وەزارەتی نەوتی عیراق: ئەو کەشتیانەی نەوتی ئێمەیان هەڵگرتووە گەروی هورمزیان تێپەڕاند
بڵند
٤ی ئابی ٢٠٢٦
وەزارەتی نەوتی عیراق رایگەیاند، ئەو کەشتیانەی نەوتی عیراقیان هەڵگرتووە، بە سەلامەتی گەروی هورمزیان تێپەراند، ئاماژەی بەوەشکردوە بەردەوامن لە فرۆشتنی نەوتی خاو
سەلیم رکابی، وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عیراق رایگەیاند، جوڵەی گواستنەوەی نەوتی خاوی عیراق لەرێگەی گەروی هورمزەوە بەردەوامە و کەشتییە نەوتهەڵگرەکانیان بە شێوەیەکی ئاسایی بە گەروەکەدا تێدەپەڕن.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکردوە ،دوا تێپەراندنی گەروەکە بەرپرسیارێتیی رێڕەوی کەشتییەکان و وەرگرتنی مۆڵەتە پێویستەکان و پرۆسەی گواستنەوەکە بەتەواوی دەکەوێتە ئەستۆی کڕیارەکان و وەزارەت خاوەندارێتی ئەو کەشتییانە ناکات کە بەشێکیان بارەکەیان دوو ملیۆن بەرمیل نەوتە.
وتەبێژی وەزارەتی نەوت باسی لەوەشکردوە، کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عیراق (سۆمۆ) راستەوخۆ لەڕێگەی سیستەمی جیهانیی چاودێرییەوە بەدواداچوون بۆ جوڵەی کەشتییەکان دەکات تاوەکو گەیشتنیان بە پاڵاوگەکان.
سەبارەت بە ئاستی هەناردەکردنیش، ناوبراو جەختی لەسەر بەرزبوونەوە و باشتربوونی پلە بە پلەی فرۆشی نەوتی عیراق کردەوە لە مانگەکانی دواییدا و رایگەیاند، ئەنجامی فرۆشتنی مانگی رابردوو لە مانگەکانی پێشوتر باشتر بووە، ئەمەش نیشانەی چاکبوونەوەی بەردەوامی ئاستی هەناردەکردنەوەیە بەراورد بەو قۆناغەی دوای قەیرانی هەناردەکردن لە ێگەی گەروی هورمزەوە هاتە ئاراوە.
ئەمەش لە کاتێكدایە، دوێنێ 3ـی8ـی2026، وەزیری نەوتی عیراق رایگەیاند لە گفتوگۆدان لەگەڵ ئێران تا کەشتیە نەوتهەڵگرەکانیان گەروی هورمز تێپەڕێنن.


