سودانی داوای كڕینی هێلیكۆپتەری جەنگی پێشکەش بە كۆمپانیایەک دەکات
١٥ی شوباتی ٢٠٢٥
محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراق لە دیدارێکدا لەگەڵ جێگری جێبەجێكاری كۆمپانیاکانی هێلیكۆپتەری "ئێرباس" خواستی خۆی بۆ کڕینی هێلیکۆپتەری جەنگی و هاوكاری و هاوبەشی لەگەڵ كۆمپانیا نێودەوڵەتییە بەناوبانگەكان دووپاتكردەوە.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆك وەزیران لە راگەیەندراوێکیدا ئەمڕۆ شەممە باس لەوەدەكات، سودانی پێشوازی لە ستیفان تۆمی جێگری جێبەجێكاری كۆمپانیاکانی هێلیكۆپتەری "ئێرباس" كردووە و لە کۆبونەوەی نێوانیاندا گفتوگۆیان لەسەر پەرەپێدانی هاریكاری هاوبەش كردووە لە بوارەكانی مەشق و پاراستن و مۆدێرنكردنی بواری ئاسمانی، لەژێر رۆشنایی گرێبەستی دوو قۆڵی بۆ تەیاركردنی عیراق بە هێلیكۆپتەری جەنگی، و جەختی کردووەتەوە لەسەر خێراكردنی رێكارەكانی جێبەجێكردنی مەرجەكانی گرێبەستەكە".
ئاماژە بەوەش دراوە؛ سودانی جەختی پێداگر بووە لەسەر وردبینی حكومەت و هەوڵەكانی بۆ هاوكاری و هاوبەشیكردن لەگەڵ كۆمپانیا نێودەوڵەتییە بەناوبانگەكان و پێشكەشكردنی هەموو ئەو ئاسانكاریانەی كە پێویستن بۆ دابینكردنی بنەمای گونجاو بۆ كارەكانیان لە عیراق.