لوید ئۆستن وەزیری بەرگری ئەمریکا لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە وەڵامی ئەو ھێرشانەی کرانەسەر ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سوریا، سێ بنکەیان لە عێراق بۆردوومان کردووە کە حزبوڵا و گروپە چەکدارەکانی تری سەر بە ئێران لە عێراق بەکاریانھێناوە بۆ راھێنان لەسەر بەکارھێنانی مووشەک و درۆن، ھەروەھا کۆگای چەکیش بوون.
وەزیری بەرگری ئەمریکا راشیگەیاند، ئامانجیان ئەوە نییە ئالۆزییەکانی ناوچەکە زیاتر بکەن، بەڵام ھەموو ھەنگاوێکی پێویستیش بۆ پاراستنی بەرژوەندیەکانیان وھێزەکانیان لەناوچەکە دەگرنەبەر. ئۆپراسیۆنەکانی جزیرەی سەر بە حەشدی شەعبیش لە راگەیەندراوێکدا ھێرشەکانی پشتراستکردەوە و رایگەیاند، چەند بارەگایەکیان لە ئەنبار و بابل رووبەرووی بۆردومان بونەتەوە و کوژراوێک و دوو بریندار ھەن .
لەکاردانەوەی ئەو ھێرشانەشدا، قاسم ئەعرەجی راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق لە تۆری کۆمەڵایەتی ئێکس نوسیویەتی، بە ئامانجگردنی بارەگاکانی حەشی شەعبی لە جەرف سەخر و قائیم، پێشێلکردنی سەروەری عێراقە و ھاوکار نابێت لە ھێورکردنەوەی رەوشەکەدا.
محەمەد حەنون، وتەبێژی وەزارەتی بازرگانی عێراق رایگەیاند، وەزارەت پلانی ٢٠٢٤ی داڕشتوە و لە پلانەکدا ماددەکانی بەشەخۆراک جێگیرکراون و لەگەڵ کۆگاکردنی ماددە خۆراکییەکان بۆ ماوەی چەند مانگێک.
ئاماژەی بەوەشکردوە، بەھۆی کۆگای ستراتیژییەوە بەشەخۆراکی ئەمساڵ باشتردەبێت و ماددەکانی ئەو کەسانەی چاودێری کۆمەڵایەتی دەیانگرێتەوە بەرەوپێش دەبرێن.
دەشڵێت، چوار ماددە بۆ مانگی رەمەزان زیاددەکرێن ئەمەش ئاماژەیەکە بۆ پرۆسەی باشترکردنی کۆبونی خۆراک و حکومەت گرنگی بە باشکردنی ماددەکانی بەشەخۆراکی مانگانە دەدات و ئاسایشی خۆراک بەدیبێت.
وتیشی، لە پلانی ئەمساڵدا وردبینی کاری بریکارەکانی خۆراک لە سەرجەم پارێزگاکان لەخۆیدەگرێت لەگەڵ دڵنیابونەوە لە خێرا دابەشکردنی ماددەکانی بۆ ھاووڵاتیان.
ئاژانسی ڕەسمی ھەواڵی عێراق بڵاویکردەوە، بانکی ناوەندیی رێوشوێنێکی نوێ بۆ پارەدارکردنی بازرگانانی بچووکەکان دەگرێتەبەر، ئەویش بریتییە لە دروستکردنی ھەژمارکردنی بانکی بۆ بازرگانەکان بەناوی کارتی بانکی بازرگانان.
ئەوەشی خستەڕوو، بازرگانە بچووکەکان بەو کارتە بانکییە دەتوانن مانگانە بڕی ١٠٠ ھەزار دۆلار لە بانکی ناوەندیی وەربگرن، ئەوەش خواست لەسەر دۆلار لەناوخۆی وڵاتدا کەمدەکاتەوە.
بەپێی رێوشوێنە نوێیەکە، بازرگانە بچووکەکان بە کارتە بانکییەکانیان، لە لقی بانکەی عێراقییەکان پارەیان پێدەدرێت، بەشێوەیەک پارەکە بە دیناری عێراقی دەبێت و بازرگانان تەنھا دەتوانن مامەڵەی کڕین و فڕۆشتنی رێگەپێدراوی پێبکەن.
بە گوێرەی نوسراوێک موحسین مەندەلاوی، جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لیژنەیەکی ھەشت کەسی بە سەرۆکایەتی رێبوار ھادی، سەرۆکی لیژنەی یاسایی پێکھێناوە.
