عیراق

ئەمڕۆ سێشەممە، ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق بە سەرۆکایەتیی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیران، کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا و لە راگەیەندراوی کۆتایی کۆبوونەوەکەشذا جەخت لە گرنگیی پابەندبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە جێبەجێکردنی ئەرکە داراییەکانی کراوەتەوە و تیایدا داوا دەکرێت حکومەتی هەرێم پابەندی ئەرکە داراییەکانی بێت بەپێی یاسا و دەستوور، تاوەکو وەزارەتی دارایی فیدراڵی بتوانێت بەردەوام بێت لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانی.

بەپێی راگەیەندراوێکی نوسینگەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عیراق ئاماژەی بە جێبەجێکردنی بڕیاری ژمارە (550)ی ئەنجومەنی وەزیران کردووە، کە لە کۆبوونەوەی 17می تەمموزی 2025دا بۆ چارەسەرکردنی کێشە دارایی و کارگێڕییەکان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان دەرکرابوو.

سودانی جەختی لەوە کردووەتەوە کە پێویستە حکومەتی هەرێم پابەندی ئەرکە داراییەکانی بێت بەپێی یاسا و دەستوور، تاوەکو وەزارەتی دارایی فیدراڵی بتوانێت بەردەوام بێت لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانی.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عیراق لە رێگەی دانانی كامێراوە چاودێری هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەران دەكات بەتایبەتیش لەكاتی دەنگداندا.

كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق رایگەیاندوە، لە چوارچێوەی ئامادەكارییەكان بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەران، لە رێگەی 120 هەزار كامێراوە چاودێری دەنگدان و كۆی هەڵبژاردن دەكەن، كامێراكانیش بە دەنگ و رەنگ كار دەكەن و لە ناو وێستگەكاندا دادەنرێن.

راشیگەیاندووە، هیچ كەسێك نازانێت كێ‌ دەنگ بە كێ‌ دەدات و هەڵبژاردن بە نهێنی بەڕێوەدەچێت و بردنەژورەوەی مۆبایلیش بۆ ناو بنكەكانی دەنگدان قەدەغە دەبێت.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

توركیا دەیەوێت رێككەوتنێكی نوێ لەگەڵ عیراق بكات، كە نەوت و غاز و پیشەسازی پترۆكیمیایی و كارەبا بگرێتەوە.

وەزارەتی نەوتی عیراق رونكردنەوەیەكی لەبارەی كۆتاییهێنان بە رێككەوتنی 52 ساڵەی تایبەت بە نەوت لە نێوان بەغداد و ئەنکەرە بڵاوكردەوە و رایگەیاندووە، بڕیارەكەی توركیا بەپێی بڕگەیەكی رێككەوتنەكەیە كە رێگە بە هەردوولا دەدات بە ئاگاداركردنەوەی یەكتر، كۆتایی بە رێككەوتنەكە بهێنن.

ئاماژەی بەوەشكردووە، وەزارەتی وزەی توركیا نامەیەكی ئاراستەی وەزارەتی نەوتی  عیراق كردووە و پێیراگەیاندوون دەیانەوێت رێككەوتنێكی نوێ و گشتگیرتر بكەن، كە نەوت و غاز و پیشەسازیی پیترۆكیمیایی و كارەباش بگرێتەوە.

وەزارەتی نەوتی عیراق راشیگەیاندووە، لە ئێستادا رەشنوسی ئەو رێككەوتنە نوێیە تاوتوێ دەكات و دانوستانی لەبارەوە دەكرێت كە خزمەت بە بەرژەوەندی هەردوولا بكات.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرۆک کۆماری عیراق لەگەڵ وەزیری پێشمەرگەی هەرێم کۆبووەوە و لە کۆبوونەوەکەدا جەختی لە گرنگی بەرزکردنەوەی ئاستی ئامادەیی هێزەکانی پێشمەرگە و پەرەپێدانی تواناکانی شەڕکردنیان کردەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە، د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق لە کۆشکی بەغداد لەگەڵ شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە کۆبووەوە و پێشهاتە ئەمنییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستانیان تاوتوێ کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا، سەرۆک کۆمار جەختی لە گرنگی بەرزکردنەوەی ئاستی ئامادەیی هێزەکانی پێشمەرگە و پەرەپێدانی تواناکانی شەڕکردنیان کردەوە، هەروەها تیشکی خستە سەر گرنگی چالاککردنی میکانیزمەکانی هەماهەنگی و کاری هاوبەش لەگەڵ سوپا و هێزە ئەمنییەکانی دیکە بۆ چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری لە هەرێمی کوردستان و سەرتاسەری وڵات.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

