کە سەر بەڕیکخراوی یونیسکۆیە، لە کوردستان بکەینەوە.
لە راگەیەندراوێکدا زانکۆی راپەڕین رایگەیاند: "بەهەوڵی (پ.ی.د. پەیمان رمضان احمد) سەرۆکی زانکۆ توانیمان ڕەزامەندی کردنەوەی چاپتەری ژنان لەزانستدا لە زانکۆی راپەڕین بکەینەوە، كە چاپتەری ژنان لەزانستدا تاکە چاپتەری عیراقە و سەر بەدامەزراوەی ژنان لە زانست بۆ وڵاتانی پێشکەوتوو (OWSD) ی ڕێکخراوی یونیسکۆیە".
ئاماژە بەوەشدراوە؛ "لەداهاتوویەكی نزیكدا لە زانکۆی راپەڕین لە چالاکیەکی شایستەدا چاپتەری ژنان لەزانست دەناسێنرێت و پلان و پڕۆژەکانی چاپتەرەکە دەخرێنەڕوو".
ئەوەش هاتووە: لەئێستادا چاپتەری ژنان لەلایەن سەرۆکی زانکۆی راپەڕینەوە بەڕێوەدەبرێت و چەند مامۆستایەکی زانکۆکەمان ئەندامی بۆردی بەڕێوەبردنن."
سەبارەت بە بەشداریکردنی زانکۆکە لەو چالاکییە زانستییەدا لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: "بەشداریکردنی زانکۆی راپەڕین وەک چاپتەری ژنان لەسەر بانگهێشتی ئەنجومەنی زانستی نێودەوڵەتی (International Science Council)، بووە و تێیدا نوێنەری زیاتر لە 450 دامەزراوەی زانستی بەشداربوون بۆ گەنگەشەکردنی چەند پرسێکی گرنگی تایبەت بە زانست، پەرەسەندنی تەکنۆلۆژیا، پەرەپێدانی بەردەوام، گۆڕانکارییەکانی ژینگە، توێژینەوەی زانستی و پەرەپێدانی داهاتووی زانست لەسەر ئاستی جیهان".
چاپتەری ژنان لەزانستدا 55 هەمین چاپتەری دامەزراوەکەیە لە مانگی 9 ساڵی 2024 ڕەزامەندی کردنەوەی وەرگیراوەو چاپتەرەکە 7تەمین چاپتەرە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا لەدوای میسر، ئەردەن، سودان، یەمەن، فەلەستین، مۆڕۆکۆ.
بەشی بەدواداچوونی بومەلەرزە لە دەستەی کەشناسیی عیراق ئاشکرای کرد، لە ماوەی مانگی یەکدا 62 بومەلەرزە لە عیراق تۆمار کراوە و پلەکانیشیان بە گشتی لە نێوان 1-5 پلەدا بووە.
ئەمڕۆ دووشەممە، کەشناسیی عیراق بڵاوی کردەوە، تەنیا لە مانگی یەکی ئەمساڵدا لە ناوخۆی عیراق 62 بومەلەرزە رویانداوە، کە بەپێی دابەشکردنیان زۆرترینیان دەکەوێتە قەزای خانەقین لە دیالە.
لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە، هەولێر، نەینەوا، سلێمانی، میسان، کەرکوک و دهۆک، ئەو شارانەبوون کە تیایاندا بومەلەرزەکان تۆمار کراوە.
بەگوێرەی راپۆرتەکە، بومەلەرزەکان لە قوڵایی نێوان 4 بۆ 38 کیلۆمەتر، لە (1-5) پلەدا بوون.
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد خانمی یەکەمی عیراق لە بەغداد پێشوازیکرد لە لەیلا خەفاجی ئەمینداری گشتی مەکتەبی سیاسی ڕەوتی حیکمەی نیشتمانی و ئینتیزار ئەحمەد خەزرەجی کە یەکێکە لە شایەتحاڵانی ئەو تاوانانەی کە ڕژێمی دیکتاتۆری، دەرهەق بە کورد لە شاڵاوەکانی ئەنفال کردویەتی.
لە دیدارەکەدا شاناز ئیبراهیم ئەحمەد سەرپەرشتیاری دۆسییەی گەڕاندنەوەی روفاتی قوربانیانی ئەنفال دووپاتی کردەوە، کارەکە بە جۆش و خرۆشێکی زۆرەوە، بەمەبەستی گەڕاندنەوەی روفاتی کوردانی ئەنفالکراو بۆ زێدی خۆیان بەردەوامە و لە هەوڵدان، تاکو ئەم دۆسییەیە بەگوێرەی پرەنسیپی مرۆیی و بەهاکانی تر، چارەسەر بکەن.
خانمی یەکەمی عیراق لە دیدارەکەدا ئاماژەیبەوەشکرد، "بەدرێژایی ماوەی ڕابردوو لەگەڵ وەزارەتەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی کارمان کردووە بۆ بە بەڵگەکردنی ئەو تاوانانەی کە ڕژێمی پێشوو بەرامبەر بە کورد و عەرەب و پێکهاتەکانی دیکە کردویەتی تا بۆ بەرنامەی خوێندنی قوتابخانەکان زیاد بکرێن تا نەوەکان ئاشنا بن بەو ستەمکارییە لەو سەردەمانەدا رویانداوە.
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، گوێی لە گێڕانەوەی شایەتحاڵ خەزرەجی بوو سەبارەت بەو تاوانانەی ڕژێمی دیکتاتۆری لە زینداندا بەرامبەر بە کورد کردویەتی و گوێی گرت بۆ ئەو ئەشکەنجە و دڕندەییەی کە خۆی و خانەوادەکەی و دانیشتوانی دوجەیل روبەرووی بونەتەوە.
لای خۆیەوە لەیلا خەفاجی، هەوڵەکانی خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەدی بۆ گەراندنەوە و هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان بۆ خانەوادەکانیان بەرز نرخاند و ئاماژەیکرد بە پێویستی پشتگیریکردن و گرنگیدان بە کەسوکاری قوربانییان.