سەرۆك وەزیرانی عیراق رۆژی 30 ئەیلولی وەك دوا وادە بۆرادەستكردنی چەكی گروپە چەكدارەكان داناوەو لەدوای ئەو وادەیە بە یاسای تیرۆر مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێت.
ئاژانسی هەواڵی عیراقی دەقی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری بڵاوكردوەتەوە، ئەوەش لە ژێر رۆشنایی بریاری حكومەت بۆ كۆنتڕۆڵكردنی چەك و ئاماژەی بەوەكردووە، لایەنە پەیوەندیدارەكان دوای 30ی ئەیلول بەپێی ئەو یاسایە مامەڵەیان لەگەڵ دەكەن.
لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا هاتووە، هەر كردەوەیەكی تاوانكاری تاكێك یان گروپێك ئەنجامی دەدات كە كەسێك یان كۆمەڵە كەسێك یان دامەزراوەیەك بكاتە ئامانج و ئاسایش تێكبدات كردەوەی تیرۆرستییە.
باس لەوەشكراوە، توندوتیژی یان هەڕەشەكردن كە ئامانج لێی دروستكردنی ترس و تۆقاندن بێت لەنێو خەڵكدا و ژیانیان بخاتە مەترسییەوە و هەڕەشە بۆ هەڵگیرساندنی ئاژاوەی یان شەڕی ناوخۆ و و هێرشكردنە سەر بنكەكانی سوپا و هێزە ئەمنییەكان بە تیرۆر دادەنرێت و سزای تیرۆریان بەسەردا دەسەپێنرێت.
هاتووچۆی ئاسمانی لە عیراق گەشەیەکی بەرچاو بەخۆیەوە دەبینێت، بەپێی ئامارەکانی کۆمپانیای گشتیی بەڕێوەبردنی فڕۆکەخانەکان و خزمەتگوزارییە ئاسمانییەکان، رێژەی بەکارهێنانی ئاسمانی عیراق لە مانگی تەممووزی 2026دا بەراورد بە مانگی حوزەیران26.8٪ زیادی کردووە.
عەلی نیعمە، بەڕێوەبەری بەشی بەڕێوەبردنی جووڵەی ئاسمانی ئاماژەی بەوە کرد کە رەخسانی کەشوهەوای ئارامی ناوچەکە، بەگەڕخستنەوەی رێڕەوە کۆنەکان و کردنی هێڵی نوێی ئاسمانی هۆکاری سەرەکیی ئەم بەرزبوونەوەیەن، جەختیشی کردەوە لەسەر پابەندبوونی تەواوی کۆمپانیاکەیان بە پێوەرە نێودەوڵەتییەکان.
نیعمە ئاماژەی بەوەکرد: تەنها لە مانگێکدا بەکارهێنانی ئاسمانی عیراق لەلایەن فڕۆکەکانەوە بەڕێژەی26.8٪ زیادی کرد. وجەختیشی کردەوە: ئەم گەشەیە لە مانگی تەممووزدا بەهۆی هێوربوونەوەی گرژییەکانی ناوچەکە و چالاککردنەوەی ژمارەیەک هێڵی ئاسمانی نوێ و کۆن هاتووچۆیە.
لێژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق جەخت دەكاتەوەلەوەی موچەی ساڵی 2026 مسۆگەر كراوە، بەڵام قۆناغی داهاتوو پێویستی بە رێكخستنەوەی و پێداچوونەوە بە خەرجیەكان هەیە.
ریاز تەمیمی، ئەندامی لێژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، رایگەیاند، لێژنەكە كار لەسەر پێكهێنانی تیمێك دەكات بۆ پێداچوونەوە بە سەرجەم گرێبەستەكانی كۆكردنەوەی داهات لە دامودەزگاكانی دەوڵەتدا، بە ئامانجی زانینی قەبارەی داهاتی بەدەستهاتوو و رێژەی ئەو پشكەی كە دەوڵەت بەدەستی دەهێنێت بەراورد بە پشكی وەبەرهێنەر.