لە نوسراوەکەدا ھاتووە، ئامانج لە پێکھێنانی لیژنەکە بۆ لێکۆڵینەوە لە بابەتی پارە وەرگرتنە لەلایەن چەند ئەندامێکی ئەنجومەنەکە بۆ ئەوەی دەنگ بە یەکێک لە کاندیدەکان بدەن بۆ پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران.
لە ٩ی ئەم مانگەدا ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کۆبوەوە بۆ ھەڵبژاردنی کاندیدێک بۆ سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران و لە کۆی شەش کاندید کەسیان دەنگی پێویستیان نەھێنا و دانیشتنەکە بۆ ماوەیەکی نادیار ھەڵگیرا.
موعین کازمی، ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت، حکومەتی فیدڕاڵی زیاتر لە دوو مانگە پێشنیازی چارەسەری کێشەی مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێمی کردووە و داوایکردووە وەزارەتی دارایی عێراق لیستی مووچەی وەکو ١٥ پارێزگاکەی عێراق لەبەردەستدا بێت بۆ ئەوەی وەکو ئەوان مووچە لەکاتی خۆیدا وەربگرن.
ئاماژەی بەوەشکرد، حکومەتی ھەرێم پێویستە زانیاری و لیستی مووچە بداتە عێراق، بەڵام حکومەتی ھەرێم تا ئێستا ئەو کارەی نەکردووە و زانیاری پێویستی نەداوە.
دەشڵێت، حکومەتی ھەرێم دەیەوێت خۆی مووچە دابەش بکات و ئەو پارەیەی لەمساڵدا عێراقی بۆی دەنێرێت، بۆ مووچەی ٢٠٢٣ی دابین بکات، بەوەش ناتوانێت کێشەی مووچە چارەسەر بکات.
عەتوان عەتوانی سەرۆکی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران رایگەیاند، بودجەی گشتی ساڵی رابردوو گەیشتە ٢٠٥ ترلیۆن دینار، بودجەی ئەمساڵیش لە ٢١٤ ترلیۆن دینار نزیک دەبێتەوە، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی بودجە بۆ چارەسەری کێشەکانی ھەرێمی کوردستان دەبێت، نەشیشاردووەتەوە کە لە ئێستادا کێشەی تەکنیکی ئاڵۆز ھەیە کە رێگرە لە دووبارە دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوتی ھەرێم و چەند بابەتێک ھەیە دەبێت حکومەتی ھەرێم جێبەجێی بکات بۆ چارەسەرکردنی کێشەی موچەی فەرمانبەران.
راشیگەیاند، باشترین چارەسەر بۆ چارەسەرکردنی موچەی فەرمانبەرانی ھەرێم ، دانانی لیستی موچەی ھەرێمە لە سستمی موچەی ناوەندی .
بەگوێرەی خشتەی کۆبوونەوەکانی دادگای فیدڕاڵی، سبەینێ دادگاکە یەکەم کۆبوونەوەی لەسەر سکاڵایەک ئەنجام دەدات کە تیایدا داواکراوە رێکارەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق بەرامبەر ھەرێمی کوردستان بە نادەستوری دابندرێت و نەوتی سپی و سوتەمەنی بە ھەمان نرخ کە بۆ پارێزگاکانی عێراق دابینی دەکات، بۆ ھەرێمی کوردستانیش دابینی بکات.
لە سکاڵای دووەمیشدا کە لەسەر وەزیرانی دارایی و پلاندانان تۆمارکراوە، تیایدا داواکراوە دانانی پشکی ھەرێم لەسەر بنەمای خەرجی راستەقینە بە نادەستوری دابندرێت و بەگوێرەی یاسای بودجە و لەکاتی دیاریکراوی خۆیدا، پشکی ھەرێمی کوردستان رەوانە بکرێت.
ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق کۆبوونەوەی ھەفتانەی خۆی سازدەکات، چاوەڕوان دەکرێت لە کۆبونەوەکەدا پڕۆژەی ھەمواری یاسایی بودجە پەسەند بکرێت، بۆ ئەوەی رەوانەی ئەنجومەنی نوێنەران بکرێت بۆ دەنگدان لەسەر ھەمواری یاساکە.
ئەوەش لە کاتێکدایە لە کۆبونەوەی ھەفتەی رابردووی ئەنجومەنی وەزیران ئەو بابەتە گفتوگۆی لەسەر کرا، بەڵام پەسەند نەکرا. ئێستا نوێنەرانی ئەنجومەن چاوەڕوانن لە نزیکترین کاتدا ھەمواری یاسای بودجەیان بۆ رەوانە بکرێت.
پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ تەقینەوەیەکی خۆکوژی لە دەروازەی فەرماندەی ئۆپراسیۆنەکانی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی حەشدی شەعبی لە پارێزگای سەڵاحەدین روویدا.
وتیشی، بەپێی زانیارییەکان لە ئەنجامی تەقینەوەکە دوو ئەندامی حەشدی شەعبی برینداربوون، ھێزە ئەمنییەکانیش گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و لێکۆڵینەوە دەکەن.
فەرمانگەی راگەیاندنی ئەنجومەنی نوێنەران لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە ، رۆژی ٢٤ ی ئەم مانگە سەرۆکایەتی ئەنجومەنەکە لەگەڵ لیژنەکانی ئەنجومەنی نوێنەران کۆدەبیتەوە و لە رۆژی ٢٧ ی مانگیشەوە کۆبونەوەکانی ئەنجومەنەکە دەستپێدەکاتەوە ، بەڵام ھیچ ئاماژەیەک بۆ کارنامەی کۆبوونەوەکە نەکراوە.
لە رۆژی ١٤ ی ئەم مانگەدا کۆبونەوەی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی ئەنجومەنەکە بەرێوەچوو، بەڵام دواتر کۆبونەوەکە بۆ کاتێکی نادیار دواخرا .
سەبارەت بە پرسە ئەمنییەکان، سەرۆککۆمار جەختی لە بایەخی ھەماھەنگی و راوێژ کردەوە بە تایبەت لە بواری بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا، بەشێوەیەک کە ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکەدا بچەسپێنێت.
سەبارەت بە پرسی ئاو، سەرۆککۆمار جەختیکردەوە لەسەر پێویستی رێککەوتنی نێوان ھەردوولا بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئاو لەبری ئەو بەردانەوە پچڕپچڕەی، کە لەلایەن تورکیاوە لە کاتە جیاوازەکاندا ئەنجامدەدرێت،ھیوای خۆشی بۆ کاری پێکەوەیی و لێکتێگەیشتنی ھاوبەش پیشاندا سەبارەت بە پێویستی راستەقینەی عیراق و تورکیا بۆ ئاو، ھەروەک بۆ زانینی سروشتی ئەو پڕۆژانەی لەسەر روباری دیجلە و فورات دروستدەکرێن.
ھەروەک سەرۆککۆمار ئاماژەی بەوەدا، عێراق لەگەڵ دۆست و دراوسێکانی کاردەکات لەسەر پێویستی رێزگرتن لە سەروەری و بڕیارە سەربەخۆکانی دەوڵەتان و گەیشتن بە لێکتێگەیشتن سەبارەت بە ئاسایشی سنورەکان لەگەڵ دراوسێکان.
ھەر لە دیدارەکەدا، سەرۆککۆمار تیشکی خستەسەر ئەو پێشێلکاریانەی دەرھەق بە پارێزگای سلێمانی و شارەکانی دیکە دەکرێن و کاریگەرییە نەرێنییەکانی ئەو پێشێلکاریانەی لەسەر پەیوەندییەکانی ھەردوو وڵات روونکردەوە، کە ئەو دۆخە پێویستی بە چارەسەرێکی یەکلاکەرەوە ھەیە لەچوارچێوەی بنەماکانی رێزگرتن لە سەروەریی وڵات و ئاسایشی ھاووڵاتیانی.
لای خۆیەوە سەرۆکی دەزگای ھەواڵگری تورکیا پاڵپشتی وڵاتەکەی بۆ ئاسایش و سەقامگیری عیراق و خواستی پتەوکردنی پەیوەندییەکانی ھاریکاری بەتایبەتی لە بوارەکانی ئەمنی و بەرەنگاربونەوەی داعش و رێکخراوە تیرۆریستییەکان دەربڕی و جەختی لەوە کردەوە، کە سەرۆک ئەردۆغان دەخوازێت سەردانی عیراق بکات، بەڵام سەردانەکەی بەھۆی دۆخی کەرتی غەزەوە دواخراوە.
ئیبراھیم کاڵن ئاماژەی بەوەشدا، کاردەکەن بۆ پەرەپێدانی ئەو پڕۆژانەی لەنێوان ھەردوو وڵاتدا ئیمزا کرابوون بەتایبەتی لە بواری گواستنەوەدا، ھەروەھا جەختی لەوە کردەوە، کە سورن لەسەرئەوەی عیراق پشکی ئاوی خۆی بەدەستبھێنێت.
