حکومەتی عێراق ڕایگەیاند، پێشتر زۆرینەی کوتلەکان لەناو ئەنجومەنی نوێنەران ڕێککەوتنیان کردووە بۆ تێپەڕاندنی، پڕۆژەیاسای پاڵپشتی خێرای ئاسایشی خۆراک و پەرەپێدان، کە لە ١٠ ماددە پێکھاتووە و بودجەکەی ٢٥ ترلیۆن دینارە، کە لە زیادەی نرخی نەوتی فرۆشراو دابین دەکرێت، بەڵام نوێنەرانی کورد لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژەیان بۆ ئەوەکردووە، جێگیرنەکردنی بەشێک لە داواکارییەکانی ھەرێمی کوردستان لە نێو پڕۆژەیاساکەدا یەکێکە لەو ھۆکارانەی کە پێناچێت یاساکە تێپەڕێندرێت، بە تایبەتی ئەو ماددەیەی کە پەیوەستە بە نۆژەنکردنەوەی بەشێک لە بەنداوەکان و تەواوکردنی پڕۆژە تەواونەکراوەکانی ئاو.
(بێگەرد تاڵەبانی) وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی ھەرێمیش ڕایگەیاند، سەردانی بەغدادی کردووە و پێشنیازیکردووە ئەو بودجەیەی لە (پڕۆژەیاسای کۆمەکی خێرای پەرەپێدانی ئاسایشی خۆراک) تەرخان دەکرێت، ھەرێمی کوردستانیش بگرێتەوە بۆ بابەتی وشکەساڵی و پەرەپێدانی کشتوکاڵی و پاڵپشتی جوتیاران و قەرەبووکردنەوەی زیانەکان.
چوارچێوەی ھەماھەنگی راگەیەندراوێکی سەبارەت بەو تۆمەتانە بڵاوکردەوە کە دەخرێتە پاڵیان بۆ پێکھێنانی حکومەت لەگەڵ ھاوپەیمانی سێقۆڵی و رایگەیاند، چەند ماڵپەڕ و پەیجێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاویان کردووەتەوە بەشێک لەلایەنەکانی ناو چوارچێوەی ھەماھەنگی لەگەڵ ھاوپەیمانی سیقۆڵی دەستیانکردوە بە پێکھێنانی حکومەت، بەڵام ھەموو ئەو ھەوڵانە رەتدەکاتەوە بەبێ بنەما ناویان دەبات.
لە بەشێکی تری راگەیەنراوەکەدا ھاتووە، ئامانج لە بڵاوکردنەوەی ئەو جۆرە ھەواڵانە چەواشەکردنی رایگشتییە ھیچ کاریگەرییەکیان لەسەر بۆچونەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگی و یەکڕیزیی و پێکەوەیی لایەنەکان نابێت.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکردوە، چوارچێوەی ھەماھەنگیی پابەندە بەو پرنسیپانەی دەستیپێکردوە بۆ پێکھێنانی حکومەت و پاراستنی گۆڕەپان و پێگەی ھاوڵاتیان و کوتلە سیاسییەکان.
سەرچاوەیەکی پزیشکی ئاشکرایکردوە، لە شاری ناسریەی سەر بە پارێزگای زیقار کچێکی تەمەن ٢٢ ساڵ دوای توشبوونی بە تای خوێنبەربوون گیانی لەدەستداوە، لە پارێزگای بابلیش حاڵەتێکی تری توشبوون بە تای خوێن بەربون تۆمار کراوە .
بەپێی دوایین ئاماری وەزارەتی تەندروستی عێراق، تا ئێستا ئامارەکانی گیان لەدەستدان بە تای خوێنبەربوون لە وڵاتەکەدا گەیشتووەتە ١٢ کەس و ٥٦ کەسیش توشبووی نەخۆشییەکەن، زۆرینەی حاڵەتەکانیش لە پارێزگای زیقار تۆمار کراوە .