روونیشیكردەوە، هەندێك گرێبەست هەن كە تێیدا پشكی وەبەرهێنەر دەگاتە 75%ی داهاتەكان بەرانبەر بە 25% بۆ دەوڵەتە یان كەمتر ، جەختیشی لەسەر پێویستیی زانینی ئەو بنەمایانە كردەوە كە ئەو رێژانەیان دیاریكردووە و تا چەند سوودێكی ڕاستەقینە بۆ گەنجینەی گشتی دابین دەكەن.
لە كۆتاییشدا، دوپاتی كردەوە، موچەی ساڵی 2026 مسۆگەرە، بەڵام قۆناغی داهاتوو پێویستی بە پێداچوونەوە بە خەرجییەكاندا هەیە، جەختیشی لەسەر پێویستیی پێشوازیكردن لە ساڵی 2027 بە چارەسەری دارایی راستەقینە كردەوە كە پشت بە زیادكردنی سەرچاوەكان و چاكسازی ببەستێت و دووربكەوێتەوە لە پەنابردن بۆ قەرزكردن.
وەزارەتی دادی عیراق داوایەکی یاسایی لە بەردەم دادگاکانی ئەردەن بە قازانجی کۆمپانیای گشتیی دەرمانی سامەڕا بردەوە، دوای ئەوەی دادگای تەمییزی ئەو وڵاتە کۆمپانیایەکی ئەردەنیی پابەند کرد بە گەڕاندنەوەی پارە بۆ عیراق بەهۆی پێشێلکردنی مەرجەکانی گرێبەستی دابینکردنی کەلوپەل.
فەرمانگەی یاسایی لە وەزارەتی دادی عیراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە، بردنەوەی داوایەکی دادوەری لە بەردەم دادگاکانی ئەردەن راگەیاند، بە قازانجی کۆمپانیای گشتیی پێشەسازیی دەرمان و پێداویستییە پزیشکییەکان لە سامەڕا کە سەر بە وەزارەتی پێشەسازییە.
هەیسەم محێ رادی، بەڕێوەبەری فەرمانگەی یاسایی لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: فەرمانگەی یاسایی لە وەزارەتی داد داوایەکی دادوەری لە بەردەم دادگاکانی ئەردەن بردەوە، و بڕیارێک دەرچوو کە کۆمپانیایەکی ئەردەنی پابەند دەکات بە دانانی بڕێک پارە بۆ قازانجی کۆمپانیای گشتیی پێشەسازیی دەرمان و پێداویستییە پزیشکییەکان لە سامەڕا.
ئاماژەی بەوەش کرد: ئەم دەستکەوتە بەرئەنجامی هەوڵە بەردەوامەکانی فەرمانگەی یاساییە لە بەدواداچوونی داواکە و داکۆکیکردن لە هەموو دانیشتنەکانی دادگادا لە هەڵوێستی کۆمپانیا عیراقییەکە، کە پێشتر گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیایەکی ئەردەنیدا کردبوو بۆ دابینکردنی پێداویستییە پزیشکییەکان، بەڵام کۆمپانیا ئەردەنییەکە پابەندی رێککەوتنەکە نەبووە و کەلوپەلی ناتەبای لەگەڵ تایبەتمەندییە دیاریکراوەکان بۆ کۆمپانیای دەرمان رەوانە کردبوو.
جەختیشی کردەوە: ئەم دەستکەوتە ئاماژەیە بۆ پەرۆشیی وەزارەتی داد بۆ پاراستنی سامانی گشتی و پاراستنی مافەکانی دەوڵەت و دامەزراوەکانی لە بەردەم دادگا نێودەوڵەتییەکاندا، و بەرزیی ئاستی لێهاتوویی و ئەزموونی کادرە یاساییەکان لە بەڕێوەبردنی کەیسە نێودەوڵەتییەکاندا پێشان دەدات.
هاوپەیمانی بەرێوەبردنی دەوڵەت بە ئامادەبوونی سەرۆك كۆمار، سەرۆك وەزیران، سەرۆكی پەرلەمان، سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەری و سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەڕێوەچوو.
لە كۆبوونەوەكەدا رەوشی سیاسی، ئاسایش، ئابووری و خزمەتگوزارییەكان بەوردی تاوتوێ كران و بەتوندی سەركۆنەی هێرشەكانی سەر هێزە چەكدارەكانی عیراق كرا.
