بانکی ناوەندیی لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەشکردوە، لەکۆبوونەوەی بانکی ناوەندیی و نوێنەرانی بانکە ئەھلییەکانی عێراق و تورکیا رێککەوتن کرا لەسەر پێکەوەکارکردنی بانکەکانی ھەردوو وڵات و کارئاسانی بۆ گەورە بازرگانانی ھەردوولا کە ئاڵوگۆڕی بازرگانی و قەرزەکانیان بە یۆرۆ و لیرەی تورکی بدەنەوە.
ئەوەشی خستوەتەڕوو، رێککەوتنیشکرا لەسەر ئاڵوگۆڕی بازرگانی بۆ بازرگانانی بچوک بە دینار بەرامبەر یۆرۆ یان دینار بەرامبەر لیرەی تورکی بێت، بەجۆرێک کاتێک لەعێراق بە دینار پارەی کاڵاکان بە دینار خرایەسەر ھەژماری بانکی، ئەوا لە تورکیا بە یۆرۆ یان لیرە پێی دەدرێتەوە، ئەوەش کارئاسانی بۆ ھەزاران بازرگانی عێراق دەکات و لەمەترسییەکانی پارەدانی ناڕەسمی دوریان دەخاتەوە.
مەسعود حەیدەر لە رونکردنەوەیەکدا ئاماژەی بەوەشکردوە، بەپێی مادەی ٧١ی یاسای بودجەی فیدراڵی، ھەموو ئەو بەڕێوەبەرە گشتی و وەکیل وەزارەت و راوێژکارانەی بە وەکالەتن و ئەنجوومەنی وەزیران و پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەر نەداون، ژمارەیان چەندین ھەزار پلە تایبەتە، لە بەرواری ٠١-١٢-٢٠٢٣ـەوە، ناتوانن دەسەڵاتی یاسایی و دەسەڵاتی ئەو پۆستانە بەکاربێنن.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەوەش کێشەیەکی گشتیی یاسایی دەوڵەتە و پێویستی بە چارەسەر ھەیە بە ھەماھەنگیی نێوان حکومەت و پەرلەمان و ئەویش پابەندی یاسا دەبێت.
لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی یاسای بودجە، رۆژی ٣٠ی تشرینی دووەم، تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق بە نوسراوێکی فەرمی سەرجەم دەسەڵاتەکانی لە مەسعود حەیدەر بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق بە وەکالەت سەندەوە.
د. لەتیف رەشید سەرۆککۆماری عێراق لە سەردانەکەیدا دوبەی بە مەبەستی بەشداریکردن لە کۆڕبەندی کۆپ ٢٨، بەشی عێراقی لە شاری ئێکسپۆی دوبەی کردەوە و رایگەیاند، کردنەوەی ئەو بەشە ھەلێکی دیکە بۆ فراوانکردنی ھاریکاری لەگەڵ ئیمارات و وڵاتانی جیھان دەڕەخسێنێت.
وتیشی، ئاسایشی ئاو و خۆراک و وزە پەیوەستن بەیەکەوە و روبەڕوبوونەوەی ئەو ئاڵەنگارییانەش لە پێشینەی کارەکانی عێراقە، ئاماژەی بەوەشکرد، کێشەی ژینگە سەرەکیترین کێشەی مرۆڤایەتییە و تەنھا بۆ وڵاتێک نییە و پێویستە ھەنگاو بنرێت بۆ باشکردنی ژینگە و پلانی بۆ دابنرێت و بە بەردەوامی گرنگی پێبدرێت.
سەرۆککۆماری عێراق باسی لەوەشکرد، لە ئێستادا زۆر گرنگە رێککەوتنی نوێی نێودەوڵەتی بکرێت بە تایبەتی بۆ دابەشکردنی ئاوی روبارەکان و بەکارھێنانی، عێراقیش بە دەست کێشەی پشکی ئاوەوە دەناڵێنێت لەگەڵ وڵاتانی دراوسێیدا، بەڵام پێویستی عێراق بۆ ئاو خەمڵاندنی بۆ ناکرێت و کاریگەری لەسەر وڵات ھەیە.
