بە پێی کارنامەی کۆبونەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، رۆژی شەممە ھەڵبژاردن بۆ سەرۆکی نوێی ئەنجومەنەکە دەکرێت،"سۆزان مەنسور"ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەران بە کوردسات نیوزی راگەیاند، لە نێوان کوتلە سیاسیەکان تائێستا رێککەوتن بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆکێکی بوێ بۆ ئەنجومەنەکە نەکراوە.
وتیشی، ئەو کاندیدانەی لە دانیشتنی رابردو زۆرترین دەنگیان بەدەستھێنا، جارێکی تر ھەڵبژاردنیان بۆ دەکرێتەوە، بەڵام ئەو بابەتەش پێویستی بە رێککەوتنی نێوان لایەنەکان ھەیە.
سەبارەت بەوەی کورد دەنگ بەکێ دەدات وتی، دەنگدان بە کەسێکی دیاریکراو نییە، بەڵام ئەو کەسەی دەنگی پێدەدەن، دەبێت ھاوبەشی نێوان نەتەوە و پێکھاتەکان بپارێزێت، جیاوازی سیاسی نەکات، بەشێوەیەکی باش دانیشتنەکان بەڕێوەببات.
١٣ی ئەم مانگە ئەنجومەنی نوێنەران گەڕی یەکەمی دەنگدانی بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی ئەنجومەنەکە رێکخست و تێیدا شەعلان ئەلکرەیم کاندیدی تەقەدووم بە بەدەستھێنانی ١٥٢ دەنگ زۆرترین دەنگی بەدەستھێنا، بەڵام دواتر گەڕی دووەمی دانیشتنەکە دواخرا.
بەڕێوەبەرایەتی نەھێشتنی مادە ھۆشبەرەکان سەر بە وەزارەتی ناوخۆی عێراق بڵاویکردووەتەوە، لەماوەی ساڵی رابردودا توانراوە زیاتر لە چوار تۆن مادەی ھۆشبەری جۆراو جۆر لەناوبەرن.
ئەوەشھاتووە، زیاتر لە ١٥ تۆن دەرمانی کارتێکەرە عەقڵییەکانیش دەستی بەسەرداگیراوەو سزای لەسێدارەدانیش بەسەر ٤٩ بازرگانی ھۆشبەری نێودەوڵەتیدا سەپێندراوە.
باسی لەوەشکردووە، سزای زیندانی ھەتاھەتایی بەسەر ٣٣٠ بازرگانی نێوخۆیی مادەی ھۆشبەر سەپێنراوە، لە روبەروبونەوەکانیشیان لەگەڵ دەزگا ئەمنیەکان، ١٦ بازرگانی ماددەی ھۆشبەر کوژراون و ٢٢ بازرگانی دیکەش برینداربوون.
بەپێی راپۆرتەکە، چوار ئەندامی ھێزە ئەمنیەکان لە روبەڕوبوونەوەکاندا کوژراون و ٢٤ی دیکەشیان برینداربوون.
لە سکاڵایەکدا کە لەلایەن سێ ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانەوە تۆمارکراوە، داوا دەکرێت کاندید بوونی "شەعلان عەبدولجەبار کەریم" بۆ پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران ھەڵبەوەشێنرێتەوە و بە نادەستوری بناسێنرێت، ھەروەھا بڕیارێک دەربکرێت بۆ راگرتنی دانیشتنی دیاریکردنی سەرۆکی نوێی ئەنجومەنی نوێنەران.
لە سکاڵایەکی دیکەشدا کە باسم خەشان تۆماریکردووە، داوا کراوە سەرۆکی کاتی ئەنجومەنی نوێنەران لێکۆڵینەوە بکات لەسەر کاندیدەکان بۆ ئەو پۆستە، ھەروەھا رەزامەندیدان لەسەر کاندید بوونی ئەو پێنج کەسە بۆ پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنەکە ھەڵبوەشێتەوە، چونکە رۆژی ١٣ی ئەم مانگە دەرگای خۆ کاندیدکردن بۆ پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران کرایەوە، بەبێ ئەوەی لێکۆڵینەوە لە شیاوی و گونجاندنیان بکرێت لەسەر مەرجەکانی ئەو پۆستە.
