موقتەدا سەدر ئامادەكارییەكانی دەستپێكردەوە بۆ گەڕانەوە بۆ ناو گۆڕەپانی سیاسی عیراق و لیژنەكانی تایبەت بە كاروباری هەڵبژاردنی رەوتی سەدری راسپاردووە، رێكاری پێویست بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو بگرنەبەر.

ماڵپەڕی "عەرەبی جدید" لە زاری سێ سەرچاوەی باڵای ناو رەوتی سەدرەوە بڵاویكردووەتەوە، موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر ئامادەكارییەكانی بۆ گەڕانەوە بۆ ناو گۆڕەپانی سیاسی عیراق دەستپێكردووە و لەم دواییانەدا، رێنمایی دەركردووە بۆ لیژنەكانی رەوتی سەدر تایبەت بە كاروباری هەڵبژاردن، کە رێكاری پێویست بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو بگرنەبەر، بەجۆرێك راپۆڕتێك لەسەر یاسای ئێستای هەڵبژاردن ئامادە بكەن و ئاستی جەماوەری و پێگەی رەوتی سەدر لە رەوشی ئێستای وڵات دیاریبكەن.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، نوسینگەكانی رەوتی سەدر لە باشوور و ناوەڕاستی عیراق كەوتوونەتەوە كار و كۆبوونەوە و دیداری گەورە لێپرسراوانی رەوتەكەی تیادا بەڕێوەدەچێت.

ئاژانسەكە راشیگەیاندووە، پێدەچێت دوو مانگ بەر لەوادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەران، گەڕانەوەی رەوتی سەدر بۆ گۆڕەپانی سیاسی، لەلایەن خودی موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدرەوە رابگەیەنرێت.

ئەوەش لەكاتێكدایە، لە مانگی 6-2022ـەوە رەوتی سەدر لە گۆڕەپانی سیاسی عیراق كشاوەتەوە، لەسەر ئاستی لایەنە سیاسییەكانیش فشارێكی زۆری لەسەرە بۆ گەڕانەوە لە هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەران، كە بڕیارە پێش كۆتاییهاتنی ئەم خولەی یاسادانانی ئەنجومەنی نوێنەران و بەر لە كۆتایی ئەمساڵ، وادەی بەڕێوەچوونی دیاریبكرێت.