عەلی زەیدی: چارەنووسی رفێندراوە ئێزدییەكان دەبێت یەكلابكرێتەوە
محەمەد رزگار
٣ی ئابی ٢٠٢٦
سەرۆک وەزیرانی عیراق لە ساڵیادی جینۆسایدی ئێزدییەکاندا، جەخت لەسەر یەکلایکردنەوەی چارەنووسی رفێندراوە ئێزدییەكان دەکاتەوە.
عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عیراق رایگەیاند، لە ساڵیادی ئەو جینۆسایدەی کە رێکخراوی تیرۆریستی داعش دژی خوشک و برا ئێزدییەکانمان و سەرجەم پێکهاتەکانی دیکەی گەلەکەمان ئەنجامیدا، یادی یەکێک لە دڕندەترین تاوانەکان دەکەینەوە کە ویژدانی مرۆڤایەتی هەژاند.
ئاماژەی بەوەشکرد، جەخت دەکەنەوە کە وەفاداری بۆ قوربانییان بەدیهێنانی دادپەروەری، ئاشکراکردنی چارەنووسی رفێندراوان، چاودێریکردنی رزگاربووان، ئاوەدانکردنەوەی شەنگال و زامنکردنی گەڕانەوەی ئارەزوومەندانە و ئارام و شایستەی ئاوارەکان دەبێت.
سەرۆک وەزیرانی عیراق ئەوەشی خستەڕوو، دەوڵەت وەک زامنی مافی تەواوی هاووڵاتییانی دەمێنێتەوە، بەردەوام دەبێت لە پاراستنی سەروەریی عیراق، چەک تەنها لە دەستی دەوڵەتدا دەبێت، وشککردنی سەرچاوەکانی گەندەڵی، و بەردەوامبوون لە چەسپاندنی ئاسایش، سەقامگیری، گەشەپێدان و دادپەروەری، بە شێوەیەک کە کەرامەتی تەواوی عیراقییەکان بپارێزێت و رێگری لە دووبارەبوونەوەی تاوانی لەم شێوەیە لە داهاتوودا بکات.



