بانکی ناوەندیی عیراق بڵاویکردەوە، یەدەگی دراوی بیانیی وڵاتەکە بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە و هۆشداریش دەدەن لە بەردەوامیی کەمبوونەوەی داهاتی نەوت بەهۆی ئاڵۆزییە ئەمنییەکانی ناوچەکە کە کاریگەرییان لەسەر دابینکردنی وزە هەبووە.

بەپێی ئاماژە داراییەکانی بانکی ناوەندیی عیراق، یەدەگی دراوی بیانیی وڵاتەکە لە 95 ملیار دۆلارەوە بۆ نزیکەی 93 ملیار دۆلار دابەزیوە.

بەشێک لە ئابوریناسانی عیراقیش باس لەوە دەکەن کە هۆکاری سەرەکیی ئەم دابەزینە بەردەوامەی یەدەگی دراو، بۆ کەمبوونەوەی ئەو داهاتانە دەگەڕێتەوە کە لە هەناردەکردنی نەوتەوە دەست دەکەون.

باسم خودەیر وەزیری نەوتی عیراقیش پێشتر هۆشداری دابوو، ئاڵۆزییەکانی ئێستای ناوچەکە هەڕەشەن بۆ سەر گواستنەوەی وزە لەڕێگەی گەروی هورمزەوە. وتیشی، عیراق لە مانگی نیساندا تەنها 10 ملیۆن بەرمیل نەوتی لەڕێگەی گەروی هورمزەوە هەناردە کردووە.

ئەوەش لە کاتێکدایە، مانگێک پێش دەستپێکردنی ململانێکانی نێوان ئەمریکا، ئیسرائیل و ئێران لە 28ـی شوبات، بڕی 93 ملیۆن بەرمیل نەوت لە عیراقەوە هەناردە کرابوو.