لە سەروبەندی هەڵگیرسانەوەی شەڕی ئەمریكا و ئێران، سەرۆك وەزیرانی عیراق رێوشوێنی ئەمنی توندی گرتووەتەبەر بۆ رێگریكردن لە هێرشی گروپە چەكدارەكان و پەلكێشكردنی عیراق بۆ ئەو شەڕە.

گەورە لێپرسراوێكی سەربازی عیراق بۆ ماڵپەڕی " عەرەبی جدید" ئاشكراكردووە، عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عیراق رێنمایی دەركردووە بۆ پێداچوونەوە بە بڵاوەپێكردنی هێزەكانی حەشدی شەعبی لەسەر سنووری وڵات، هەروەها جێگیركردنی هێزە ئەمنییەكانی تر لەگەڵ حەشدی شەعبی و جێگیركردنیان لەسەر سنوور، ئەوەش بەمەبەستی رێگریكردن لە هەر هێرشێكی گروپە چەكدارەكان لە خاكی عیراقەوە بۆ سەر بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا و وڵاتانی ناوچەكە.

ئەوەشی خستووەتەڕو، عەلی زەیدی هۆشداری توندی داوە لەوەی، هەر هێرشێكی گروپە چەكدارەكان لە سنووری فەرماندەییەكەوە ئەنجامبدرێت، ئەوە ئەو فەرماندەیە لێپرسینەوەی لەگەڵدا دەكرێت.

ئەو لێپرسراوە دەشڵێت، لەمەودوا بە درۆنی چاودێری، چاودێری سنوورەكانی عیراق و بە دیاریكراوی ئەو ناوچانە دەكرێت، كە گروپە چەكدارەكانی تیادان بۆ چاودێریكردنی جموجۆڵە سەربازییەكانیان و رێگریكردن لە هەر هێرشێكیان.