لە كۆبوونەوەكەدا جەخت لە كۆنتڕۆڵكردنی چەك لەدەستی دەوڵەتدا كرایەوە و ئاماژە بەوە كرا كە دوای 30ی ئەیلوولی 2026، بەپێی یاسای دژەتیرۆر مامەڵە لەگەڵ هەر چالاكییەكی چەكداری لەدەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەتدا دەكرێت.
لە لایەكی ترەوە، بەشداربووان جەختیان لە هەمەجۆركردنی دەروازەكانی هەناردەكردنی نەوت، زیادكردنی داهاتی نانەوتی و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی كردەوە.
لەسەر ئاستی هەرێمیش، پشتیوانی عیراق بۆ دانوستان، پاراستنی ئاسایشی سنوورەكان و پەرەپێدانی پەیوەندییەكان لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە سەروەریی ولاتان دووپات كرایەوە.
لە كۆتاییدا داواكرا پەلە بكڕێت لە تەواوكردنی كابینەی حكومەت و ناردنی بەرنامەكەی بۆ پەرلەمان.
ئەم هاوپەیمانییە سیاسیە لە لایەنە سەرەكییەكانی شیعە و سوننە و كورد بۆ بەڕێوەبردنی حكومەت و پاراستنی سەقامگیری لە ئەیلولی 2022 پێكهێنراوە.
بەلیغ ئەبو کلەل، سەرۆکی جێبەجێکاری دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی عیراق رایگەیاند، ئامارەکان سەرکەوتنی پلانی نیشتمانیی پەیوەندییەکان دەسەلمێنن کە بە هەماهەنگی لەگەڵ کۆمپانیاکانی مۆبایل و لایەنە پەیوەندیدارەکان لە میانی زیارەتی چلەدا جێبەجێ کرا.
ئەبو کلەل لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد: لە ماوەی نێوان 21ی تەمووز تا 4ی ئابی 2026، کۆی گشتیی پەیوەندییە تەلەفۆنییە ئەنجامدراوەکان لە پارێزگای کەربەلا گەیشتووەتە 208.4 ملیۆن پەیوەندی، کە بەسەر (205.6) ملیۆن پەیوەندیی ناوخۆیی و (2) ملیۆن پەیوەندیی نێودەوڵەتیدا دابەش بوون.
هەروەها کۆی گشتیی کورتە نامەکان (SMS) گەیشتووەتە 25.6 ملیۆن نامە (21.3 ملیۆن ناوخۆیی و 4.2 ملیۆن نێودەوڵەتی).
سەرۆکی جێبەجێکاری دەستەکە روونیشی کردەوە: قەبارەی هێڵی ئینتەرنێت و داتای ئاڵوگۆڕکراو لە رێگەی تۆڕەکانەوە گەیشتووەتە 30.5 هەزار تیرابایت، کە ئەمەش توانای ژێرخانی تۆڕەکانی پەیوەندی دەردەخات لە لەخۆگرتنی ملیۆنان بەکارهێنەر و پاراستنی کوالیتیی خزمەتگوزارییەکان.
سەبارەت بە بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، ئەپڵیکەیشنی "تیک تۆک" لە پلەی یەکەمدایە بە قەبارەی 4.3 هەزار تیرابایت داتا، دوای ئەویش:
ئینستاگرام: 2.9 هەزار تیرابایت
فەیسبووک: 2.5 هەزار تیرابایت
یووتیووب: 1.2 هەزار تیرابایت
واتسئەپ: 867 تیرابایت
تێلیگرام: 376 تیرابایت
دامەزراوەیەكی ژینگەییی ئاشكرایدەكات، لە ماوەی سێ دەیەی رابردوودا 15جۆر كارەساتی ژینگەیی لە عیراقدا تۆماركراون، هۆشداریشیدا لە فراوانبوونی بە بیابانبوون.
