لە گۆڕێکی بەکۆمەڵی حەویجەدا روفاتی 17 پێشمەرگە دۆزرایەوە
هەساو ئەمیر
١٣ی شوباتی ٢٠٢٥
لە گۆڕێکی بەکۆمەڵی حەویجەدا روفاتی 17 پێشمەرگە دۆزیەوە، پەیامنێری کوردسات نیوزیش ئەوەی خستە روو، روفاتی ئەو پێشمەرگانەیە کە ساڵی 2015 وەک دیل کەوتنە دەستی داعش.
یاسەمین مونزر بەڕێوەبەری بەشی گۆڕە بە کۆمەڵەکان لە پزیشکی دادی عێراق رایگەیاند، گۆڕە بەکۆمەڵەکە لە قەزای حەویجە 'بنکەی بەگارە' هەڵدراوەتەوە.
وتیشی، لە ئێستادا لە هەولێر نموونەی خوێن لە کەسوکاریان وەردەگیرێت.
بەپێی زانیارییەکانی کوردسات نیوز، گۆڕە بەکۆمەڵەکان دوو مانگ بەر لە ئێستا هەڵدراونەتەوە و چەندین روفاتی تێدایە، کە بەشێکیان خەڵکی شنگال و دەوروبەرین.
ساڵی 2015 لە مەکتەب خالید، کە کۆتا خاڵی سنووری نێوان پێشمەرگە و چەکدارانی داعش بوو لە سنووری کەرکوک، 17 پێشمەرگە وەک دیل کەوتنە دەستی تیرۆرستانی داعش و دڕندانە لەناو قەفەسدا بە شەقامەکاندا دەیانگێڕان و ڤیدیۆیان بڵاودەکردنەوە.
کەسوکاریان چەندین جار خۆپیشاندانیان کرد و داوایانکرد ئەو 17 پێشمەرگەیە لەگەڵ چەند دیلێکی داعشدا کە لە زیندانەکانی هەرێم بوون ئاڵوگۆڕ بکرێن.
ئەمڕۆش دوای 10 ساڵ لەو رووداوە نامرۆڤانەیە، روفاتی ئەو 17 پێشمەرگەیە لە حەویجە دۆزرایەوە.
بەپێی زانیارییەکانی کوردسات نیوز، لە شەڕی دژ بە داعشدا 78 پێشمەرگە کەوتنە دەست تیرۆرستانی داعش، کە بەشێکیان داعش خۆی لە ڤیدیۆدا ساتی شەهیدکردنی بڵاوکردنەوە و بەشێکیشیان هێشتا چارەنووسیان نادیارە.