کۆمپانیای فڕۆکەوانی فلای بەغداد لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە چوارچێوەی پابەندبوونیان بە بڕیارەکانی سەرۆک وەزیرانی عێراق، بڕیاریانداوە سەرجەم گەشتەکانیان بۆ کاتێکی نادیار رابگرن، تا دوای تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکان لەسەر سەرۆکی جێبەجێکار و ئیدارەی کۆمپانیاکەیان.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، ھەژمارە بانکییەکانیان سڕکراوە و بەوھۆیەشەوە ناتوانن قەرەبووی گەشتە ھەڵوەشاوەکان بۆ گەشتیارەکانی کۆمپانیاکەیان بکەنەوە.
کۆمپانیا فڕۆکەوانییەکە ڕاشیگەیاندووە، پێشوازی لە ھەر لیژنەیەکی پشکنین دەکەن، کە وردبینی بۆ تۆمەتەکانی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بکات.
رۆژی سێشەممەی ڕابردوو، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، بە تۆمەتی ھاوکاریکردنی ئێران و گروپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران کۆمەڵێک سزای بەسەر کۆمپانیای فڕۆکەوانی فلای بەغداد سەپاند لەوبارەیەشەوە ئەلینا رۆمانۆسکی باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق ڕایگەیاند، ئەو کۆمپانیایە بە ھاوکارییەکانی پێشێلی سەروەری عێراقی کردووە.
فالح خەزعەلی، سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ و ئاو و کانیاوەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەدا، حکومەتی فیدڕاڵ بەگوێرەی رۆژمێری کشتوکاڵی، لەئێستادا ھاوردەکردنی چەند بەرھەمێکی کشتوکاڵی بۆ ناوخۆ قەدەغەکردووە، بەڵام سەرەڕای قەدەغکردنیان ئەو بەرھەمانە لە ھەرێمەوە دەھێندرێنە بازاڕەکانی عێراقەوە.
راشیگەیاند، جوڵەی بازرگانی لە دەروازە سنوورییەکانی ھەرێم کۆنترۆڵنەکراوە و لەڕێگەی ئەو دەروازانەوە، بەرھەمی کشتوکاڵی قەدەغەکراو ھاوردە دەکرێن و دواتریش رەوانەی پارێزگاکانی عێراق دەکرێن، ئەمەش زیانێکی زۆری بە جوتیارانی ناوخۆ گەیاندووە.
وتیشی، پێویستە حکومەتی فیدراڵ خاڵی پشکنین لە دەروازە سنوورییەکانی ھەرێم و پارێزگاکانی عێراق دابنێت، بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەو بەرھەمە کشتوکاڵیانەی سەرەڕای ئەوەی قەدەغەکراون، بەڵام دەھێندرێنە بازاڕەکانی ناوخۆوە.
لە بەیاننامەیەکدا وەزارەتی دەرەوەی عێراق سەرکەوتنی خولی کۆبونەوە ئەمنیەکانی لەگەڵ ئەمریکا و ھاوپەیمانان سەبارەت داڕشتنی خشتەیەکی کاتی بۆ کەمکردنەوەی ڕاوێژکارانی بیانی و کۆتاییھێنان بە ئەرکی ھێزەکانی ھاوپەیمانان لە عێراق ڕاگەیاند.
ھاوکات وەزارەتی بەرگری ئەمریکاش رایگەیاند، گفتوگۆکانیان لەگەڵ عێراق لەبارەی داھاتووی پەیوەندییە ئەمنیەکانی واشنتۆن و بەغداد بووە، ھەروەھا داھاتووی پەیوەندییەکانی ئەمریکا و عێراق و مانەوەی ھێزەکانی ھاوپەیمان بە لیژنەیەکی باڵا سپێردراوە.
لای خۆیەوە چوارچێوەی ھەماھەنگی شیعەکانیش پێشوازی لە بەیاننامەکانی عێراق و ئەمریکا کردو رایگەیاند، پێشوازی لە ھەنگاوەکانی کشانەوەی ھاوپەیمانان دەکەن، پشتیوانی ھاوپەیمانانیشی بۆ عێراق لە شەڕی دژ بە تیرۆر بەرز نرخاند.
حەسەن یاسری، راوێژکاری محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری دەستور لەگەڵ مانوج ماسیو، سەرۆکی بەشی سیاسەتی نوێنەرایەتی نەتەوەیەکگرتووەکان کۆبووە.