تەندروستیی عێراق بڵاویکردەوە، دوو حاڵەتی گیانلەدەستدان و 16 توشبوونی نوێی تای خوێنبەربوون تۆمار کراون، بەوەش ژمارەی گیانلەدەستدان گەیشتە 30 کەس و توشبوونیش گەیشتە 231 کەس.

سەیف بەدر وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عیراق رایگەیاندووە، لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا دوو حاڵەتی گیانلەدەستدان و 16 توشبوونی نوێی پەتای تای خوێنبەربوون لە عێراق تۆمارکراون، کە ئەو دوو کەسەی گیانیان لەدەستداوە لە پارێزگای زیقار و واست بوون.

ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ئێستادا ژمارەی توشبووان بۆ ساڵی 2025 لە عیراقدا گەیشتووەتە 231 کەس.

بەپێی وتەی سەیف بەدر، لە هەرێمی کوردستان ژمارەی توشبوون بە پەتاکە بەم جۆرەیە: دهۆک- یەک گیانلەدەستدان و سێ توشبوون، هەولێر و سلێمانی هەریەکی یەک توشبوو".

پەتای تای خوێنبەربوون، ئەو پەتایەی ئێستا یەخەی عیراقی گرتووە و بەپێی دوایین ئامارە رەسمییەکان، 14 حاڵەتی توشبوون و دوو حاڵەتی گیانلەدەستدان بەهۆی پەتاکەوە تۆمار کراون.

پەتای تای خوێنبەربوون پەتایەکی ڤایرۆسییە، گواستراوەیە و بەهۆی ئاژەڵ و مێش و مەگەزەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە، کە لەنێوان مرۆڤەکانیشدا درمە و دەگوازرێتەوە.

ئەگەر نەخۆشییەکە لە سەرەتادا دیاریبکرێت، ئەوا چارەسەرەکەی ئاسانتر دەبێت. بۆیە باشترین شت ئەوەیە هاووڵاتیان هۆشیار بن بەرامبەر بە نەخۆشییەکە و نیشانەکانی، هەروەها رێگاکانی خۆپاراستن لێی جێبەجێ بکەن.

 

هۆکارەکانی توشبوون:

ئەم پەتایە لە رێگای بەرکەوتن بە ئاژەڵ و مێرووی هەڵگری ڤایرۆسەکەوە دەگات بە مرۆڤ، هەروەها بەشێوەیەکی زیاتر مێشوولە، گەنە، مشک و شەمشەمەکوێرە هۆکاری گواستنەوەین.

هەروەها بەهۆی سەربڕین و خواردنی گۆشتی ئاژەڵی توشبووەوە دەگوازرێتەوە بۆ مۆڤ.

بەدەر لەو هۆکارانەی دیکە، لەنێوان مرۆڤەکانیشدا بەهۆی کارکردن و تێکەڵبوونی کەسانی توشبوو و بەکارهێنانی دەرزی و ئامێری کەسی توشبوو، یانیش پەیوەندی جەستەیی لەگەڵ کەسی توشبوودا، هەروەها کارکردن و مانەوە لەو شوێنانەی مشکیان تێدایە، لەگەڵ بەرکەوتن بە خوێن یان هەر شلەیەکی دیکەی کەسیتوشبوو، دەگوازرێتەوە و بڵاو دەبێتەوە.

 

بۆ خوێندنەوەی زانیاری تەواو لەسەر نیشانەکان و رێکاری خۆپارێزی کلیک لێرە بکە

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

حكومەتی دانیمارك بڕیاریداوە بە تەرخانکردنی 3.4 ملیۆن دۆلار لە رێگەی نەتەوەیەكگرتووكانەوە، تایبەت بە هەوڵەكانی هەڵگرتنەوە و پاککردنەوەی خاکی عیراق لە مین.

نێردەی نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ عیراق رایگەیاندووە، پێشوازی لە بڕیارێکی حكومەتی دانیمارك دەكەن بۆ تەرخانکردنی بڕی سێ ملیۆن و 400 هەزار دۆلاری ئەمریکی تایبەت بە پرسی هەڵگرتنەوە و پاککردنەوەی خاکی عیراق لە مین.

