عیراق

دادوەر حەیدەر حەنون، سەرۆکی دەستەی دەستپاکی عێراق لە کۆنگرەیەکی تایبەت بە رۆژی جیھانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی کە لە بەغداد بەڕێوەچوو رایگەیاند، دەستەی دەسپاکی عێراق لەماوەی یەک ساڵی رابردوودا ئەرکەکانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و گەڕاندنەوەی پارە دزراوەکان بەشێوەیەکی باش جێبەجێکردووە.

دادوەر حەیدەر حەنون داواشیکرد حکومەت و ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پرۆژەیەک بۆ ھەموارکردنەوەی دووەمی یاسای دەستپاکی و بەدەستھێنانی سەروەت و سامان بە نایاسایی ئامادە بکەن لەپێناو زیاتر دەستکرانەوەیان لە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لە عێراقدا.


بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بنکەی سەربازی ھەریر بە دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کراوەتە ئامانج و دواتریش دوو جار لە  ڕێگەی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانەوە بنکەی سەربازی عەین ئەسەد کە ھێزەکانی ئەمریکای تێدایە لە ئەنبار کرایە ئامانج.

گروپی مقاوەمەی ئیسلامیش بەرپرسیارێتی ئەو ھێرشانەی گرتە ئەستۆ و رایگەیاند، ئەو ھێرشانە وەڵامێکە بۆ ئەو تاوانانەی بەرامبەر بە فەڵەستینییەکان لە کەرتی غەززە دەکرێت.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا پنتاگۆن رایگەیاند، لە دوای دەستپێکردنی شەڕی ئیسرائیل و حەماس زیاتر لە ٧٥ جار ھێرشکراوەتەوە سەر ھێزەکانیان لە عێراق و سوریا و بەوھۆیەوە ٦٢ کەس برینداربوون. 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

نوسینگەی ئاسایشی نەتەوەیی عێراق بڵاویکردەوە، قاسم ئەعرەجی راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق و محەمەد باقری سەرۆکی دەستەی ئەرکانی ھێزە چەکدارەکانی ئێران کۆبوونەوە و پەیوەندییە ستراتیژییەکانی نێوان ھەردوو وڵاتیان تاوتوێ کرد. 

ئەعرەجی رایگەیاند، حکومەتەکەی محەمەد شیاع سودانی سوورە لەسەر بەردەوامیدان بە پەیوەندییەکان لەگەڵ ئێران و جێبەجێکردنی خاڵەکانی ئەو رێککەوتنەی لەسەر سنوری ھەردوو وڵات کراوە. 

محەمەد باقریش ستایشی حکومەتی عێراقی کرد سەبارەت بە پاراستنی سنورەکان و زیادکردنی سەقامگیری لە عێراق. وتیشی، یەکێک لە رێگە باشەکان بۆ بەدیھێنانی ئاسایشی تەواوەتی لە سنورەکان، پلاندانان و چالاکی ھاوبەشی ھێزەکانی پاسەوانی سنورە. 


بەردەوامبە لە خوێندنەوە

موسەنا جەبار، وتەبێژی وەزارەتی بازرگانی عێراق رایگەیاند، پێشبینی دەکەن ئاستی بەرھەمھێنانی گەنم لە وەرزی داھاتوو زیاتر ببێت و لە ساڵی ٢٠٢٤ بگاتە نزیکەی شەش ملیۆن تۆن، ئەوەش ئاسایشی خۆراکی وڵات دەپارێزێت.

وتەبێژی وەزارەتی بازرگانی راشیگەیاند، یەدەگی ستراتیژی عێراق لە گەنم بەشی تا کۆتایی مانگی نیسانی ساڵی ٢٠٢٤ دەکات.

بەپێی ئاماری وەزارەتی کشتوکاڵ، ژمارەی دانیشتووانی عێراق ٤٣ ملیۆن کەسە و ساڵانە پێویستی بە ٤ بۆ ٥ ملیۆن تۆن گەنم ھەیە. 

لە مانگی ئەیلولی رابردووش، محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاندبوو، یەدەگی ستراتیژی گەنم ھێندە زۆرە کە بەشی ساڵێک زیاتر دەکات.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئاژانسی فەرمی ھەواڵی عێراق لە سەرچاوەیەکی بانکی ناوەندییەوە بڵاویکردەوە، دوای ئەوەی تورکیا و عێراق رێککەوتن ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوانیان لە دۆلارەوە بکەن بە یۆرۆ و لیرەی تورکی، لەم کاتەدا بانکی ناوەندی دەیان ملیۆن یۆرۆی بۆ بازرگانان دەستەبەر کردووە.