غازی فەیسەڵ فەرماندەی خۆبەخشی پێشمەرگە لە سنوری مەخمور بە کوردسات نیوزی راگەیاند، سەعات نۆی ئەمشەو لە نێوان گوندی عەلیەڕەش و دووسەرە لەدەشتی قەراجی سەربە مەخموور، شەڕ لەنێوان سوپای عێراق و تیرۆرستانی داعش روویداوە.
وتیشی، شەڕەکە ماوەی سەعاتێکی خایاندووە، بەپێی زانیارییەکان چەند بریندارێک لەڕیزی سوپای عێراقدا ھەیە و بریندارەکان رەوانەی نەخۆشخانەی مەخمور کراون.
بەپێی نوسراوێکی وەزارەتی دارایی عێراق کە لە ٣٠/١١/٢٠٢٣ دەرکراوە، تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق ھەموو دەسەڵاتەکانی لە مەسعود حەیدەر بریکاری وەزارەتی دارایی لە پشکی پارتی بە وەکالەت وەرگرتووەتەوە.
ھاوکات سەرچاوەیەکی نزیک لە مەسعود حەیدەر بە کوردسات نیوزی راگەیاند، لە دواین کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق محەمەد شیاع سودانی بڕیاریدا بە گۆڕینی ١٦ بەڕێوەبەری گشتی و بریکاری وەزیر بە وەکالەت، ئەو بڕیارەش لە چوارچێوەی ئەو گۆڕانکارییانەدا دەکراوە.
وتیشی، تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق داوای لە ئەنجومەنی وەزیران کردووە کە سێک بۆ بریکاری وەزارەتەکەی جێگیر بکەن.
ھەروەھا د. بڕیار رەشید ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران بە کوردسات نیوزی راگەیاند، ئەو نوسراوەی بڵاوکراوەتەوە راستە و دەسەڵاتەکان لە مەسعود حەیدەر وەرگیراوەتەوە.
ئەوەش لە کاتێکدایە بە بڕیاری سەرۆکوەزیرانی عێراق نۆ کەس بۆ بریکاری وەزیرەکان جێگیر کراون، بەڵام ناوی مەسعود حەیدەر لەو لیستەدا نییە و لە ٣٠/١١/٢٠٢٣ دەسەڵاتەکانی تەواو بووە.
باسم خەشان رایگەیاند، ئەگەری زیندانیکردنی حەلبوسی لە ئارادایە، چونکە حزبی تەقەدوم کە حەلبوسی سەرۆکایەتی دەکات، رێککەوتنێکیان کردووە بۆ پێدانی ٦٠٠ ھەزار دۆلار و تەحویلکراوە بۆ کۆمپانیای بی جی ئاڕ، بەبێ رەزامەندی نوسینگەی کاروباری حزب و رێکخراوە سیاسییەکان.
وتیشی، ئەو تاوانە بەپێی یاسا سزای زیندانی لەسەرە کە لە ساڵێک کەمتر نییە و لە سێ ساڵیش زیاتر نییە، چونکە بەپێی ماددەی ٥٠ لە یاسای حزبە سیاسییەکانی عێراق بۆ ساڵی ٢٠١٥، ھەر لێپرسراوێک پارەی حزبەکەی بنێرێت بۆ رێکخراو یان کەسێک یاخود بۆ دەرەوەی وڵات بەبێ رەزامەندی نوسینگەی حزب، سزا دەدرێت.
خودی حەلبوسیش لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا وتی، ئەو سکاڵایانەی لەسەری تۆمارکراون سیاسین و پێش ھەڵبژاردن خۆیی و حیزبەکەی بە ئامانج گیراون، لە ھیچ دۆخێکدا عێراق جێناھێڵێت و دادگاش ھەر بڕیارێک بدات پابەندی دەبێت.
تورکی عەتەبی، سەرکردە لە چوارچێوەی ھەماھەنگی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، جموجۆڵە سیاسییەکان بۆ دەستنیشانکردنی جێگرەوەی حەلبوسی دەستیپێکردووە و لەماوەی ٤٨ سەعاتی داھاتووشدا، وادەی دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران دیاریدەکرێت.
ئەوەشی خستەڕوو، بەشێکی زۆر لە ھێزە سوننەکان لەگەڵ ئەوەن رۆژی یەکشەممەی داھاتوو ٢ی کانوونی یەکەم ئەنجومەنی نوێنەران دانیشتنەکە ئەنجامبدات، بەڵام تائێستا ئەو وادەیە یەکلایی نەکراوەتەوە.