روانگەی عیراقی سەوز راپۆرتێكی بڵاویكردەوە، کە تییدا ئاماژەبەوە دەکات کە لە ماوەی سێ دەیەی رابردوودا 15جۆر كارەساتی ژینگەیی، و مرۆیی لە عیراقدا تۆمار كراون، كە بوونە هۆی تێكچوونێكی سامانە سروشتییەكان و سیستمی ژینگەیی و كەمبوونەوەی بەرهەمی كشتوكاڵی و قووڵبوونەوەی فشارەكان لەسەر سامانە ئاوییەكان.
راپۆرتەكە ئاماژەی بەوەشداوە، نوێترین داتای نیشتمانی دەردەخات نزیكەی 55.5%ی رووبەری عیراق هەڕەشەی بیابانبوونی لەسەرە، لە كاتێكدا رێژەی زەوییە تێكچووەكان نزیكەی 23.2%ی رووبەری وڵات پێكدەهێنێت، ئەمەش قەبارەی فراوانبوونی ئاڵنگارییە ژینگەیییەكان دەردەخات.
روانگەكە هۆشدارییدا لەوەی، بەردەوامبوونی ئەم كارەساتە كەڵەكەبووانە هەڕەشە لە ئاسایشی ئاو، خۆراك و تەندروستی هاووڵاتییانی عیراق دەكات و داواشی كرد پلانێكی نیشتمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی بیابانبوون دابنرێت.
عەلی سەعدی وەهیب، وەزیری کارەبای عیراق بە رەسمی داوای لە دەستەی دەستپاکی عیراق کردووە بۆ وردبینیکردن لە سەروەت و سامانی ئەوانەی لە ساڵی 2005 تا 2026 پۆستیان لە وەزارەتی کارەبا هەبووە.
بەپێی بەڵگەنامەیەکی رەسمیی وەزارەتی کارەبا کە ئاڕاستەی سەرۆکی دەستەی دەستپاکی کراوە، لیستێک لە ناوی وەزیرەکان، وەکیلەکان، بەڕێوەبەرە گشتییەکان و خاوەن پلە تایبەتەکان کە لە نێوان ساڵانی 2005 تا 2026 لە وەزارەت و دامەزراوەکانیدا کاریان کردووە رەوانەکراوە، بە مەبەستی پشکنینی دارایی و وردبینیکردن لە سەروەت و سامانی خۆیان و کەسوکاریان.
ئەم رێکارە لە چوارچێوەی بەهێزکردنی شەفافیەت و پاراستنی سامانی گشتیدا ئەنجام دراوە، تا بەپێی ڕێنماییەکانی ژمارە 2ی ساڵی 2017ی تایبەت بە ئاشکراکردنی دارایی رێکاری یاسایی پێویست بگیرێتە بەر.
سوریا سوپای وڵاتەكەی خستە حاڵەتی ئامادەباشی سەربازییەوە و بە درێژایی سنوری عیراق هێزێكی زۆری ئەمنیی بڵاوەپێكرد، پاسەوانی سنوری عیراقیش دەڵێت، رەوشی سەر سنوور لەگەڵ سوریا ئارامە.
پەیامنێری كوردسات نیوز لە سوریا رایگەیاند، سوپای سوریا خراوەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە و بە درێژای سنووری عیراقیش هێزێكی زۆری ئەمنی لە دیوی سوریاوە بڵاوەی پێكراوە، وتیشی، تائێستا حكومەتی سوریا هیچ روونكردنەوەیەكی لەوبارەیەوە بڵاونەكردووەتەوە.
هاوكات، فەریق محەمەد عەبدولوەهاب فەرماندەی پاسەوانی سنوری عیراق رایگەیاند، رەوشی سەر سنوری عیراق و سوریا ئارامە، رێوشوێنە سەربازییەكانیش لە دیوی سوریاوە بە هەماهەنگی لەگەڵ عیراق ئەنجامدراون.
ئەوەشی خستەڕوو، هیچ هەڕەشەیەك لەسەر سنوری عیراق و سوریا نییە، بەردەوامیش لە گفتوگۆدان لەگەڵ هاوتا سوریەكانیان بۆ پاراستنی ئاسایشی سنووری نێوان هەردوو وڵات.