عادل کەریم وەزیری کارەبای عێراق رایگەیاند، لانی کەم تا پێنج بۆ ١٠ ساڵی داھاتوو پێویستییان بە غازی سروشتی ئێران دەبێت بۆ بەرھەمھێنانی کارەبا، بۆ ئەو پرسەش لەگەڵ تاران رێککەوتنیان کردووە و لە ئێستادا ٣٥ بۆ ٣٨ ملیۆن مەتر سێجا غازی سروشتی لە ئێرانەوە ھاوردە دەکرێت.
ئاماژەی بەوەش کرد، لەگەڵ تاران رێککەوتن ئەنجامدراوە کە رۆژانە ٥٠ ملیۆن مەتر سێجا گازی سروشتی بۆ عێراق ھەناردە بکات و ھەتا ٥ بۆ ١٠ ساڵی دیکە عێراق پێویستی بە گازی سروشتی ئێران دەبێت.
وەزیری کارەبا رونیکردەوە، رۆژانە عێراق پێویستی بە ٢١ ھەزار مێگاوات کارەبایە و زۆرینەشی پشت بە گازی سروشتی ئێران دەبەستێت بۆ بەرھەمھێنانی.
عامری لە کۆبونەوەیەکیدا لەگەڵ پێدرۆ مارتینێس باڵیۆزی ئیسپانیا لە عێراق رایگەیاندووە، ھیچ ھێزێکی بیانی مافی ئەوەی نیە لە عێراقدا بمێنێتەوە و لە دوای رێککەوتی ٣١ ی کانونی یەکەمی ٢٠٢١ ەوە مانەوەیان لە عێراقدا نایاساییە.
سەبارەت بە قەیرانی سیاسیی عێراقیش رایگەیاندووە، تەواوی ھەوڵەکانیان خستوەتەگەڕ بۆ کۆتاییھێنان بە قەیرانی سیاسیی و پێکھێنانی حکومەتێکی نوێ کە خزمەتی عێراقییەکان بکات .
باڵیۆزی ئیسپانیاش دوپاتیکردەوە، کە پشتگیری لە سەروەری عێراق دەکەن و دەیانەوێت پەیوەندی بەھێز لەگەڵ عێراق دروست بکەن .
ئەمڕۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کۆدەبێتەوە، بەپێی بەرنامەی کاری کۆبوونەوەکە، ئەنجوومەنی نوێنەران خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژە یاسای رێگری لە ئاساییکردنەوە و دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل دەکات و لیژنە ھەمیشەییەکانی ئەنجوومەنی نوێنەران پێکدەھێنێت.
٢٤ی مانگی رابردوو، حەسەن عەزاری، سەرۆکی فراکسیۆنی رەوتی سەدر، رایگەیاند، پڕۆژە یاسایەکیان پێشکەشی ئەنجوومەنی نوێنەران کردووە، بۆ بە تاوانناساندنی ئاساییکردنەوە و دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل.
سەرچاوە سیاسییەکان رایانگەیاندووە، سەرباری بەردەوامی کۆبوونەوەی لایەنەکان کە دواترینیان کۆبوونەوەی سەرکردەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگی بوو لە ماڵی "فالح فەیاز" و کۆبوونەوەی ھاوپەیمانی رزگاری نیشتمان لە ھەولێر و کۆبوونەوەی سەربەخۆکان، ھیچ ئاماژەیەکی رێککەوتن لەسەر پێکھێنانی حکومەت نییە.
ئەمڕۆش ئەو وادە ٤٠ رۆژییە کۆتاییدێت، کە "موقتەدا سەدر" سەرۆکی رەوتی سەدر دایە لایەنەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگی بۆ پێکھێنانی حکومەتی نوێ بەبێ رەوتی سەدر، بەڵام تا ئێستا چوارچێوە سورە لەسەر پێکھێنانی حکومەتی تەوافوقی و رەوتی سەدریش داوای پێکھێنانی حکومەتی زۆرینە دەکات.