ئەو سەرکردەیەی چوارچێوەی ھەماھەنگی وتیشی، ھێزە سوننەکان پابەندن بەو کاندیدانەی خستوویانەتەڕوو و ئەوەش رێگەخۆشکەرە بۆ ئەوەی لە دانیشتنێکی ئەنجومەنی نوێنەران سەرۆکی نوێی ئەنجومەنی نوێنەران ھەڵببژێرێت.
شەوی پێنجشەممە لەناوچەی عوزێم لە باکوری پارێزگای دیالە چەکدارانی داعش ھێرشیانکردەسەر یەکەیەکی سوپای عێراق و لە ئەنجامیشدا ئەفسەرێکی سوپا بە پلەی نەقیب کوژرا.
دوای ھێرشەکەش سوپای عێراق ھێزی زیاتری بۆ وەڵامدانەوەی داعش رەوانەی ناوچەکە کرد و ھەڵمەتی کێوماڵکردنیشی بۆ دۆزینەوەی پێگەکانی داعش دەستپێکرد.
ئەوەش لەکاتێکدایە پێشتر وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئاشکرای کردبوو، بەھەوڵی ئەمنییەکان، ئەمساڵ ئاستی مەترسییەکانی داعش لە سنووری پارێزگاکانی کەرکوک و دیالە و سەڵاحەدین، ٩٥% کەمیکردووە.
د.ھێمان تەحسین بەڕێوەبەری کاروباری پارت و رێکخراوە سیاسییەکانی عێراق، نوسراوێکی ئاڕاستەی دەستەی دادوەریی بۆ ھەڵبژاردن کرد و ئاماژەی بەوەکرد، ھەریەکە لە پەرلەمانتار باسم خەشان و حەیدەر مولە و عەبدولستار عادل و سوھەیب ئیسماعیل و مستەفا مووەفەق، داواکارییەکیان بۆ ھەڵوەشاندنەوەی پارتی تەقەدووم بە سەرۆکایەتیی محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەران پێشکەش کردووە.
بەپێی نوسراوەکەی بەڕێوەبەری کاروباری پارتەکان، پارتەکەی حەلبوسی تۆمەتبارکراوە بە بوونی پەیوەندیی لەگەڵ کۆمپانیای (بی جی ئاڕ)ی ئەمریکی و ناردنی پارە بەبێ ئاگاداری بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری پارتەکان.
لەبارەی نوسراوەکەوە، د.ھێمان تەحسین بە کوردسات نیوزی راگەیاند، دەستەی دادوەریی بۆ ھەڵبژاردن دەستەیەکی سەر بە کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکانە و لێکۆڵینەوە لە داواکارییەکە دەکات و لە ماوەی داھاتوودا لەو بارەیەوە کۆدەبێتەوە.
پارتی تەقەدووم لەلایەن محەمەد حەلبوسی سەرۆکی دوورخراوەی ئەنجومەنی نوێنەرانەوە سەرۆکایەتی دەکرێت و لە ساڵی ٢٠١٩ دامەزراوە، لە ھەڵبژاردنەکەی ساڵی ٢٠٢١، ٣٨ کورسیی ئەنجومەنی نوێنەرانی بەدەستھێنا.
عەلی تورکی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران سەر بە چوارچێوەی ھەماھەنگی رایگەیاند، چوارچێوە ھیچ دەستوەردانێک ناکات بۆ دیاریکردنی کەسێک بۆ شوێنی محەمەد حەلبوسی سەرۆکی دوورخراوەی ئەنجومەنی نوێنەران، بەڵکو ئەو بابەتەیان بۆ سوننەکان بەجێھێشتووە و ئەنجومەنی نوێنەران دوای رێککەوتنی سوننەکان لەسەر کەسێک، دەنگ لەسەر ئەو پۆستە دەدات.
وتیشی، پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران تایبەتە بە سوننەکان، ھیچ پێکھاتەیەک ناتوانێت دەستوەردانی تێدا بکات.
ھاوکات حەسەن فەدعەم، سەرکردە لە چوارچێوەی ھەماھەنگی شیعەکان رایگەیاند، دەتوانرێت پێش ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق جێگرەوەی حەلبوسی یەکلابکرێتەوە.