حکومەتی دانیمارک ئەو پارەیەی تەرخانکردووە بۆ بەشداریكردن لە هەوڵەكانی هەڵگرتنەوەی مین لە عیراق، ئەوەش بە ئامانجی پاراستنی کەسانی مەدەنی لە مەترسییەكانی مین و ئاوەدانكردنەوەی ئەو ناوچانەی بەهۆی مینەوە زیانیان بەركەوتووە.

بەهۆی رژێمی پێشووەوە؛ عیراق رووبەرێکی زۆری خاکی پیسبووی بە مین هەیە، ئەگەرچی لەماوەی ساڵانی رابردوودا هەوڵەکانی پاککردنەوەی خاکی عیراق لە مین و پاشماوەکانی بەردەوام بوون، بەڵام هێشتا رووبەرێکی زۆری پیسبوو بە مین هەن، بەتایبەتیش لە ناوچە سنورییەکانی نێوان عیراق و ئێران و ناوچە شاخاوییەکانی هەرێمی کوردستان.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بڕیارە ئەمڕۆ، ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق كۆبوونەوەیەكی نائاسایی سەبارەت بە هێرشە درۆنییەكان بۆ سەر كێڵگە نەوتییەكانی هەرێم و روداوی ئاگركەوتنەوەكەی كوت ئەنجام بدات. 

كۆبوونەوەكە سەعات یەكی پاش نیوەڕۆ دەستپێدەكات و دوو بڕگە لەخۆدەگرێت، لە بڕگەی یەكەمدا باسی روداوی ئاگركەوتنەوەكەی شاری كوت لە واست دەكرێت، كە بەهۆیەوە زیاتر لە 70 كەس گیانیان لەدەستدا.

لە بڕگەی دووەمیشدا، گفتوگۆ لەسەر ئەو هێرشە درۆنییانە دەكرێت، كە لەمدواییانە كراونەتە سەر كێڵگە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان.

چەند فراكسیۆن و پەرلەمانتارێكیش، هۆشداری لە بایكۆتكردنی دانیشتنەكە دەدەن و داوادەكەن لایەنی لێپرسراوی حكومی ئامادەی بن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بڕی گەنمی كۆگاكراو لە عیراق ئاستێكی پێوانەیی تۆماركردووە و گەیشتووەتە نزیكەی 6.5 ملیۆن تۆن.

حەیدەر نور كەرعاوی بەڕێوەبەری گشتی كۆمپانیای بە بازاڕكردنی گەنم لە وەزارەتی بازرگانی عیراق رایگەیاند، بڕی گەنمی وەرگیراوی جوتیاران بۆ ئەمساڵ گەیشتووەتە 5.11 ملیۆن تۆن.

وتیشی، بڕی گەنمی كۆگاكراوی ساڵی رابردوو كە ماوەتەوە نزیكەی یەك ملیۆن و 400 هەزار تۆن و بە گەنمی وەرگیراوی ئەمساڵیشەوە، بڕی گەنمی كۆگاكراو لە عیراق گەیشتووەتە نزیكەی 6.5 ملیۆن تۆن گەنم.

ئاماژەی بەوەشكرد، ئەو بڕە گەنمە یەدەگێكی ستراتیژیی پیشان دەكات، كە پێداویستی ناوخۆیی عیراق بۆ ماوەی 16 مانگ دەستەبەر دەكات، بە بەشە خۆراكی مانگانەشەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەهۆی كەمبوونەوەی رێژەی بارانبارین و كەمكردنەوەی پشكی ئاوی عیراق لەلایەن توركیا و ئێرانەوە، عیراق بە سەخترین قەیرانی كەمئاوی لە دوو دەیەی رابردوودا تێپەڕدەبێت.

عەون زیاب وەزیری سەرچاوەكانی ئاوی عیراق رایگەیاند، لەسەر ئاستی وەزارەت هەوڵەكانیان چڕكردووەتەوە بۆ كەمكردنەوەی لێكەوتەكانی وشكەساڵی و نەهێشتنی زیادەڕۆییەكانی سەر سەرچاوەكانی ئاو و قەدەغەكردنی كشتوكاڵی وەرزی هاوینە بە ئاوی خواردنەوە.

