هۆشدارییەكان لەبارەی پیسبوونی ئاوی هەردوو روباری دیجلە و فورات زیادیانكردووە و ئەنجومەنی نوێنەرانیش بە نیازە رێكاری پێویست بگرێتەبەر.
یوسف كلابی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایگەیاند، ئەو پیسبوونەی هەردوو روباری دیجلە و فوراتی گرتووەتەوە، كاریگەری زۆر گەورەی لەسەر ژینگە و تەندروستی هەیە و بەهۆیەوە گەلی عیراق روبەڕووی كۆمەڵكوژییەكی بێدەنگ بووەتەوە كە سەرنجی نەخراوەتە سەر و هیچ كەسێك باسی ناكات.
وتیشی، هەوڵی هاوبەش هەیە لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق و وەزارەتەكانی ژینگە و سەرچاوە ئاوییەكان بۆ روبەڕوبوونەوەی ئەو كارەساتەی ئەو دوو روبارەی گرتووەتەوە، چونكە بووەتە هۆی زیادبوونی توشبوون بە نەخۆشییەكانی شێرپەنجە.
ئاماژەی بەوەشكرد، لەم هەفتەیەدا بە ئامادەبوونی وەزیرە پەیوەندیدارەكان رێنمایی رەسمی لە ئەنجومەنی نوێنەرانەوە دەردەچێت بۆ دەستپێكردنی هەڵمەتێكی نیشتمانی گەورە بە مەبەستی چارەسەركردنی پیسبوونی ئاوی هەردوو روباری دیجلە و فورات.
سەرۆک وەزیرانی عیراق رایگەیاند، کاردەکەن بۆ دامەزراندنی ئابورییەکی نوی بۆ عێراق کە دور بێت لە گەندەڵی و ئامانجیانە سەرنجی کۆمپانیا جیهانییەکان رابکێشن، بەمەبەستی گەشەسەندنی زیاتری ئابوری وڵات.
عەلی زەیدی، سەرۆکی وەزیرانی عیراق بە ئامادەوونی وەزیری دارایی و پارێزگاری بەنکی ناوەندی، پێشوازی لە سەرۆک و ئەندامانی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران کرد.
نوسینگەی عەلی زەیدی بڵاویکردوەتەوە، کۆبونەوەکە بە مەبەستی تاوتوێکردنی سیاسەتە ئابورییەکان و هەماهەنگیی نێوان هەردوو دەسەڵاتی جێبەجێکردن و یاسادانان بووە.
لە کۆبونەوەکەدا عەلی زەیدی ئاماژەی بەوە کرد، حکومەت بۆ یەکەمجار دەستیکردووە بە ئامادەکردنی "بەرنامەی بودجە و ئەنجامەکان" و سەرنجی تایبەتیشی دەبێت بۆ پرسی کارەبا و بنبڕکردنی گەندەڵی بێت.
هەروەها ئاماژەی بەوەشکردوە، کە کار دەکەن بۆ بنیاتنانی ئابوریەکی نوێ بۆ عیراق و راکێشانی وەبەرهێنانی کۆمپانیا جیهانییەکان بەمەبەستی گەشەسەندنی زیاتری ئابوری وڵات.
عیراق بۆ باشتر پاراستنی سنوورەكانی فەرماندەییەكی نوێی سەربازیی پێكدەهێنێت.
سەرچاوەیەكی باڵای ئەمنیی عیراق بە ئاژانسی هەواڵی عیراقی راگەیاند، فەرمان دەرچووە بۆ دامەزراندن و پێكهێنانی فەرماندەییەكی نوێی سەربازیی بۆ بەهێزكردنی ئاسایش لە ناوچە بیابانییەكانی پارێزگای موسەنا.
ئاماژەی بەوەش كرد، ئامانجی سەرەكیی ئەو فەرماندەییە چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیریە لە بیابانی موسەننا و ئەو ناوچانەی دەكەونە دەوروبەری.
وتیشی، ئەركی ئەو فەرماندەییە تەنها پاراستنی سنوورەكان نییە، بەڵكوو كاریش دەكات بۆ رێكخستنی هەماهەنگیی زیاتر لە نێوان پێكهاتە سەربازییەكانی تر و بڵاوبوونەوەی هێزە ئەمنییەكان لەو ناوچانەدا كە پێشتر بۆشایی ئەمنییان تێدابووە.