سەرچاوەیەکی ئەمنی رایگەیاند، بۆمبێکی چێندراو کاروانێکی لۆجستی ھێزەکانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە سنورەکانی پارێزگای دیوانیە کردۆتە ئامانج، بەڵام ھیچ زیانێکی لێنەکەوتەوە.
بە ئامانجگرتنی ھێزەکانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە پارێزگاکانی عێراق، لە دوای کوشتنی قاسم سولەیمانی و ئەبو مەھدی موھەندس لە نزیک فڕۆکەخانەی بەغداد لە ساڵی ٢٠٢٠، زیادی کردووە، بەڵام زۆربەی ھێرشەکان بێ زیان تێدەپەڕن.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق، رایگەیاند، نزیکەی ٢٦٠ ھەزار پەنابەری سوری بە شێوەیەکی رەسمیی لە عێراق تۆمار کراون، بەڵام دەیان ھەزار پەنابەری تری سوری لە شارەکانی عێراقن، کە لە دەرەوەی تۆمارە رەسمییەکانی کۆمیسیۆنی نەتەوەیەکگرتووەکانن بۆ کاروباری پەنابەران.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق، پشتیووانییەکانی بۆ نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروباری سوریا دووپاتکردەوە، بۆ کۆتاییھێنان بە قەیرانی سوریا و نەھامەتییەکانی گەلی ئەو وڵاتە.
لە سەرەتای دەستپێکردنی ئاڵۆزییەکانی سوریا، کە ١١ ساڵە بەردەوامن، نزیکەی ١٣ ملیۆن ھاووڵاتی ئەو وڵاتە ماڵوحاڵی خۆیان بەجێھێشت و ئاوارەی ناوخۆ و دەرەوەی سوریا بوون.
بە پێی پرۆژە یاساکە سەرجەم پەیوەندییە سەربازی و سیاسی و ئابووری و ھونەری و دیبلۆماسییەکان لەگەڵ ئیسڕائل قەدەغە دەکات و پەیوەندی هەر بەرپرسێکی عێڕاقی لەگەڵ ئیسڕائیل بە تاوان ئەژمار دەکرێت.
دانیشتنەکەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێڕاق لە کاتێکدایە پێشتر چەند بەرپرسێکی حکومەتی عێڕاق ئاسای بوونەوەی پەیوەندی عێڕاق و ئیسڕائیلیان بە شتێکی مەحاڵ نەزانیبوو و رایانگەیاندبوو دەکرێت ھەلومەرج بگۆڕێت و پەیوەندییەکانی عێڕاق و ئیسڕائلیش ئاسای ببێتەوە.
بۆ ئەو مەبەستە بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی دانەویڵە لە وەزارەتی بازرگانی عێراق، لەگەڵ باڵێۆزی ڕۆمانیا لە عێراق کۆبووەتەوە، بۆ گفتوکردن لەسەر چۆنێتی ھاوردەکردنی گەنم و دانەویڵە لە رۆمانیاوە.
لایەنی عێراقی جەختیکردووەتەوە، گرنگە حکومەتی ڕۆمانیا بەشداری بکات لەو کەمکردنەوانەی، کە حکومەتی عێراق ڕایاندەگەیەنێت بۆ ھاوردەکردنی گەنم و دانەوێڵە لە دەرەوە.
لە دوای سەرھەڵدانی شەڕی ئۆکراینەوە، کە پێشتر عێراق بەشێک گەنمی لەو وڵاتەوە ھاوردە دەکرد، بە شوێن سەرچاوەی دیکەی ھاوردەکردنی گەنمدا دەگەڕێت.
لە ماوەی ڕابردووشدا عێراق گفتوگۆی لەگەڵ ئوسترالیا و وڵاتانی دیکەدا کردووە، بە مەبەستی ھاوردەکردنی گەنم و دانەوێڵە و بایەخدان بە یەدەگی ستراتیژی گەنم لە کۆگاکانی وڵاتەکەیدا.