وتیشی، لەسەر ئاستی پارێزگاكان پێویستە كار بكرێت بۆ پاراستنی سەرچاوەكانی ئاو و ژینگەی شەتولعەرەب.

عەون زیاب ئاماژەی بەوەشكرد، بەهۆی كەمبوونەوەی رێژەی بارانبارین و كەمكردنەوەی پشكی ئاوی عیراق لەلایەن وڵاتانی دراوسێیەوە، عیراق بە سەخترین قەیرانی كەمئاوی لە دوو دەیەی رابردوودا تێپەڕدەبێت، داواشیكرد، توركیا پشكی ئاوی عیراق زیاتر بكات.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرۆک کۆمار بروسکەیەکی سەرەخۆشی لەلایەن سەرۆکی روسیاوه پێگەیشت بۆ قوربانیانی کارەساتی ئاگرکەوتنەوەکەی هایپەرمارکێتێک له پارێزگای واست.

د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق بروسکەیەکی سەرەخۆشی لە ڤلادیمێر پوتن روسیا بۆ قوربانیانی کارەساتی ئاگرکەوتنەوەی هایپەرمارکێتەکەی پارێزگای واست پێگەیشت.

سەرۆک کۆماری روسیا سەرەخۆشی و هاوخەمی خۆی ئاراستەی سەرۆک کۆمار و گەلی عیراق و کەسوکاری قوربانیانی ئەم کارەساتە ئازاربەخشە کرد و هیوای چاکبوونەوەی زووی بۆ بریندارەکان خواست.

هەروەها سەرۆک کۆماری عیراق بروسکەیەکی تری سەرەخۆشی لە سەرۆکی لیژنەی پەرلەمانی پارتی گردبونەوە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی میسر و ئەندامی دامەزرێنەری گروپی ئاشتی عەرەبی - عەرەبی و ئەندامی یەکەمین کۆنفرانسی دیالۆگی کەلتووری عەرەب و کورد ئەندام پەرلەمان عاطف مەغاوری پێگەیشت بۆ قوربانیانی ئەو ئاگرەی کە سەنتەرێکی بازرگانی لە پارێزگای واست گرتەوە.

مەغاوری سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی فەخامەتی سەرۆک کۆمار و کەسوکاری قوربانیان و گەلی عیراق بە گشتی کرد و داوای لێخۆشبوونی بۆ لە خوای گەورە کردن و بۆ بریندارەکان هیوای خواست بە سەلامەتی و چاکبوونەوەیان بگەڕێنەوە بۆ ناو خانەوادەی خۆیان.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

کۆمسیۆنی عێراق بەکارهێنانی مۆری هەڵبژاردنی بۆ دەنگدان لابرد و ئاماژەی بەوەکردووە، چیتر پێویست ناکات بۆ دەنگدان پەنجە مۆر بکرێت.

کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراق رایگەیاندووە، چەند هۆکارێک لە پشت لابردنی مۆری دەنگدانەوەن، کە سەرەکیترینیان ئەوەیە ئێستا بەکارهێنانی کارتی بایۆمێتری جێگای هەموو ئەوانەی پڕ کردووەتەوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، لە رابردوودا مۆری دەنگدان بۆ ئەوە بەکاردەهات کاتێک کەسێک دەنگ دەدات نیشانەیەکی ناسەرەوەی هەبێت و نەتوانێت بچێتە هیچ وێستگەیەکی دیکە بۆ دەنگدان، وەک بەشێک لە پرۆسەکانی رێگریکردن لە ساختەکاریی.

ئەوەش هاتووە، ئێستا کارتی بایۆمێتری و ئەو ئامێرانەی بەکاردەهێنرێت بۆ دەنگدان، هەروەها بەکارهێنانی کامێرای چاودێری رێگری لە ساختەکاری و دووبارە دەنگدانەوە دەگرن، بۆیە پێویست بە مۆری دەنگدان ناکات، هاوکات، ئەو بڕیارە دەبێتە هۆی پاراستنی نهێنی تاک و کەس نازانێت کە ئاخۆ کێ دەنگی داوە و کێ دەنگی نەداوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرۆك وەزیرانی عیراق لە بەغداد لەگەڵ فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەران كۆبووەوە و تاوتوێی دوایین لێكتێگەیشتنی نێوان عیراق و هەرێمیان بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی پەیوەندیدار بە نەوت و موچەی موچەخۆرانی هەرێم كرد.