دادگای دەستپێشخەریی بەغدا / کەرخ، فەرمانی دەستگیرکردن و پشکنینی بۆ ئەحمەد ئەسەدی، وەزیری پێشووی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی عیراق دەرکرد، بە تۆمەتی گەندەڵی و خراپبەکارهێنانی دەسەڵاتەکانی لە تێپەڕاندنی گرێبەستە حکومییەکاندا.
بەپێی ئەو بەڵگەنامەیەی بڵاوکراونەتەوە فەرمانەکە ئاڕاستەی ئەندامانی دادوەری و هێزەکانی پۆلیس کراوە بۆ دەستگیرکردنی (ئەحمەد جاسم صابر ئەسەدی).
لە فەرمانی دادگاکەدا ئاماژە بەوە کراوە، تۆمەتی ئاڕاستەکراو بریتییە لە کەڵکوەرگرتنی راستەوخۆ لە رێککەوتن و پڕۆژە سەرەکییەکانی وەزارەتی کار لە رێگەی تێپەڕاندنی گرێبەستی پێچەوانەی یاسا، بە مەبەستی بەدەستهێنانی قازانجی کەسی بۆ خۆی و لایەنی تر.
دادگا رایگەیاندووە کە ئەم رێکارە یاساییانە بەپێی ئەحکامی ماددەی (319) لە یاسای سزادانی عیراقی ژمارە 111ی ساڵی 1969ی هەموارکراو گیراونەتە بەر.
رۆژنامەی مەدای عیراقی وردەكاریی نوێی سەبارەت بەو پلانە بڵاوكردەوە كە چاوەڕوان دەكرا لە لایەن گرووپە چەكدارەكانی عیراقەوە هێرش بكرێتە سەر سعودیەو دەڵێت، فشاری سیاسی و ئەمنی، لەنێویاندا دەستوەردانی راستەوخۆی ئێران، بووەتە هۆی دواخستنی وەڵامدانەوەكە لە دواساتەكاندا.
رۆژنامەكە شەوی پلانەكەی بە تاقیكردنەوە وەسف كردووە كە تیایدا جووڵەیەكی چڕی سیاسی و ئەمنی بەخۆیەوە بینیوە بۆ رێگری كردنی عیراق لە راكێشانی بۆ ناو رووبەڕووبوونەوەیەكی هەرێمی كراوە.
بەپێی مەدا، كاتی ئەنجامدانی هێرشەكە پێشوەختە دیاریكرابوو، بەڵام پەیامەكەی هادی عامری، سەرۆكی رێكخراوی بەدر، كە داوای لە مقاوەمەی ئیسلامیی كرد هێرشكردنە سەر سعودیە دواخەن.
لای خۆیەوە ئەبو ئالا وەلائی، ئەمینداری گشتیی كەتیبەكانی سەیدو شوهەدا رایگەیاندووە، بڕیاری دواخستنەكە لەسەر داوای سەركردەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی بووە نەك هادی عامری.
سەرچاوەیەكی نزیك لە گرووپە چەكدارەكان ئاشكرایكردووە، هێرشەكە هەڵنەوەشێنراوەتەوە، بەڵكو دواخراوە و دیاریكردنی كات و قەبارەی هێرشەكە لە داهاتوودا تاوتوێ دەكرێت.
جارێكی تر پاسپۆرتی عیراقی وەك یەكێك لە لاوازترین پاسپۆرتەكانی جیهان بۆ ساڵی 2026 دیاریكرا.
بەپێی ریزبەندییەك كە لەلایەن پێوەری هێنلی بۆ پاسپۆرتەكان بۆ ساڵی 2026 ئامادەكراوە، پاسپۆرتی عیراق لە پلەی سێیەمدا وەك یەكێك لە لاوازترین پاسپۆرتەكانی جیهان دیاریكراوە، بەوپێیەی رێگە بە هەڵگرانی دەدات تەنها سەردانی 28 وڵاتی جیهان بكەن، بە بێ وەرگرتنی ڤیزای پێشوەختە یان بە ڤیزا لە كاتی گەیشتن بە فڕۆكەخانە.
