کەشناسی عیراق: شەپۆلێکی بەهێزی خۆڵبارین ناوچەکە دەگرێتەوە
محەمەد رزگار
١٤ی ئایاری ٢٠٢٦
دەستەی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی عێراق هۆشداری دەداتە هاووڵاتیان لە هاتنی شەپۆلێکی چڕی خۆڵبارین کە لە رۆژی هەینییەوە زۆربەی ناوچەکانی وڵات دەگرێتەوە و کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر مەودای بینین دەبێت.
بە پێی راپۆرتی بەشی پێشبینی کەشوهەوا، پێشبینی دەکرێت لە رۆژی هەینی بەهۆی کاریگەریی بارستە هەوایەکی مامناوەند و چالاکبوونی خێرایی با، شەپۆلێکی خۆڵبارین لە ناوچەکانی رۆژئاوا، ناوەڕاست و باشوری رۆژئاوای عیراق دەست پێبکات.
دەستەی کەشناسی عیراق ئاشکرایکرد، سبەینێ خێرایی با لە نێوان (50 بۆ 60) کم/سەعات دەبێت، ئەمەش دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی تۆز و خۆڵێکی زۆر.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە ناوچە بیابانی و کراوەکاندا، مەودای بینین بۆ کەمتر لە یەک کیلۆمەتر کەمدەبێتەوە.
کەشناسی عیراق راشیگەیاند، شەپۆلەکە لە کاتەکانی شەوی هەینیدا بەرەو ناوچەکانی تری وڵات درێژدەبێتەوە و تا رۆژی شەممە لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشور بەردەوامی دەبێت.
کەشناسی داوا لە هاووڵاتیان دەکات، بەتایبەت شۆفێرانی رێگا دەرەکییەکان و ئەو کەسانەی نەخۆشیی (رەبۆ و هەستیاریی)یان هەیە، رێکاری پێویست بگرنەبەر و لە کاتی شەپۆلەکەدا بە وریاییەوە مامەڵە بکەن بۆ پاراستنی تەندروستییان.



