دوای ئەوەی ئۆفیسی هەڵبژاردنەکانی سلێمانی رایگەیاند، وادەی نوێکردنەوەی تۆماری بایۆمێتری دەنگدان بۆ 15ی حوزەیران درێژ کراوەتەوە، کە دەتوانرێت حەوت مامەڵە ئەنجام بدرێت.

ئۆفیسی سلێمانی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عیراق رایگەیاندووە، نوێکردنەوەی تۆماری بایۆمێتری و پێدانەوەی کارتی دەنگدان کە لە 25ی ئازارەوە دەستی پێ کردبوو، بۆ 15ی حوزەیران درێژکراوەتەوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ناوەندەکان رۆژانە لە سەعات 8:00ی بەیانی تاوەکو 5:00ی ئێوارە کراوە دەبن و ئەوانەشی بەهەر هۆکارێک ناتوانن سەردانی بنکەکان بکەن، ئەوا دەتوانن داوای تیم بکەن.

ئەوەش هاتووە، لەو ماوەیەی کە درێژکراوەتەوە دەنگدەران دەتوانن ئەم مامەڵانە ئەنجام بدەن:

-زیادکردن بۆ ئەودەنگدەرانەی ناویان لە ھیچ جۆرە داتایەکدا نییە، کە بەڵگەنامەی پێویست بۆ ئەم حاڵەتە بریتیە لە: کارتی نیشتمانی، کۆبۆنی خۆراک، کارتی زانیاری .

-تۆمارکردنی بایۆمتری دەنگدەر بۆ یەکەمجار و بەتایبەت بۆ لەدایکبووانی (٢٠٠٧)، کە بەڵگەنامەی پێویست بۆ ئەم حاڵەتە بریتیە لە: کارتی نیشتیمانی یان 'پێناسی باری شارستانی و رەگەزنامەی عیراقی' لەگەڵ کۆبۆنی خۆراک .

-گواستنەوەی ناوەندی دەنگدان، کە بەڵگەنامەی پێویست بۆ ئەم حاڵەتە بریتیە لە: کارتی نیشتیمانی یان 'پێناسی باری شارستانی و رەگەزنامەی عیراقی'، کارتی زانیاری لەگەڵ کۆبۆنی خۆراک کە لەساڵی٢٠٢٠-٢٠٢١ دەرچووبێت تایبەت بەو پارێزگایەی دەیەوێت دەنگدانەکەی بۆ بگوازێتەوە، ئەوەش بە مەبەستی سەلماندنی شوێنی نیشتەجێبوون لەکاتی داواکردن بۆ گواستنەوەی شوێنی دەنگدان لە پارێزگایەک بۆ پارێزگایەکی دیکە، یان کارتی نیشتەجێبوون لەکاتی نەبوونی کۆبۆنی خۆراک تەنھا بۆ گواستنەوەی شوێنی دەنگدان لە ناو سنوری یەک پارێزگا .

-راستکردنەوەی ناو یان ھەر ھەڵەیەکی دیکە لە زانیاری دەنگدەر، بەڵگەنامەی پێویست بۆ ئەم حاڵەتە بریتیە لە: کارتی دەنگدانی کۆن ئەگەر ھەبێت، کارتی نیشتمانی یان 'پێناسی باری شارستانی و رەگەزنامەی عیراقی' لەگەڵ کۆبۆنی خۆراک .

-سڕینەوەی ناوی مردووان، بەڵگەنامەی پێویست بریتیە لە: وێنەیەک لە بەڵگەنامەی مردوو یان وێنەی سڕینەوەی تۆمار یان 'قسام شرعی'.

-تۆمارکردنی کارمەندانی ھێزە ئەمنییەکان، لە بارێکیشدا گەر کارمەندی ھێزە ئەمنییەکان خانەنشین بووبێت ئەوا دوای پێشکەشکردنی بەڵگەنامەی خانەنشین بوون دەنگدانەکەی لە تایبەت دەکرێت بە دەنگدانی گشتی.

-تۆمارکردنی ئاوارەی پارێزگاکان، سەبارەت بە پارێزگای سلێمانی ئاوارەکانی قەزای شنگال دەگرێتەوە بە تەنھا، بەڵگەنامەکانیان تەنھا بریتیە لە: کارتی نیشتمانی یان 'پێناسی باری شارستانی و رەگەزنامەی عیراقی' لەگەڵ کۆبۆنی خۆراک.