لە پلەی یەكەمی لاوازترین پاسپۆرتەكان، پاسپۆرتی ئەفغانستانە كە رێگە بە هەڵگرانی دەدات تەنها سەردانی 22 وڵاتی جیهان بكەن بە بێ ڤیزا، لە پلەی دوەمیش پاسپۆرتی سوری هاتووە كە رێگە بە سەردانیكردنی 25 وڵات دەدات بەبێ وەرگرتنی ڤیزا.
شایەنی باسە كە پێوەری هێنلی بە یەكێك لە گرنگترین پێوەرە جیهانییە تایبەتمەندەكان دادەنرێت لە پێوانەكردنی بەهێزی پاسپۆرتەكاندا كە پشت دەبەستێت بە داتا تایبەتەكانی یەكێتیی نێودەوڵەتیی گواستنەوەی ئاسمانی.

وەزیری نەوتی عیراق رایگەیاند، بەغداد لەگەڵ تاران سەرقاڵی وتوێژە سەبارەت بە میکانیزمێک بۆ ئاسانکاریکردن لە هەناردەکردنی نەوت.
باسم محەمەد، وەزیری نەوتی عیراق، هیچ وردەکارییەکی لەبارەی میکانیزمەکە و رێڕەوی پێشنیارکراو بۆ هەناردەکردنی نەوتەکە و بڕی هەناردەکردن و خشتەی کاتەکەی نەخستەڕوو.
هاوکات، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا وتی: لە ئێستادا عیراق رۆژانە نزیکەی دوو ملیۆن و 700 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت و نزیکەی نیوەی هەناردە دەکرێت.
وەزیری نەوتی عیراق ئەوەشی خستەڕوو، سەقفی هەناردەکردنی نەوتی عیراق لەم مانگەدا لە نێوان ملیۆنێک و 500 هەزار بۆ ملیۆنێک و 750 هەزار بەرمیلی رۆژانەیە.
عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عیراق لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ئیمانوێل ماكرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات و رێگەکانی پەرەپێدانیان لە بواری ئابووری و وەبەرهێنان تاوتوێ کرد.
سەرۆک وەزیرانی عیراق داوای لە سەرۆکی فەرەنسا کرد سەردانی عیراق بکات بۆ دروستکردنی هاوبەشییەکی ئابووریی بەردەوام.
هاوکات جەختی لەسەر پاراستنی سەروەریی عیراق و دروستکردنی پەیوەندیی هاوسەنگ لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ کردەوە و رایگەیاند کە 30ی ئەیلوولی داهاتوو دوا وادەیە بۆ کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عیراق.
لە بەرانبەردا، ئیمانوێل ماكرۆن پاڵپشتیی وڵاتەکەی بۆ هەوڵەکانی حکومەتی عیراق لە رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، چاکسازیی ئابووری، دژەتیرۆر و بەهێزکردنی تواناکانی هێزە چەکدارەکان دەربڕی.
سەرچاوەیەكی باڵای سەربازیی عیراق بە پەیامنێری كوردسات نیوزی راگەیاند، سوپای عیراق جوڵەی بەهێزەكانی كردووە و فەرماندەیی ئۆپراسیۆنەكانی رۆژهەڵاتی سەڵاحەدینی بەرەو بیابانەكانی سەماوە و سەر سنوورەكانی نێوان عیراق و سعودیە گواستووەتەوە.
ئەو سەرچاوەیە وتیشی، ئامانج لەو جووڵەپێكردنە، رێگریكردنە لە هەر هێرشێكی گروپە چەكدارەكانی سەر بە مقاوەمەی ئیسلامی لە عیراقەوە بۆسەر سعودیە و كوەیت.
سەرچاوەكە باسی لەوەشكرد، بەشێك لە هێزەكانی ئۆپراسیۆنی كەركوك دەگوازرێنەوە بۆ پارێزگای سەڵاحەدین بە مەبەستی پڕكردنەوەی شوێنی ئەو هێزانە، چونكە ناوچەیەكی فراوان لە داقوقەوە تا سڵێمان بەگ چۆڵ دەبێت و بۆشاییەكی ئەمنی گەورە دروست دەبێت.