سنوری نێوان عیراق و سوریا نزیكەی 600 كیلۆمەتر درێژە و سێ دەروازەی سەرەكی لەخۆگرتووە، ئەوانیش دەروازەكانی ئەلیەعروبیە – رەبیعە، قائیم- ئەلبوكەمال- وەلید- تەنەف.
بۆ رێگری لە گەندەڵی و بەهەدەردانی سەرمایەی گشتی، سەرۆک وەزیرانی عیراق رێنماییدا بە ئەنجامدانی وردبینیی پێشوەختە بۆ سەرجەم گرێبەستە حکومییەکان پێش ئیمزاکردنیان.
عەلی زەیدی، سەرۆکی ئهنجومهنی وەزیران، ئەمڕۆ سێشەممە، سەردانی بارەگای دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵی کرد و سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی هاوبەشی کرد بە ئامادەبوونی، سەرۆکی دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵی، سەرۆکی دەستەی دەستپاکی، و وەزیری دارایی.
کۆبوونەوەکە تایبەت کرابوو بە تاوتوێکردنی میکانیزمەکانی بەهێزکردنی چاودێریی پێشوەختە، پاراستنی سەرمایەی گشتی و پەرەپێدانی رێکارەکانی وردبینی لە گرێبەستە حکومییەکاندا.
سەرۆک وەزیران جەختی لەوە کردەوە: بەرپرسیارێتی پێویستی بە کارکردنی جدی، بەدەستهێنانی دەستکەوت و ئەنجامدانی ئەرکەکان بە باشترین شێوە هەیە، و روونی کردەوە کە دەبێت سەرجەم لایەنەکان بەرپرسیارێتییە یاسایی و نیشتمانییەکانی خۆیان هەڵبگرن.
زەیدی رێنماییدا بە پەیڕەوکردنی بنەمای "وردبینیی پێشوەختە" بۆ گردبەستەکان پێش ئیمزا کردنیان، وەک رێکارێکی خۆپارێزی کە ئامانجی چارەسەرکردنی کێشەکانە پێش رودانیان، چونکە ئەمە وەک پارێزبەندییەک وایە بۆ دامەزراوەکان.
هەروەها داوای لە دیوانی چاودێریی دارایی و دەستەی دەستپاکی کرد کە ببنە چاوی دەوڵەت بۆ دۆزینەوەی کەلەبەرەکان و چارەسەرکردنیان پێش ئەوەی ببنە کێشە یان پەڕاوی گەندەڵی.
لە کۆبوونەوەکەدا، سەرۆک وەزیران رێنماییدا بە پێکهێنانی تیمێکی پسپۆڕ لە دیوانی چاودێریی دارایی کە ئەرکی وردبینیی پێشوەختەی گردبەستەکان لەئەستۆ بگرێت، بە مەرجێک ماوەکەی لە دە رۆژی کاری تێنەپەڕێت، هاوکات بڕی ئەو گردبەستانەش دیاری بکرێن کە دەکەونە ژێر ئەم جۆرە وردبینییە، بە جۆرێک خێرایی لە ئەنجامدان و کارامەیی لە چاودێری بەدەستبهێنرێت.
وەزارەتی نەوتی عیراق رایگەیاند، ئەو کەشتیانەی نەوتی عیراقیان هەڵگرتووە، بە سەلامەتی گەروی هورمزیان تێپەراند، ئاماژەی بەوەشکردوە بەردەوامن لە فرۆشتنی نەوتی خاو
سەلیم رکابی، وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عیراق رایگەیاند، جوڵەی گواستنەوەی نەوتی خاوی عیراق لەرێگەی گەروی هورمزەوە بەردەوامە و کەشتییە نەوتهەڵگرەکانیان بە شێوەیەکی ئاسایی بە گەروەکەدا تێدەپەڕن.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکردوە ،دوا تێپەراندنی گەروەکە بەرپرسیارێتیی رێڕەوی کەشتییەکان و وەرگرتنی مۆڵەتە پێویستەکان و پرۆسەی گواستنەوەکە بەتەواوی دەکەوێتە ئەستۆی کڕیارەکان و وەزارەت خاوەندارێتی ئەو کەشتییانە ناکات کە بەشێکیان بارەکەیان دوو ملیۆن بەرمیل نەوتە.