نووسینگەی راگەیاندنی د.نەرمین مەعروف ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە فراكسیۆنی یەكێتی بڵاویكردەوە، لە كۆبوونەوەی د.محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراق لەگەڵ فراكسیۆنی یەكێتی، گفتوگۆكرا لەبارەی دوایین لێكتێگەیشتنی عیراق و هەرێم بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی پەیوەست بە نەوت و موچەی موچەخۆرانی هەرێم.

هەر لە كۆبوونەوەكەدا جەختیشكرایەوە، لە گرنگی زمانی گفتوگۆ و دانوستان بۆ چارەسەركردنی كێشە و ئاڵنگارییەكان و پاراستنی مافی هەموو هاووڵاتییانی عیراق لە چوارچێوەی یاسا و دەستووردا.

لە بەشێكیتری كۆبوونەوەكەشدا، فراكسیۆنی یەكێتی چەند داواكارییەكی پەپوەست بە مافی هاوڵاتییان لەسەرجەم چین و توێژە جیاوازەكانی هەرێمی كوردستان گەیاندە سەرۆك وەزیرانی عیراق و ناوبراو رەزامەندی لەبارەیانەوە دەربڕی.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

رۆژی دووشەممەی داهاتوو ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق دانیشتنێكی نائاسایی لەبارەی هێرشی  درۆنی سەر كێڵگە نەوتییەكانی هەرێم و روداوی ئاگركەوتنەوەی كوت ئەنجامدەدات، چەند فراكسیۆن و پەرلەمانتارێكیش هۆشداری لە بایكۆتكردنی دانیشتنەكە دەدەن و داوادەكەن لایەنی لێپرسراوی حكومی ئامادەی دانیشتنەكە بن.

بەپێی كارنامەی دانیشتنەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، رۆژی دووشەممەی داهاتوو ئەنجومەنی ناوبراو دانیشتنێكی نائاسایی ئەنجامدەدات، كە دوو تەوەری لەخۆگرتووە، تەوەری یەكەمیان گفتوگۆكردن لەسەر روداوی ئاگركەوتنەوەكەی شاری كوت كە بەهۆیەوە 63 كەس گیانیان لەدەستدا و زیانی مادی زۆری لێكەوتەوە، تەوەری دووهەمیشیان تایبەت بە گفتوگۆكردن لەسەر هێرشە درۆنییەكانی چەند رۆژی رابردووی سەر كێڵگە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان.

لەبارەی دانیشتنە نائاساییەكەی ئەنجومەنی نوێنەران، حەیدەر سەلامی سەرۆكی كوتلەی " ئەنا" رایگەیاند، دانیشتنەكە بەبێ ئامادەبوونی سەرۆك وەزیران و وەزیری ناوخۆ و لێپرسراوانی باڵای حكومی پەیوەندیدار بە دۆسییەكان هیچ ئەنجام و سوودێكی نابێت.

هاوكات، رائد مالكی پەرلەمانتارێكی تری ئەنجومەنی نوێنەران هۆشداری بایكۆتكردنی دانیشتنەكەی داوە لە ئەگەری ئامادەنەبوونی لێپسراوانی باڵای حكومی پەیوەندیدار لە دانیشتنەكە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

راوێژكاری سەرۆك وەزیرانی عیراق بۆ كاروباری پەروەردە رایگەیاند، بە سوود وەرگرتن لە ژیری دەستكرد حكومەت ئامادەكاری دەكات بۆ دەستپێكردنی خولێك لە شێوەی پرۆژەیەكی پێشەنگ لەسەر ئاستی عیراق و وڵاتانی عەرەبی، بۆ پەرەپێدانی توانای كارمەندانی كەرتی پەروەردە.

عەدنان سەراج، راوێژكاری سەرۆك وەزیرانی عیراق بۆ كاروباری پەروەردە رایگەیاند، بە سوودبینین لە ژیری دەستكرد حكومەتی عیراق ئامادەكاری دەكات بۆ دەستپێكردنی پڕۆژەیەكی پێشەنگ لە كەرتی پەروەردە.

ئەوەشی خستەڕو، پرۆژەكە مانگی ئەیلولی داهاتوو لە شێوەی خولی مانگانە دەست پێدەكات و تێیدا مەشق و راهێنان، بە نزیكەی 850 هەزار مامۆستا و راهێنەر و 460 هەزار ستافی وانەبێژ دەكرێت، بۆ پەرەپێدانی تواناكانیان.

