سوریا سوپای وڵاتەكەی خستە حاڵەتی ئامادەباشی سەربازییەوە و بە درێژایی سنوری عیراق هێزێكی زۆری ئەمنیی بڵاوەپێكرد، پاسەوانی سنوری عیراقیش دەڵێت، رەوشی سەر سنوور لەگەڵ سوریا ئارامە.

پەیامنێری كوردسات نیوز لە سوریا رایگەیاند، سوپای سوریا خراوەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە و بە درێژای سنووری عیراقیش هێزێكی زۆری ئەمنی لە دیوی سوریاوە بڵاوەی پێكراوە، وتیشی، تائێستا حكومەتی سوریا هیچ روونكردنەوەیەكی لەوبارەیەوە بڵاونەكردووەتەوە.

هاوكات، فەریق محەمەد عەبدولوەهاب فەرماندەی پاسەوانی سنوری عیراق رایگەیاند، رەوشی سەر سنوری عیراق و سوریا ئارامە، رێوشوێنە سەربازییەكانیش لە دیوی سوریاوە بە هەماهەنگی لەگەڵ عیراق ئەنجامدراون.

ئەوەشی خستەڕوو، هیچ هەڕەشەیەك لەسەر سنوری عیراق و سوریا نییە، بەردەوامیش لە گفتوگۆدان لەگەڵ هاوتا سوریەكانیان بۆ پاراستنی ئاسایشی سنووری نێوان هەردوو وڵات.

سنوری نێوان عیراق و سوریا نزیكەی 600 كیلۆمەتر درێژە و سێ دەروازەی سەرەكی لەخۆگرتووە، ئەوانیش دەروازەكانی ئەلیەعروبیە – رەبیعە، قائیم- ئەلبوكەمال- وەلید- تەنەف.