سەرۆک وەزیرانی عیراق رێنمایی وردبینیی پێشوەختە بۆ هەموو گرێبەستە حکومییەکان دەردەکات
سەوسەن سەید
٤ی ئابی ٢٠٢٦
بۆ رێگری لە گەندەڵی و بەهەدەردانی سەرمایەی گشتی، سەرۆک وەزیرانی عیراق رێنماییدا بە ئەنجامدانی وردبینیی پێشوەختە بۆ سەرجەم گرێبەستە حکومییەکان پێش ئیمزاکردنیان.
عەلی زەیدی، سەرۆکی ئهنجومهنی وەزیران، ئەمڕۆ سێشەممە، سەردانی بارەگای دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵی کرد و سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی هاوبەشی کرد بە ئامادەبوونی، سەرۆکی دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵی، سەرۆکی دەستەی دەستپاکی، و وەزیری دارایی.
کۆبوونەوەکە تایبەت کرابوو بە تاوتوێکردنی میکانیزمەکانی بەهێزکردنی چاودێریی پێشوەختە، پاراستنی سەرمایەی گشتی و پەرەپێدانی رێکارەکانی وردبینی لە گرێبەستە حکومییەکاندا.
سەرۆک وەزیران جەختی لەوە کردەوە: بەرپرسیارێتی پێویستی بە کارکردنی جدی، بەدەستهێنانی دەستکەوت و ئەنجامدانی ئەرکەکان بە باشترین شێوە هەیە، و روونی کردەوە کە دەبێت سەرجەم لایەنەکان بەرپرسیارێتییە یاسایی و نیشتمانییەکانی خۆیان هەڵبگرن.
زەیدی رێنماییدا بە پەیڕەوکردنی بنەمای "وردبینیی پێشوەختە" بۆ گردبەستەکان پێش ئیمزا کردنیان، وەک رێکارێکی خۆپارێزی کە ئامانجی چارەسەرکردنی کێشەکانە پێش رودانیان، چونکە ئەمە وەک پارێزبەندییەک وایە بۆ دامەزراوەکان.
هەروەها داوای لە دیوانی چاودێریی دارایی و دەستەی دەستپاکی کرد کە ببنە چاوی دەوڵەت بۆ دۆزینەوەی کەلەبەرەکان و چارەسەرکردنیان پێش ئەوەی ببنە کێشە یان پەڕاوی گەندەڵی.
لە کۆبوونەوەکەدا، سەرۆک وەزیران رێنماییدا بە پێکهێنانی تیمێکی پسپۆڕ لە دیوانی چاودێریی دارایی کە ئەرکی وردبینیی پێشوەختەی گردبەستەکان لەئەستۆ بگرێت، بە مەرجێک ماوەکەی لە دە رۆژی کاری تێنەپەڕێت، هاوکات بڕی ئەو گردبەستانەش دیاری بکرێن کە دەکەونە ژێر ئەم جۆرە وردبینییە، بە جۆرێک خێرایی لە ئەنجامدان و کارامەیی لە چاودێری بەدەستبهێنرێت.



