سەرۆك وەزیرانی عیراق لیژنەیەكی لێكۆڵینەوەی لەبارەی رووداوەكانی كەركوك پێكهێنا، داواش لە لایەنەكان دەكات دان بەخۆیاندا بگرن.

شانەی راگەیاندنی ئەمنی بڵاویكردەوە، سودانی بەدواداچوون بۆ رووداوەكانی دوێنێی دەوروبەری پارێزگای كەركووك دەكات كە تیایدا سوپا رێگری لە جووتیارانی كورد كرد زەوییەكانیان بكێڵن لە گوندی شەناغە.

دەشڵێت، سوودانی فەرمانی بە بریكاری وەزیری داد كردووە سەردانی پارێزگاری كەركوك بكات بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست سەبارەت بەو زەوییانەی كە بەرژەوەندی هاوبەشیان هەیە.

هەروەها داوای لە هێزە ئەمنییەكانیان كردووە پابەندبن بە یاسا و ڕێنماییەكان و هێزە سیاسییەكانیش دان بەخۆیاندا بگرن و پابەندی یاسا و دەستوور بن.
هاوكات فەرمانی بە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان كردووە لیژنەیەكی باڵا بۆ لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە پێكبهێنێت كە نوێنەری هەموو لایەنەكانی تێدا بێت.