وتەبێژی وەزارەتی نەوت باسی لەوەشکردوە، کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عیراق (سۆمۆ) راستەوخۆ لەڕێگەی سیستەمی جیهانیی چاودێرییەوە بەدواداچوون بۆ جوڵەی کەشتییەکان دەکات تاوەکو گەیشتنیان بە پاڵاوگەکان.
سەبارەت بە ئاستی هەناردەکردنیش، ناوبراو جەختی لەسەر بەرزبوونەوە و باشتربوونی پلە بە پلەی فرۆشی نەوتی عیراق کردەوە لە مانگەکانی دواییدا و رایگەیاند، ئەنجامی فرۆشتنی مانگی رابردوو لە مانگەکانی پێشوتر باشتر بووە، ئەمەش نیشانەی چاکبوونەوەی بەردەوامی ئاستی هەناردەکردنەوەیە بەراورد بەو قۆناغەی دوای قەیرانی هەناردەکردن لە ێگەی گەروی هورمزەوە هاتە ئاراوە.
ئەمەش لە کاتێكدایە، دوێنێ 3ـی8ـی2026، وەزیری نەوتی عیراق رایگەیاند لە گفتوگۆدان لەگەڵ ئێران تا کەشتیە نەوتهەڵگرەکانیان گەروی هورمز تێپەڕێنن.
وەزیری نەوتی عیراق رایگەیاند، سەرەڕای ئەوەی لەگەڵ تاران لە گفتوگۆدان بۆ ئەوەی رێگە بەکەشتییە نەوتهەڵگرەکانیان بدات، بە ئاسانی و بەبێ کێشە گەروەکە تێپەڕێنن، پلانیشان هەیە بەشێک لە نەوتی کێڵگەكانی باشور لەرێگەی تورکیاوە هەناردە بکەن.
باسم محەمەد خەزیر، وەزیری نەوتی عیراق رایگەیاند، پلانێکی گەورەیان هەیە بۆ گواستنەوەی بەشێک لە نەوتی کێڵگەكانی باشور لە رێگەی بۆرییەکانی باکورەوە بە ئامانجی گەیشتن بە رێژەی هەناردەکردنی زیاتر لە 700 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا، ئەمەش وەک جێبەجێکردنی رێککەوتنی عیراق و تورکیا.
باسم محەمەد، ئاشکرای کردوە، لە ئێستادا، لەگەڵ تاران لە گفتوگۆدان تا ئاسانکاری بۆ کەشتییە نەوتهەڵگرەکانیان بکرێت، گەروەکە تێپەرینن و هیواشی خواستوە لە رۆژانی داهاتودا لێکتێگەیشتنی گەورە بەدەست بهێنن.
وەزیرەکەی عیراق، ئاماژەی بەوەش کرد، کە لە 1ی ئەم مانگەدا رێککەوتنێکی گرنگ لەگەڵ تورکیا ئیمزاکراوە بۆ درێژکردنەوەی لێکتێگەیشتنە نەوتییەکان بۆ ماوەی ساڵێک.
ناوبراو جەختیشیکردوەتەوە، حکومەت دەیەوێت پەیوەندییە ئابورییەکان و هاوبەشی لەگەڵ سەرجەم وڵاتانی دراوسێ بەهێز بکات بۆ پشتیوانیکردن لە ئابوریی نیشتمانی و خەرجکردنی داهاتەکان بۆ پەرەپێدانی ژێرخانی وڵات.
وەزارەتی دارایی عیراق بە رەسمی داوای لە ئەنجومەنی نوێنەران کرد لە نزیکترین دانیشتندا میوانداریی فالح ساری وەزیری دارایی بکەن، بە مەبەستی خستنەڕووی رەوشی ئابوریی وڵات.
وەزارەتی دارایی عیراق بڵاویکردەوە، وەزیری دارایی عیراق بە رەسمی داوای لە سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی نوێنەران کردووە، لە نزیکترین دانیشتندا میوانداریی بکەن، بە مەبەستی خستنەڕووی رەوشی دارایی و ئابوریی وڵات و رونکردنەوەی گرنگترین ئەو ئاڵەنگارییانەی روبەڕووی دارایی گشتی بوونەتەوە، لە چوارچێوەی گۆڕانکارییە ناوچەیییەکانی ئێستادا.