عیماد جەمیل سەرۆکی تیمی راگەیاندنی کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنی عێراق رایگەیاند، ژمارەی ئەو سکاڵایانەی کە تا ئێستا گەیشتونەتە دەستی کۆمسیۆن گەیشتونەتە ٥٠ سکاڵا و چەند کاندیدێکیش ئاگادارکراونەتەوە کە ھەستاون بە پێشێلکاری لە کاتی بانگەشەی ھەڵبژاردن.
راشیگەیاند، پێشتریش ٥٠٠ سکاڵایان ئاڕاستە کراوە لە حاڵەتی بەردەوامبوونی سەرپێچیەکانیش کاندیدەکان سزای دارایی دەدرێن.
وەزارەتی پەروەردەی عێراق لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند، دوای ئەوەی زیاتر لە ملیۆنێک و ٥٠٠ ھەزار کەس ناویان تۆمارکرد بۆ دامەزراندنی ٥٠ ھەزار پلەی وەزیفی بە شێوەی گرێبەست، لە ئێستادا جیاکردنەوەی ناوەکان بەردەوامە.
ئاماژەیە بەوەشکرد، ئەو پرۆسەیە بەردەوام دەبێت تا دوای ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق و دواتر ناوی وەرگیراوەکان رادەگەیەنن.
روونیشیکردەوە، دوورخستنەوەی پرۆسەی دامەزراندن لە سیاسەت و نەقۆستنەوەی لەلایەن کاندیدەکانەوە ئامانجی سەرەکیانە و رێگا بەو کارە نادەن.
عون زیاب عەبدوڵا، وەزیری سەرچاوەکانی ئاوی عێراق بە رۆژنامەی سەباحی راگەیاندووە، بارانبارینی چەند ھەفتەی رابردوو ئاستی ئاوی بەنداو و زۆنگاوەکانی بەرزکردووەتەوە و پێشبینی دەکرێت ھاوینی ٢٠٢٤ ئاوی کۆگاکراو لە بەنداوەکان لە ھاوینی ئەمساڵ باشتر بێت.
ئاماژەی بەوەشکردوە، بۆ کۆکردنەوەی زۆرترین رێژەی ئاو فەرمانیان بە بەڕێوبەرانی بەنداوەکانی موسڵ، دوکان و دەربەندیخان کردووە ئاستی گلدانەوەی ئاو لە ٤٥٠ بۆ ١٥٠ مەتر سێجا لە چرکەیدا کەمبکەنەوە.
لە چوار ساڵی رابردودا بەھۆی کەمی بارانبارین ئاستی ئاوی کۆگاکراو لە بەنداوەکانی عێراق لە ٥٥ ملیار مەتر سێجاوە بۆ حەوت ملیار مەتر سێجا دابەزی، ئەوەش وایکرد حکومەت ھەنگاوی پێویست بۆ کەم بەفیڕۆدانی ئاو بگرێتەبەر.
محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە پێگەی خۆی لە پلاتفۆڕمی "ئێکس" بە بۆنەی ڕۆژی نێودەوڵەتی پاڵپشتی گەلی فەڵەستین پەیامێکی بڵاوکردەوە و نوسیوویەتی، پشتیوانی بۆ مافی گەلی فەڵەستین دووپات دەکاتەوە و پشتیوان دەبن بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێکی تایبەت بە خۆیان لە سەر خاکی فەڵەستین. ھەروەھا نوسیوویەتی جەخت دەکەنەوە لەسەر پێویستی کۆتاییھێنان بە کردارە ھەڕەمەکییەکانی دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل دژی ھاووڵاتیانی مەدەنی لەو وڵاتەدا.
حەسەن فەدعەم سەرکردە لە چوارچێوەی ھەماھەنگی شیعەکان رایگەیاند، پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پۆستێکی گرنگە و نابێت بەو شێوەیەی ئێستا بە بەتاڵی بمێنێتەوە و لەناو چوارچێوەی ھەماھەنگیشدا ھیچ دابەشبوون و کێشەیەک نییە لەسەر ئەو ناوانەی بۆ پۆستی سەرۆکی نوێی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دیاری دەکرێن.