دادگای باڵای فیدراڵی عێراق دانیشتنێکی لەبارەی دەستوریبوون و نادەستوریبوونی ناردنی ٢٠٠ ملیار دینارەکە بۆ ھەرێمی کوردستان ئەنجامدا و لە کۆتاییشدا دادگای فیدراڵی دانیشتنەکەی بۆ ١٢ی حوزەیران دواخست.
دادگای فیدراڵی داوای لە نوێنەرانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و دیوانی چاودێری دارایی کردووە لە دانیشتنی داھاتوودا ئامادە بن بۆ ئەوەی کۆتایی بە دۆسێکە بھێنن و بڕیاری کۆتایی بدەن.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، حکومەتی عێراق تۆپبارانەکانی ئێران ئیدانەی دەکات، کە کردوویەتییە سەر چەند ناوچەیەکی سەر بە پارێزگای ھەولێر لە ھەرێمی کوردستان.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لەگەڵ ئەوەی جارێکی دیکە دووپاتی دەکەنەوە کە نابێت خاکی عێراق بەکاربھێندرێت بۆ ھەڕەشەکردن لەسەر ئاسایشی وڵاتانی دراوسێ، لە ھەمان کاتدا جەختیش دەکەنەوە لە بایەخی گفتوگۆ بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییە ئەمنییەکان، بە شێوەیەک کە سەروەریی عێراق پارێزراو بێت و ئارامی و ئاسایش لە ناوچەکەدا بەرقەرار بکات.
ئەوەش لە کاتێکدایە، پەیامنێری کوردسات نیوز ڕایگەیاند، تۆپخانەکانی ئێران گوندەکانی "کەتینە و ناوروبارا و بن پەرێزە و گۆڕا سایە و بەربزین و کانی شیلان"یان لە سنووری برادۆست، تۆپباران کرد و ناو بە ناو بۆدرومانەکانیان دەوەستێت و دەستپێدەکاتەوە. ڕاشیگەیاند، ئەمساڵ ئەوە یەکەمجارە ئێران سنووری برادۆست تۆپباران دەکات.
دوای ئەو سەردانەش باڵیۆزی نوێی ئێران، چووە باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی لە بەغداد، بۆ ئەوەی بە ڕەسمی ئەرکەکانی وەربگرێت لە جێگەی (ئیرەج مەسجیدی) باڵیۆزی پێشووی ئێران لە عێراق.
سەعید خەتیبزادە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، محەمەد کازم ئال سادق وەک باڵیۆزی نوێی ئێران لە بەغداد دەستبەکار بووە.
باڵیۆزی نوێی ئیران ماوەی چەند ساڵێک لە باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی لە بەغداد کاریکردووە و جێگری یەکەمی باڵیۆزی پێشووی ئێران بووە لە بەغداد.
محەمەد کازم ئال سادق، لە شاری نەجەف لە بنەماڵەیەکی ئایینی لە دایک بووە و زمانی عەرەبی و شێوەزاری عێراقی بە شێوەیەکی زۆر باش دەزانێت.
سەرۆکی فراکسیۆنی سەدر لە تویتەر نوسیوویەتی، دوای ئەوەی بۆ ھەمووان سەلماندیان پابەندنین بە دەسەڵات و دەرفەتی زێڕینیان بەخشییە سەربەخۆکان بۆ پێکھێنانی حکومەت، وەڵامی ھەندێکیان گەڕاوەتەوە و ڕەتیانکردووەتەوە، بەڵام ئەوان بەردەوام دەبن لە چاکسازی و ململانێی سیاسییان لە پێناو چاکسازییە نەک دابەشکردنی دەستکەوتەکانی دەسەڵات.
لەلایەکی ترەوە عەدنان جابری پەرلەمانتاری سەربەخۆ ڕایگەیاند، سەربەخۆکان بە نیازن دەستپێشخەریەک بۆ تێپەڕاندنی چەقبەستوویی سیاسی ڕابگەیەنن.
وتیشی، ھیچ دابەشبوونێک لە نێو سەربەخۆکاندا نیە و مەرجیان ھەیە بۆ بەشداریکردن لە دانیشتنی تەواوکردنی سێ سەرۆکایەتییەکە.