فەریق روكن عەبدولئەمیر یارەڵا سەرۆكی ئەركانی سوپای عیراقیش سەردانی بنكەی ئۆپراسیۆنەكانی كەركوكی كرد بۆئەوەی لەنزیكەوە بەدواداچوون بۆ ئامادەیی بەشەكانی سوپا و تەواوی رەوشی ئەمنیی ناوچەكە بكات.
پەرلەمانتارێكی عیراق دەڵێت، نزیكەی 80 دۆسێی گەندەڵی رەوانەی دیوانی چاودێریی دارایی و دەستەی دەستپاكی و داواكاری گشتی كراون كە پێشتر پەكخرابوون.
باسم غەرابی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایگەیاند، كەموكوڕی لە سیستمی چاودێریدا دەگەڕێتەوە بۆ كاریگەریی بڕیارەكانی پێشوو، لە سەرووی هەمووشیانەوە هەڵوەشاندنەوەی فەرمانگەكانی پشكنەری گشتیی، ئەوەش بووەهۆی لەدەستدانی چاودێریی و دروستبوونی كەلێنێكی گەورە كە تا ئێستاش چارەسەر نەكراوە.
دەشڵێت، گرێبەستەكانی حكومەت بوونەتەهۆی بەهەدەردانی چەندین ترلیۆن دینار و فەرامۆشكردنی شەفافیەت، جەختیشیكردەوە، گرنگترین خاڵی ئەو ئۆپراسیۆنەی ئێستای حكومەتی عیراق ئەوەیە بە نهێنی ئەنجامدرا و توانرا زانیاری گرنگ دزەی پێبكرێت و گەندەڵی گەورە ئاشكرا بكرێت.
ئەو پەرلەمانتارە راشیگەیاند، نزیكەی 80 دۆسێی گەندەڵی رەوانەی دیوانی چاودێری دارایی و دەستەی دەستپاكی و داواكاری گشتیی عیراق كراون كە پێشتر بەهۆكاری جیاجیا پەكخرا بوون.
لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا و لە وەڵامی پرسیاری پەیامنێری کوردسات نیوز، لەبارەی گرانیی سوتەمەنی بەتایبەت بەنزین لە هەرێم، وەزیری نەوتی عیراق رایگەیاند، ئامادەن لە بەرانبەر ئەو 50 هەزار بەرمیلەنەوتەی رۆژانە دەیدەنە هەرێم، سوتەمەنی بۆ هەرێم دابین بکەن.
باسم محەمەد، وەزیری نەوتی عیراق بە کوردسات نیوزی راگەیاند، لە چوارچێوەی رێککەوتنی سێقۆڵیی نێوان وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم، وەزارەتی نەوتی عیراق و کۆمپانیا نەوتییەکان، حکومەتی بەغداد لە سەرەتاوە ئامادەیی تەواوی دەربڕیوە بۆ دابینکردنی تەواوی پێداویستییەکانی سوتەمەنی بۆ هەرێمی کوردستان.
بەپێی وتەکانی ناوبراو، بڕیاری پێدانی 50 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە بە هەرێم لەسەر داواکاریی خودی لێپرسراوانی هەرێم بووە.
باسم محەمەد ئاماژەی بەوەکرد، لێپرسراوانی هەرێم وتیان بەو بڕە نەوتە کە 50 هەزار بەرمیلە لە رۆژێکدا، دەتوانن سوتەمەنی پێویست بۆ پارێزگاکانی هەرێم دابین بکەن، کە نرخەکە هاوشێوەی پارێزگاکانی تری عیراقی بێت.
وەزیری نەوتی عیراق وتیشی، ئامادەن لە ئێستادا دەستکاری رێککەوتنەکە بکەن و پێداچونەوەی بۆبکەن تاوەکو لە بەرانبەر ئەو بڕە نەوتەدا، حکومەتی فیدراڵ راستەوخۆ سوتەمەنی پێویست بۆ هەرێم دابین بکات.
جەنگی عیراق و ئێران لە رۆژی 22ـی9ـی1980 دەستیپێکرد، دوای ئەوەی هێزە عێراقییەکان هێرشیان کردە سەر ئێران، عیراق جەنگەکەی ناونابوو، شەڕی قادسییە و ئێرانیش پێی دەوت شۆڕشی بەرگریی پیرۆز.