ئەوەشی خستوەتەڕو، ئەو بازرگانانەی کاڵا لە تورکیا ھاوردە دەکەن سەرەتا پارەکانیان بە دینار لە بانک دادەنێن، دواتریش بانکی ناوەندی بە یۆرۆ پارەکانیان بۆ خەرج دەکات و رادەستی لایەنی تورکی دەکرێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

یەحیا رەسوول، وتەبێژی فەرماندەی گشتیی ھێزە چەکدارەکانی عێراق بڵاویکردەوە، بۆ پاراستنی سەلامەتی پڕۆسەی ھەڵبژاردن و دوورخستنەوەی ھەر کاریگەرییەکی نەرێنی، سەرۆکوەزیرانی عێراق فەرمانی بە سەرجەم فەرماندە سەربازی و ئەمنییەکان و بەڕێوەبەری دەزگا ئەمنییەکان و پێکھاتە ئەمنی و سەربازییەکان کردووە، کار بکەن و پابەندبن بە گەرەنتیکردنی بژاردەی ئازاد بۆ ئەفسەران لە پڕۆسەی دەنگدانی تایبەت و دەستوەرنەدان لە بژاردەکانی دەنگدان، ھەروەھا جەختیکردەوە لە گرنگیی دەنگدانێکی ئازاد بۆ ئەفسەران لە پڕۆسەی دەنگدانی تایبەت.

بڕیاروایە رۆژی ١٨ی ئەم مانگە ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە ١٥ پارێزگای عێراق (جگەلە لە پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان)، بەڕێوەبچێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەپێی ئەو ئامارانەی بڵاوکراوەتەوە، مانگی تشرینی دووەمی رابردوو نزیکەی ١٩.٥ ملیۆن بەرمیل نەوت لە عێراقەوە ھەناردەی وڵاتانی ئەوروپا کراوە، لەکاتێکدا لە مانگی تشرینی یەکەم نزیکەی ٢٣.٨ ملیۆن بەرمیل نەوت ھەناردەکراوە، بەوەش ٤.٣ ملیۆن بەرمیل کەمیکردووە و داھاتی ھەناردەی نەوتی عێراق بۆ ئەوروپا لە مانگی رابردوو بە نزیکەی ٤٧١ ملیۆن دۆلار کەمیکردووە. 

ئەوەش لەکاتێکدایە کە بەغداد کار دەکات لەسەر زیادکردنی ھەناردەی نەوتی خاو بۆ بازاڕەکانی ئەوروپا، ئەوەش لەپێناو سود وەرگرتن لە داھاتی زیاتر و بەکارھێنانی ئەو پارەیە بۆ پێداویستییەکانی ناوخۆ. 


بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لە دیدارەکەدا، باس لە پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوو وڵات و چۆنیەتی پەرەپێدانیان و فراوانکردنی ھاریکاری ھاوبەشی نێوان عیراق و شانشینی عەرەبستانی سعودی لەبوارە جیاجیاکاندا کرا، بەشێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندییە ھاوبەشەکانی ھەردوو گەلی برا بکات.

ھەروەھا سەرۆککۆمار بایەخی یەکخستنی ھەوڵە نێودەوڵەتییەکانی دوپاتکردەوە بۆ پشتیوانیکردنی فەڵەستین و کۆتاییھێنان بە ھێرش و پەلاماردان بۆسەر غەزە و دانیشتوانەکەی، ئاماژەی بە پێویستی رێگەدان بە گەیشتنی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ خەڵکی فەڵەستین و دڵنیابوون لە پاراستنی دانیشتوان و ھاووڵاتیانی سڤیلیش کرد.

سەرۆککۆمار سوپاسی و پێزانینی خۆی بۆ ھەوڵەکانی شانشینی عەرەبستانی سعودی بۆ سازکردنی لوتکەی ھاوبەشی عەرەبی–ئیسلامی لە ریازی پایتەخت دەربڕی و بڕیار و ھەڵوێستەکانی کۆنفرانسەکەی سەبارەت بە پشتیوانیکردنی گەلی فەڵەستینی بەرزنرخاند. 

لەلایەن خۆیەوە باڵیۆزی سعودیە سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ سەرۆککۆمار دەربڕی بۆ گرنگیدانی بە پەرەپێدان و بەھێزکردنی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان، جەختی لە پەرۆشی وڵاتەکەشی کردەوە بۆ بەردەوامبوون لە ھەماھەنگییە دوو قۆڵییەکان بۆ خزمەتکردنی ئاسایش و سەقامگیری و خۆشگوزەرانی ھەردوو وڵات و ناوچەکە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

د.لەتیف رەشید لە کۆشکی بەغداد پێشوازی کرد لە ئەحمەد رەوێزی باڵیۆزی فەڵەستین لە عێراق کرد و گفتوگۆیان کرد لەبارەی دوایین پێشھاتەکانی رەوشی کەرتی غەززە و ئەو رەوشەی رووبەڕووی گەلی فەڵەستین بووەتەوە.

