بۆ ناسینەوەی ئەو 17 پێشمەرگە ئەنفالکراوەی ساڵی 2015 لە مەکتەب خالید بەدیلی کەوتنە دەستی تیرۆریستانی داعش، وابڕیارە رۆژی یەکشەممە سەمپڵی خوێن لە کەسوکاریان وەربگیرێت.

لە پاش ئەوەی ئەمڕۆ یاسەمین مونزر بەڕێوەبەری بەشی گۆڕە بە کۆمەڵەکان لە پزیشکی دادی عێراق رایگەیاند، گۆڕە بەکۆمەڵەکە لە قەزای حەویجە 'بنکەی بەگارە' ماوەکانی پێشو دۆزراونەتەوە بریاردرا بۆ ناسینەوە و گەڕاندنەوەی روفاتەکانیان یەکشەممەی داهاتوو، سامپڵی خوێن لە کەس و کاری پێشمەرگە دیلەکان لە چەمچەماڵ لە نێو مۆنۆمێنتی ئەنفال، وەربگیرێت.

بەپێی زانیارییەکانی کوردسات نیوز، کاری وەرگرتنی سامپڵ لەلایەن پزیشکی دادی بەغداوە ئەنجام دەدرێت، ئەمەش لە کاتێکدایە کە هەفتەی پێشوو سامپڵی بەشێک لە کەس و کاری پێشمەرگە دیلەکان لە هەولێر وەرگیراوە .

ساڵی 2015 لە مەکتەب خالید، کە کۆتا خاڵی سنووری نێوان پێشمەرگە و چەکدارانی داعش بوو لە سنووری کەرکوک، 17 پێشمەرگە وەک دیل کەوتنە دەستی تیرۆرستانی داعش و دڕندانە لەناو قەفەسدا بە شەقامەکاندا دەیانگێڕان و ڤیدیۆیان بڵاودەکردنەوە.

ئەمڕۆش دوای 10 ساڵ لەو رووداوە نامرۆڤانەیە، روفاتی ئەو 17 پێشمەرگەیە لە حەویجە دۆزرایەوە.