جەنگەکە، نزیکەی هەشت ساڵی خایاند، کە بە حەوت ساڵ و 11 مانگ و یەك رۆژ لە دوای جەنگی ڤێتنام بوو بە درێژترین جەنگی سەدەی بیستەم.
دوای ئەو ماوە زۆرە لە جەنگ، بە رەسمی، 38 ساڵ پێش ئێستا و لە رۆژێکی وەک ئەمڕۆدا، ئێران رازی بو بە راگرتنی جەنگەکە.
ئەمەش بوە هۆی وەستاندنی جەنگەکە و گەرچی بە رەسمی هەردوولا زیانەکانیان نەخستوەتەڕوو، کە نزیکەی هەشت ساڵی خایاند، بەڵام هەڵسەنگاندنەکان ئاماژە بەوەدەکەن، ژمارەی ئەوانەی ئەم جەنگە کاریگەری لەسەریان هەبوە یەک ملیۆن و 500هەزار کەس زیاتر بون، سەرەڕای ملیۆنان پەنابەر.
کوردستانیش لە هەردوولاوە، رۆژهەڵات و باشور بەدەر نەبوو لەو جەنگە و یەکێک بوو لەو لایەنانەی زۆرترین زیانی بەرکەوت،چونکە بەشێکی زۆری شەڕەکان لە ناوچە سنورییەكانی كوردستان رویاندا تاڕادەیەكی زۆر گۆڕەپانی یەكلاكردنەوەی دەسەڵاتی هەردوو لابوو.
کە جگە لە ئاوارەیی، کیمیابارانکردنی هەڵەبجە گەورەترین کارەسات بوو بەسەر خەڵکی ئەو ناوچەیەدا هات، کە زیاتر لە پێنج هەزار کورد بەهۆی کیمیابارانکردنی هەڵەبجەوە لەلایەن فڕۆکەکانی عیراقەوە شەهید بوون و هەزاران کەسی تریش ئاوارە بوون.
جارێكی تر سەرۆك وەزیرانی عیراق بۆ سەردانی سعودیە بانگهێشت دەكرێت و دەڵێت، رێگە نادەن خاكی عیراق بۆ هێرشكردنەسەر دراوسێكانی بەكاربهێنریت.
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆك وەزیرانی عیراق لە راگەیەنراوێكدا بڵاویكردەوە، عەلی زەیدی سەرۆك وەزیران پێشوازی لە خالد بن عەلی حومەیدان سەرۆكی دەزگای هەواڵگریی گشتیی سعودیە و وەفدێكی ئەو وڵاتە كردووە و بەهێزكردنی ئاستی هەماهەنگی و هاوكاریی ئەمنیی بەپەلە لە نێوان هەردوو وڵاتدا تاوتوێكرا.
بەپێی راگەیەنراوەكە، سەرۆكی دەزگای هەواڵگریی گشتیی سعودیە نامەیەكی سەركردایەتیی وڵاتەكەی رادەستی سەرۆك وەزیرانی عیراق كردووە كە تێیدا جارێكی تر بە رەسمی بانگهێشتكراوە بۆ سەردانیكردنی ریاز.
لە كۆبوونەوەكەدا سەرۆك وەزیرانی عیراق جەختی لە قوڵكردنەوەی پەیوەندییەكان لەگەڵ سعودیە و پاراستنی سەروەری خاكی عیراق كردەوە و وتی، لەسەر بنەمای بەرپرسیارێتی دەرستووریی و پابەندبوون بە پاراستنی دراوسێیەتی، رێگە بە هیچ لایەنێك نادرێت خاكی عیراق بۆ هێرشكردنە سەر دراوسێكانی بەكاربهێنرێت، هەردوولاش هاوڕابوون لەسەر گرنگیی بەردەوامیی ئاڵوگۆڕی زانیارییە هەواڵگرییەكان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئاڵۆزییە ئەمنییەكان و دوورخستنەوەی ناوچەكە لە مەترسییەكان.