ئەو راوێژكارە ئاماژەی بەوەشدا، لەدوای تەواوبوونی خولەكە بەشێوەی دیجیتاڵ مۆڵەتی وانەوتنەوە و بڕوانامە دەبەخشرێتە بەشداریكەرانی خولەكە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

حكومەتی عیراق تەنها نیوەی خواستی كارەبای بۆ هاووڵاتییان دابینكردووە، پێشبینیش دەكرێت لە مانگی داهاتوودا خواست لەسەر كارەبا زیاتر ببێت.

روانگەی ئابوریی ئیكۆ عیراق لە راپۆرتێكدا بڵاویكردەوە، خواست لەسەر كارەبا لە عیراق لە نێوان 50 بۆ 55 هەزار مێگاواتدایه، بەڵام لە هاویندا ئەو ژمارەیە لە هەڵكشاندایە بەهۆی ئەوەی خواست لەسەر كارەبا زیاتر دەبێت.

راشیگەیاند، بەرهەمهێنانی راستەقینەی كارەبا لە ئێستادا‌ 28 هەزار مێگاوات زیاتر نییە لەبەر چەند هۆكارێك، لەوانە راگرتنی هاوردەكردنی غازی ئێرانی و كێشە لە وێستگەكان.

ئاماژەی بەوەشكردووە، چارەسەركردنی قەیرانی كارەبای عیراق سێ رێگەی پێویستە، یەكەمیان هاوردەكردنی غازی ئێران، دووەم هاوردەكردنی كارەبا لە وڵاتانی دراوسێ، سێهەمیشیان بەكرێدانی وێستگەكان بە قەتەر یان عومان بە ئامانجی بەرهەمهێنانی كارەبا.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عیراق ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی لەبارەی هێرشەکانەوە بۆسەر بنکە سەربازییەکانی عیراق ئاشکراکرد و رایگەیاند؛ سەرچاوەی هەموو هێرشەکان یەکن و بەوردی دیاریکراون.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە؛ لیژنەیەکی باڵای لێکۆڵینەوە بۆ بەدواداچوون لەو هێرشانەی کە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کراونەتە سەر چەند بنکەیەکی راداری سەربازی پێکهێنراون و گەیشتوونەتە چەند ئەنجامێکی گرنگ و یەکلاکەرەوە. 

لیژنەکە ئەم ئەنجامانەی خستەڕوو:

  • سەرچاوەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان: دەستنیشانکراوە کە فڕۆکەکان کڵاوەی جەنگییان بە کێشی جیاواز هەڵگرتووە و لە دەرەوەی عێراق دروستکراون.

  • شوێنی هەڵفڕین: شوێنی هەڵفڕینی فڕۆکەکان بە وردی دیاریکراوە و دەرکەوتووە کە لە چەند شوێنێکی دیاریکراوی ناو خاکی عیراقەوە هەڵفڕیون.

  • لایەنە تێوەگلاوەکان: ئەو لایەنانەی لە جێبەجێکردن و هەماهەنگیی ئەم کردەوە دوژمنکاریانەدا بەشداربوون، ئاشکرا کراون.

  • شیکاریی تەکنیکی: شیکارییەکی تەکنیکیی ورد بۆ سیستمی کۆنترۆڵ و پەیوەندیی فڕۆکەکان کراوە، کە وایکردووە لایەنە هەواڵگرییەکان زانیاریی ورد کۆبکەنەوە و پشتگیری لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان بکەن.

  • جۆری فڕۆکەکان: لیژنەی لێکۆڵینەوە دووپاتیکردەوە کە سەرجەم ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانە خۆکوژیانەی لە هێرشەکاندا بەکارهاتوون، لە هەمان جۆرن، ئەمەش بە ڕوونی دەریدەخات کە لایەنی جێبەجێکار یەک لایەن بووە.

لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا، هاتووە: کە "ئەم دەستدرێژییە پێشێلکارییەکی زەقی سەروەریی نیشتمانییە، و رێگە بە هیچ لایەنێک نادرێت، چ ناوخۆیی بێت یان دەرەکی، دەست بۆ ئاسایش و سەقامگیریی عێراق ببات."

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...4041424344...431