سەرۆککۆمار، پشتیووانیی عێراقی بۆ دۆزی فەڵەستین دووپاتکردەوە و رایگەیاند، پێویستە ھەوڵی بە کۆمەڵی نێودەوڵەتی ھەبێت بۆ راگرتنی دوژمنکارییەکانی سەر کەرتی غەززە و کارکردنی ھاوبەش بۆ چارەسەرکردنی ریشەیی رەوشەکە لە فەڵەستین، ھەروەھا جەختیکردەوە لە گەرەنتیکردنی گەیشتنی ھاوکارییە مرۆییەکان بۆ گەلی فەڵەستین و پاراستنی دانیشتووان و مەدەنییەکان.

د.لەتیف رەشید جەختیکردەوە لەوەی عێراق بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتیکردن و ھاوکاریی مرۆیی بۆ گەلی فەڵەستین، لەپێناو کەمکردنەوەی نەھامەتییەکانیان لە کەرتی غەززە و شارەکانی تر.

لای خۆیەوە باڵیۆزی فەڵەستین لە عێراق، سوپاسی سەرۆککۆمار و حکومەت و گەلی عێراق، لە بەرامبەر ھەوڵەکانی بەرگریکردنیان لە دۆزی فەڵەستین.



بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ناوەندی ستراتیژی بۆ مافەکانی مرۆڤ لە عێراق رایگەیاندووە، بەھۆی تەقینەوەی مین و بۆمبی کلاستەر تائێستا ٣٤ ھەزار کەس لە عێراق بوونە قوربانی، بەشێکی زۆریان ئەندامەکانی جەستەیان لە دەستداوە، بەھۆی مینەکانەوە ھەزاران کەسیش ژیانیان لە مەترسیدایە.

راشیگەیاندوە، لەلایەن وەزارەتی ژینگە و بەڕێوەبەرایەتی کاروباری مین زیاتر لە شەش ھەزار کیلۆمەتر زەوی لە مین پاککراوەتەوە، بەڵام ھێشتا ٢٠٠ کیلۆمەتر لە خاکی عێراق روپێوی بۆ نەکراوە بۆ ئەوەی پاکبکرێتەوە.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دادوەر عومەر ئەحمەد، سەرۆکی ئەنجومەنی کۆمسیارانی کۆمسیۆن، پێشوازیکرد لە جێنین بلاسخارت نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان و وەفدی یاوەری و لە دیدارەکەدا، دوایین ئامادەکارییەکانی کۆمسیۆن بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی داھاتوو تاوتوێکرا.

دادوەر عومەر ئەحمەد ستایشی پاڵپشتییەکانی نەتەوەیەکگرتووەکانی کرد بۆ کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، بە تایبەتی لە ئێستادا کە ئامادەکاری دەکرێت بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان و بڕیارە لە رۆژی ١٨ی ئەم مانگە بەڕێوەبچێت.

لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا، ئەنجومەنی کۆمسیاران، بانگھێشتی بلاسخارت و وەفدی یاوەریکرد، بۆ بەشداریکردن لە کۆتا تاقیکردنەوەی ئامێرەکانی دەنگدان، کە بڕیارە رۆژی پێش دەنگدانی گشتی ئەنجامبدرێت.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

تورکی عەتبی، سەرکردە لە چوارچێوەی ھەماھەنگی رایگەیاند، ئەمشەو  چوارچێوەی ھەماھەنگی کۆبوونەوەیەک ئەنجامدەدات بۆ گفتوگۆکردن لەسەر چەند بابەتێک، یەکێک لە بابەتەکان دیاریکردنی وادەی دانیشتنێکە بۆ دەنگدان لەسەر جێگرەیەکی حەلبوسی، دوای ئەوەی حزبی تەقەدوم پێنج ناوی بۆ پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران ئاشکرا کرد. 

وتیشی، دۆسیەی دەنگدان لەسەر جێگرەوەی حەلبوسی سێ بژاردە لەخۆی دەگرێت، ئەوانیش دیاریکردنی رۆژی پێنجشەممەی داھاتوو بۆ کۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەران بە ھەماھەنگی لەگەڵ ھێزە سیاسیەکان، یان دواخستنی ئەو بابەتە بۆ دوای ھەڵبژاردنی ١٨ی ئەم مانگە، یاخود پاڵپشتیکردنی یەک کاندید ھاوکات تورکی عەتبی راشیگەیاند، چوارچێوەی ھەماھەنگی دەیەوێت پەلەبکرێت لە یەکلاکردنەوەی جێگرەوەی حەلبوسی. 