فالح ساری، وەزیری دارایی رایگەیاندووە؛ داواکارییەکەیان بۆ میوانداریکردنی لە پەرلەمان لە سۆنگەی پەرۆشیی وەزارەتەکەیانەوەیە بۆ ئاگادارکردنەوەی نوێنەرانی گەل لە وێنەیەکی دروستی رەوشی ئابوری، جەختیشی کردووەتەوە لەسەر خستنەڕووی ئەو رێکارانەی وەزارەت گرتوویەتیەبەر بۆ دەستەبەرکردنی جێبەجێکردنی پابەندبوونییە سەرەکییەکانی دەوڵەت و بەردەوامیدان بە بەرنامەکانی چاکسازیی دارایی و کارگێڕی.
سەرۆک وەزیرانی عیراق لە ساڵیادی جینۆسایدی ئێزدییەکاندا، جەخت لەسەر یەکلایکردنەوەی چارەنووسی رفێندراوە ئێزدییەكان دەکاتەوە.
عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عیراق رایگەیاند، لە ساڵیادی ئەو جینۆسایدەی کە رێکخراوی تیرۆریستی داعش دژی خوشک و برا ئێزدییەکانمان و سەرجەم پێکهاتەکانی دیکەی گەلەکەمان ئەنجامیدا، یادی یەکێک لە دڕندەترین تاوانەکان دەکەینەوە کە ویژدانی مرۆڤایەتی هەژاند.
ئاماژەی بەوەشکرد، جەخت دەکەنەوە کە وەفاداری بۆ قوربانییان بەدیهێنانی دادپەروەری، ئاشکراکردنی چارەنووسی رفێندراوان، چاودێریکردنی رزگاربووان، ئاوەدانکردنەوەی شەنگال و زامنکردنی گەڕانەوەی ئارەزوومەندانە و ئارام و شایستەی ئاوارەکان دەبێت.
سەرۆک وەزیرانی عیراق ئەوەشی خستەڕوو، دەوڵەت وەک زامنی مافی تەواوی هاووڵاتییانی دەمێنێتەوە، بەردەوام دەبێت لە پاراستنی سەروەریی عیراق، چەک تەنها لە دەستی دەوڵەتدا دەبێت، وشککردنی سەرچاوەکانی گەندەڵی، و بەردەوامبوون لە چەسپاندنی ئاسایش، سەقامگیری، گەشەپێدان و دادپەروەری، بە شێوەیەک کە کەرامەتی تەواوی عیراقییەکان بپارێزێت و رێگری لە دووبارەبوونەوەی تاوانی لەم شێوەیە لە داهاتوودا بکات.
نزار ئامێدی، سەرۆک کۆماری عیراق، لە 12هەمین ساڵیادی جینۆسایدی ئێزدییەکاندا رایدەگەیەنێت، دۆسیەی ئێزدییەکان لە پێشەنگی کارەکانی سەرۆکایەتی کۆماردایە و شایستەیەکی نیشتمانی و ئەخلاقییە، جەختیشیکردەوە کە دادپەروەری تەواو نابێت تاوەکو کۆتایی بە مەینەتییەکانیان نەهێنرێت و تەواوی مافەکانیان و ئاوەدانکردنەوەی شەنگال دابین نەکرێت.
