ڤیدیۆ.. بەهۆی تەقینەوەیەکەیەوە لە پاڵاوگەی بێجی سێ کەس بریندار بوون
هەساو ئەمیر
١٨ی ئایاری ٢٠٢٥
بەهۆی تەقینەوەیەک و دروستبوونی ئاگر لە فڕنێکی پاڵاوگەی بێجی، سێ کەس بریندار بوون.
سەرچاوەیەکی ئەمنی بە میدیا عیراقییەکانی راگەیاندووە، تەقینەوە لە فڕنێکی پاڵاوگەی بێجی لە سەڵاحەدین رویداوە، بەهۆیەوە ئاگر لە فڕنەکەدا کەوتووەتەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، بەهۆی ئاگرەکەوە سێ کەس بریندار بوون کە لە فڕنەکەدا کاریان کردووە.
ئەو سەرچاوەیەکە ئەوەشی وتووە، روداوەکە بەیانی ئەمڕۆ رویداوە و راستەوخۆ تیمە فریاگوزارییەکان گەیشتوونەتە شوێنی روداوەکە و رێگریان کردووە لەوەی ئاگرەکە بگاتە بەشەکانی دیکەی پاڵاوگەکە.
ئەوەشی خستە روو، هێشتا تیمەکان لە کارەکانیان بەردەوامن بۆ ئەوەی دڵنیابنەوە لەوەی ئاگرەکە بە تەواوی کۆنتڕۆڵ کراوە و دووبارە سەر هەڵنەداتەوە.
لەبارەی دۆخی بریندارەکانیشەوە ئەو سەرچاوە ئەمنییە باسی لەوەکرد، رەشیان جێگیرە و لە ئێستادا چارەسەر وەردەگرن.
روونیشیکردەوە، لە ئێستادا لیژنەیەکی تایبەت بۆ لێکۆڵینەوە لە هۆکاری تەقینەوەکە و کەوتنەوەی ئاگرەکە پێکهێنراوە، هەروەها لیژنەکە تەواوی زیانەکانیش دەکەن بە راپۆرت و دواتر دوایین زانیارییەکان لەبارەی روداوەکەوە بڵاو دەکەنەوە.