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بودجەی ئەمساڵی عێراق کە لە حوزەیرانی رابردوو لە ئەنجومەنی نوێنەران پەسەندکرا و بە گەورەترین بودجە لە مێژوودا وەسفکرا و بڕەکەی گەیشتە ١٩٩ ترلیۆن دینار، بەڵام لەگەڵ کۆتاییھاتنی ئەمساڵی دارایی، پێشبینی دەکرێت تەنھا ٥٨٪ی خەرج بکرێت.

موعین کازمی ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، دوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ بەشی بودجە لە وەزارەتی دارایی عێراق بۆیان دەرکەوتووە ئەو پارەیەی بۆ وەزارەت و پارێزگاکان لە بودجەدا تەرخانکراوە، وەک پێویست خەرج نەکراوە و لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا تەنھا ٤٧ ترلیۆن دینار خەرجکراوە.

کازمی راشیدەگەیەنێت، پێشبینی دەکرێت خەرجییەکانی لەنێوەی دووەمی ئەمساڵدا بگاتە ٧٠ ترلیۆن دینار بەمەش ھیچ کورتھێنانێک لە یاسای بودجەی ئەمساڵدا نابێت و بەڵکو زیادەی داھاتیش دەبێت کە کاریگەری لەسەر یاسای بودجەی ساڵی داھاتووش دەبێت. 

کازمی ئاماژە بەوەش دەکات، دوای بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە عێراق، ئەو پارەیەی لە چوارچێوەی بەرنامەی حکومەتەکەی سودانیدا تەرخانکراوە، بۆ پڕۆژەکان لە پارێزگاکان و وەزارەتەکان خەرج دەکرێت.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی راگەیاندنی کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، سەرجەم کاغەزەکانی دەنگدان بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان گەیشتووە بە دەستیان و ئامادەن، لە ئێستاشدا لە کۆگاکانی کۆمیسیۆن ھەڵگیراون و لەماوەی ٧٢ سەعاتی پێش وادەی دەستپێکی ھەڵبژاردنەکە، بەسەر بنکە و ناوەندەکانی دەنگدان دابەشدەکرێن.

ئەوەشی خستەڕوو، لە پڕۆسەی ھەڵبژاردنەکە و جیاکردنەوەی دەنگەکان، چەندین رێوشوێنی نوێ دەگیرێنەبەر، بۆیە چاوەڕواندەکرێت ھیچ پێشێلکاری و ساختەکارییەک لە ھەڵبژاردنەکەدا روونەدات.

ھاوکات جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی عێراق بە کوردسات نیوزی راگەیاند، سبەینێ بۆ دوایین جار بۆ تاقیکردنەوە کار بە ئامێرەکانی دەنگدان دەکرێت.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرۆکایەتی کۆماری عێراق لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، د.لەتیف رەشید سەرۆککۆمار پێشوازی لە لیوا محەمەد باقری سەرۆک ئەرکانی ھێزە چەکدارەکانی ئێران کردووە و جەختیان لە پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوو وڵات کردووەتەوە.

سەرۆککۆمار لە کۆبوونەوەکەدا جەختیکردەوە لە گرنگی بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانی ھەردوو وڵات لە بواری ئەمنی و سیاسی و ئابوری و ھاریکاری نێوان ھەردوو وڵات لە بواری مەشق و تەکنیکی و کاری ھاوبەش بۆ گرەنتیکردنی ئاسایشی سنورەکان و بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە ماددەی ھۆشبەر.

ھەروەھا سەرۆککۆمار ستایشی رێککەوتنی نێوان ھەردوو وڵاتی کرد بۆ گرەنتیکردنی ئاسایشی سنورەکان.

لای خۆیەوە سەرۆک ئەرکانی ھێزە چەکدارەکانی ئێران پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ ئاسایش و سەقامگیریی عێراق دوپاتکردەوە.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند، درەنگانی شەوی رابردوو بنکەی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنبار و بنکەیەکی سەربازی ئەمریکای لە سوریا بۆردومانکردووە.

دەشڵێت، بۆردومانەکان لە رێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە ئەنجامدراون و ئامانجەکان بەشێوەیەکی راستەوخۆ پێکراون.

بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا، لەدوای ھەڵگیرسانی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیلەوە ٧٦ ھێرش کراوەتە سەر ھێزەکانیان لە عێراق و سوریا و بەھۆیەوە ٦٠ کەس برینداربوون.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...133134135136137...400