مقاومەی ئیسلامی لە عیراق وەڵامی داواكارییەكەی هادی عامری دەداتەوە و بڕیاریدا هێرشەكانی بۆسەر سعودیە و ئەمریكا دوابخات.
بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی لە عیراق لە راگەیەنراوێكدا بڵاویكردەوە، لەسەر داوای هادی عامری ئەمینداری گشتیی رێكخراوی بەدر، بڕیاریانداوە هێرشەكانیان بۆسەر سعودیە و ئەمریكا دوابخەن، كە بڕیاربوو بەمنزیكانە ئەنجامی بدەن.
ئاماژەی بەوەشكردووە، خوێنی شەهیدان بەهیچ جۆرێك نەبووە و نابێتە كاڵا لە ململانێ سیاسییەكاندا و پێویستە ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی لە ناوچەكەدا ئەوە بزانن خوێنی شەهیدان بنەمای خۆڕاگریی مقاوەمەی ئیسلامییە.
مقاوەمەی ئیسلامی داوا لە لێپرسراوانی باڵای عیراقیش دەكات پێداچوونەوە بە سیاسەت و هەڵوێستەكانیاندا بكەن و دەشڵێت، سەروەری وڵات بە راگەیەندراوی شەرمنانە وەرناگیرێتەوە، بەڵكو بە گورزی ئەو نیشتمانپەروەرانە وەردەگیرێتەوە كە سازش لەسەر پیرۆزی خاك و كەرامەتی شەهیدان ناكەن.
ئەوەش لەدوای ئەوەدێت، هادی عامری ئەمینداری گشتی رێكخراوی بەدر لە پەیامێكی ڤیدیۆییدا داوای لە بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی كرد هێرشەكانی بەرانبەر ئەمریكا و سعودیە رابگرێت.
ئەمینداری گشتی رێكخراوی بەدر داوا لە بەرەی مقاوەمە دەكات هەموو كاردانەوە و هێرشەكانی بەرانبەر ئەمریكا و سعودیە رابگرێت.
هادی عامری ئەمینداری گشتی رێكخراوی بەدر لە پەیامێكی ڤیدیۆییدا دەڵێت، لە رێگەی دیبلۆماسییەوە بە وردی بەدواداچوون بۆ مافی هەموو ئەو كەسانە دەكەن كە بەهۆی هێرشەكەی چەند رۆژی رابردووی ئەمریكا و سعودیەوە كوژران و برینداربوون.
عامری داوا لەسەرجەم گروپەكانی سەر بە بەرەی مقاوەمەی ئیسلامیش دەكات لە پێناو بەرژەوەندییە باڵاكانی عیراق، هێرش و كاردانەوەكانیان لە بەرانبەر ئەمریكا و سعودیە رابگرن.
بڕی 500 ملیۆن دۆلاری كاش لە لایەن بانكی فیدراڵیی ئەمریكاوە گەیشتە بانكی ناوەندیی عێراق.
سەرچاوەیەك لە حكومەتی عیراق راگەیاند، بانكی فیدراڵیی ئەمریكا گوژمەیەكی نوێی دۆلاری بە بڕی 500 ملیۆن دۆلار رەوانەی بانكی ناوەندیی عێراق كردووە.
ئاژانسی هەواڵی عیراقیش لە زاری سەرچاوەكەوە رایگەیاند، بڕیارە بڕە پارەكە بە رەزامەندیی بانكی ناوەندی بۆ مامەڵەی تایبەت بە گەشتیاران و هەناردە دەرەكییەكان بەكاربهێنرێت.
پێشتر ئەمریكا بەهۆی نیگەرانیی لە چوونەدەرەوەی نایاسایی دۆلار و سپیكردنەوەی پارە بۆ هەندێك لە بانكە ئەهلییەكان، ناردنی دۆلاری بەشێوەی كاش بۆ عیراق سنووردار كرد، ئەوەش كاریگەری لەسەر بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار هەبوو لەناوخۆی عیراق بەڵام دوای سەردانەكەی عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عیراق بۆ ئەمریكا و ئیمزاكردنی چەند یاداشتێك بە بڕی 60 ملیار، دۆلار پێدەچێت سزاكانی ئەمریكا لەسەر عیراق سوكبكرێن.