نزار ئامێدی سەرۆک کۆماری عیراق رایگەیاند، لە 12یەمین ساڵیادی جینۆسایدی ئێزدییەکاندا، رووبەڕووی یەکێک لە دڕندەترین تاوانەکان دەبینەوە کە عیراق لە مێژووی هاوچەرخی خۆیدا بەخۆیەوە بینیویەتی؛ ئامانجی تیرۆریستانی داعش تەنها کوشتنی بێتاوانان نەبوو، بەڵکو هەوڵدان بوو بۆ سڕینەوەی بوونی ئێزدییەکان و هەڵکێشانی رەگ و ریشەیان لەسەر خاکی خۆیان لەڕێگەی کوشتن، ئاوارەکردنیان و وێرانکارییەوە، کە وەک پەڵەیەکی شەرمەزاری لە ویژدانی مرۆڤایەتیدا دەمێنێتەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، بەڵام خوشک و برا ئێزدییەکانمان سەلماندیان کە ئیرادەی ژیان لە تیرۆر بەهێزترە، سەرەڕای ئازارەکان خۆڕاگر بوون و دەستیان بە خاک، ناسنامە و مافی ژیانی شەرەفمەندانەی خۆیانەوە گرت.
نزار ئامێدی ئەوەشی خستەڕوو، لەو کاتەوەی شەرەفی هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی سەرۆکایەتی کۆمارمان پێسپێردراوە، ئەم دۆسیەیامان لە پێشەنگی کارە لەپێشینەکانماندا داناوە؛ چونکە باوەڕمان وایە دادپەروەری بۆ ئێزدییەکان تەنها پەیوەست نییە بە پێکهاتەیەکی دیاریکراوەوە، بەڵکو شایستەیەکی نیشتمانی و ئەخلاقییە کە دەستکاری کەرامەتی تەواوی عیراق دەکات، و ئەوەی ئەم دۆسیەیە ئەمڕۆ پێویستییەتی، بڕیاری بوێرانە و هەنگاوی کردەیییە بۆ کۆتاییهێنان بە مەینەتییەک کە زیاتر لە دەیەیەکە بەردەوامە.
راشیگەیاند، گەڕانەوەی تەواوی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانیان، ئاشکراکردنی چارەنووسی رفێندراو و بێسەروشوێنکراوان، ئاوەدانکردنەوەی شەنگال و سەرجەم ناوچە زیانلێکەوتووەکان، قەرەبووکردنەوەی قوربانییان و دابینکردنی ژیانێکی ئارام و شایستە بۆیان، دەبێت ببنه ئامانجی جێبەجێکراو؛ چونکە بەردەوامبوونی لێکەوتەکانی ئەم کارەساتە دوای زیاتر لە دەیەیەک باری قبوڵکردن نییە و دادپەروەری تەواو نابێت تاوەکو ئێزدییەکان تەواوی مافەکانی خۆیان وەرنەگرنەوە.
لە سەروبەندی هەڵگیرسانەوەی شەڕی ئەمریكا و ئێران، سەرۆك وەزیرانی عیراق رێوشوێنی ئەمنی توندی گرتووەتەبەر بۆ رێگریكردن لە هێرشی گروپە چەكدارەكان و پەلكێشكردنی عیراق بۆ ئەو شەڕە.
گەورە لێپرسراوێكی سەربازی عیراق بۆ ماڵپەڕی " عەرەبی جدید" ئاشكراكردووە، عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عیراق رێنمایی دەركردووە بۆ پێداچوونەوە بە بڵاوەپێكردنی هێزەكانی حەشدی شەعبی لەسەر سنووری وڵات، هەروەها جێگیركردنی هێزە ئەمنییەكانی تر لەگەڵ حەشدی شەعبی و جێگیركردنیان لەسەر سنوور، ئەوەش بەمەبەستی رێگریكردن لە هەر هێرشێكی گروپە چەكدارەكان لە خاكی عیراقەوە بۆ سەر بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا و وڵاتانی ناوچەكە.
ئەوەشی خستووەتەڕو، عەلی زەیدی هۆشداری توندی داوە لەوەی، هەر هێرشێكی گروپە چەكدارەكان لە سنووری فەرماندەییەكەوە ئەنجامبدرێت، ئەوە ئەو فەرماندەیە لێپرسینەوەی لەگەڵدا دەكرێت.
ئەو لێپرسراوە دەشڵێت، لەمەودوا بە درۆنی چاودێری، چاودێری سنوورەكانی عیراق و بە دیاریكراوی ئەو ناوچانە دەكرێت، كە گروپە چەكدارەكانی تیادان بۆ چاودێریكردنی جموجۆڵە سەربازییەكانیان و رێگریكردن لە هەر هێرشێكیان.