عەلی زەیدی كۆمەڵێك راسپاردەی بۆ وەزیرەكانی حكومەتەكەی دەركرد
لاوان
١٦ی ئایاری ٢٠٢٦
لە یەكەمین دانیشتنی ئەنجومەنی وەزیرانی نوێی عیراق، عەلی زەیدی كۆمەڵێك راسپاردەی بۆ وەزیرەكانی حكومەتەكەی دەركرد، وەك نەخشەرێگەیەكی كاركردن بۆ خزمەتكردنی هاووڵاتیان و باشتركردنی خزمەتگوزارییە گشتیەكان.
بەپێی راگەیەنراوی نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی عیراق، دیارترین راسپاردەكانی عەلی زەیدی لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران بۆ وەزیرەكان بریتیبوون لە، ئاشكراكردنی سەروەتەكانیان لەماوەی یەك هەفتەدا، ئەنجامنەدانی هیچ گۆڕانكارییەك لە وەزارەتەكانیاندا، دەستنیشانكردنی كارە پێشەنگەكانی وەزارەتیان لەماوەی 30 رۆژدا و تاوتوێكردنی لە ئەنجومەنی وەزیران.
هەر لە راسپاردەكاندا ئاماژە بۆ ئەوە كراوە، پەرەی زیاتر بە ئەنجومەنی نوێنەران بدرێت بۆ بەجێگەیاندنی رۆڵی چاودێری و یاسادانانی ئەنجومەنەكە، هەروەها كار بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و گەڕاندنەوەی پارە بە قاچاخبردراوەكانی عیراق بكرێت.
لە بەشێكی تری راسپاردەكاندا هاتووە، لەسەر بنەمای دەستور و یاسا كارپێكراوەكان كاروباری دەوڵەت بەڕێوەببرێت و هەماهەنگی لەنێوان دامەزراوەكانی دەوڵەتدا هەبێت، هەروەها سەردانی مەیدانی بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و جێبەجێكردنی بڕیارەكانی ئەنجومەنی وەزیران بكرێت.