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاند، کۆمپانیای فڵای بەغداد بۆ ماوەی چەند ساڵێکە پاڵپشتیی لە کردەوەکانی فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسداران و گرووپەکانی سەر بە فەیلەقی قودس لە ڕێگەی گەیاندنی چەک و چەکدار بۆ ھەموو ناوچەکە کردووە. ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، فڵای بەغداد پارە و چەکی بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی دیمەشق گواستووەتەوە و رادەستکردنی ئەندامانی سوپای پاسدارانی ئێران و حیزبوڵای لوبنانی و کەتائیبی حیزبوڵای کردووە. راشیگەیاندووە، کۆمپانیاکە پاڵپشتیی دارایی و تەکنەلۆژیا و کەلوپەل و خزمەتگوزاریی پێشکەش بە فەیلەقی قودس کردووە.
ئالینا رۆمانۆوسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق رایگەیاند، سزای فڵای بەغداد بۆ روبەڕوبونەوەی سوپای پاسداران و گرووپەکانی سەر بە ئێرانە و بەکارھێنانی کۆمپانیانەیەکی عێراقی بۆ گواستنەوەی چەک و پارە، پێشێلکردنی سەروەری عێراقە.
لەلای خۆشیەوە کۆمپانیای فڵای بەغداد ئیدانەی ئەو بڕیارەی ئەمریکای کرد و رایگەیاند، بڕیارەکە بێ بنەمایە و چەندین ساڵە لە ژێر سەرپەرشتی دەسەڵاتی فڕۆکەوانی مەدەنی عێراقدا کاردەکەن.
کۆبوونەوەی دادگای فیدراڵی عێراق لەسەر چەند سکاڵایەکی تایبەت بە ھەرێمی کوردستان و مافی خاوەنداریەتی زەوییە کشتووکاڵییەکان لە ناوچە کێشەلەسەرەکان بەردەوامە، بەڵام دادگاکە بڕیاردانی لە بارەی سکاڵای تایبەت بە ھەمواری یاسای پەرلەمانی کوردستان بۆ ٤ی شوبات و ھەروەھا بڕیاردانی لە بارەی پرسی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم بۆ ١٨ی شوبات دواخت.
سێ لەو سکاڵایانە کە ئاڕاستەی دادگاکە کراون تایبەت بوون بە مووچە و پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی کوردستان، کە داواکراوە پلە بەرزکردنەوە دەستپێبکات و ھەر ٣٠ رۆژ جارێک مووچە دابەشبکرێت.
لە سکاڵایەکی دیکەشدا داوا لە دادگاکە کراوە پێنج ماددەی یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە نادەستووری لە قەڵەم بدات، کە پەیوەندیدارن بە کورسی کۆتاکان و دانانی ھەرێم بە یەک بازنەی ھەڵبژاردن.
جاسم عەبود حەمادی سەرۆکی دادگای فیدراڵیش رایگەیاند، کەمتەرخەمی حکومەتی عێراق و ھەرێم فەرمانبەرانی ھەرێم باجەکەی دەدەن، چونکە مووچەکانیان خەرج ناکرێت.
عومەر ئەحمەد، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، ئەنجومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکان ئەنجامی کۆتایی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی پەسەندکرد.
رۆژی ١٨ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٣ ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە ١٥ پارێزگای عێراق بەڕێوەچوو، رێژەی بەشداریکردنی ھاووڵاتیان لە پرۆسەکەدا ٤١٪ بوو.
بەگوێرەی یاسای ھەڵبژاردنەکان دوای پەسەندکردنی ئەنجامی کۆتایی ھەڵبژاردن لەلایەن کۆمیسیۆنەوە، پێویستە لە ماوەی دوو ھەفتەدا ئەنجومەنی نوێی پارێزگاکان کۆببنەوە.
پەیامنێری کوردسات نیوزی رایگەیاند ، ئەمڕۆ وەفدێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق سەردانی شاری ھەولێر دەکەن و لێکۆڵینەوە لە بۆردومانەکەی ئێران و پاساوەکانی ئەو وڵاتە بۆ بەئامانجگرتنی شاری ھەولێر دەکەن.
راشیگەیاندووە، وەفدەکە پێکھاتووە لە جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران و ھەردوو سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری و لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە.
رۆژی ١٦ی ئەم مانگە، سوپای پاسدارانی ئێران بە مووشەک چەند ناوچەیەکی ھەولێر و ماڵی سەرمایەدارێکی شارەکەی بۆردومانکرد و بەھۆیەوە چوار کەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە ١٠ کەسیش برینداربوون.