لە کۆبونەوەکەدا یاسری رایگەیاند، پڕۆژەی ھەموای دەستور لە قۆناغی یەکەمیدایە و کە سنووردارە بەھۆی بۆچوونی لایەنە لایەنە سیاسییەکان لەسەر بابەتە قوڵ و فراوانەکاندا.
لای خۆشیانەوە وەفدی نەتەوەیەکگرتوەکان رایگەیاند، پشتگیری پرۆژەکە دەکەن و ھەموو ئەو پرۆژانەشی عێراق بنیات دەنێن و دەیخەنە سەر رێگای راست بۆ جێبەجێکردنی دەستور و کاری حکومەت بەو ئاڕاستەیەدا.
٢٤ی ئەم مانگە، موحسین مەندەلاوی، جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، دەستور لە ٢٠٠٥ دارێژراوە و کاتێکی زۆری بەسەردا تێپەڕێوە و شایستەی ئەوەیە ھەمواربکرێتەوە.
محەمەد حەنون وتەبێژی وەزارەتی بازرگانی عێراق رایگەیاند، کۆگاکانیان لە گەنم بەشی ساڵێک دەکات و بەشی شەش مانگیش بەرھەمی خۆراکی دیکەیان ھەیە.
وتیشی، بۆ مانگی رەمەزان چوار بابەتی خۆراکی دیکە زیاد دەکەن بۆ سەبەتەی خۆراک، کە ئەوانیش ئارد و نیشاستە و شەعرییە و شیرە، بەوەش کۆی گشتی ماددە خۆراکییەکان دەگاتە ١٠ ماددە.
جەختیشی کردەوە لەوەی، بەردەوام چاودێری نرخی بازاڕەکان دەکەن و رێگری لە یاری کردن بە نرخەکان دەکەن، لەپێناو سەقامگیری نرخ لەناو بازاڕدا.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، فواد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق لە بەغداد لەگەڵ ئەلینا رۆمانوسکی باڵیۆزی ئەمریکا لە بەغداد کۆبووەتەوە و باسیان لە دواین پێشھاتە ئەمنییەکان کردووە.
راشیگەیاندووە، لەو کۆبوونەوەیەدا باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق نامەیەکی وڵاتەکەی رادەستی وەزیری دەرەوەی عێراق کردووە کە دواتر لە ئەنجومەنی وەزیران و لایەنە پەیوەندیدارەکانی عێراق خوێندنەوە بۆ ئەو نامەیە دەکەن.
ھاوکات بەپێی لێدوانی بەرپرسانی ئەمریکا، ئەو وڵاتە ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بۆ دەستپێکردنی دانوستانەکان لەگەڵ حکومەتی عێراق تاوەکو لەو وڵاتە بکشێتەوە.
ھەروەھا ئاژانسی رۆیتەرزیش ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە، رەنگە پڕۆسەی کۆتایھێنان بە بوونی سەربازی ئەمریکا لە عێراق لە چەند مانگێکەوە بۆ چەند ساڵێک بخایەنێت.
لوید ئۆستن وەزیری بەرگری ئەمریکا لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە وەڵامی ئەو ھێرشانەی کرانەسەر ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سوریا، سێ بنکەیان لە عێراق بۆردوومان کردووە کە حزبوڵا و گروپە چەکدارەکانی تری سەر بە ئێران لە عێراق بەکاریانھێناوە بۆ راھێنان لەسەر بەکارھێنانی مووشەک و درۆن، ھەروەھا کۆگای چەکیش بوون.
وەزیری بەرگری ئەمریکا راشیگەیاند، ئامانجیان ئەوە نییە ئالۆزییەکانی ناوچەکە زیاتر بکەن، بەڵام ھەموو ھەنگاوێکی پێویستیش بۆ پاراستنی بەرژوەندیەکانیان وھێزەکانیان لەناوچەکە دەگرنەبەر. ئۆپراسیۆنەکانی جزیرەی سەر بە حەشدی شەعبیش لە راگەیەندراوێکدا ھێرشەکانی پشتراستکردەوە و رایگەیاند، چەند بارەگایەکیان لە ئەنبار و بابل رووبەرووی بۆردومان بونەتەوە و کوژراوێک و دوو بریندار ھەن .
لەکاردانەوەی ئەو ھێرشانەشدا، قاسم ئەعرەجی راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق لە تۆری کۆمەڵایەتی ئێکس نوسیویەتی، بە ئامانجگردنی بارەگاکانی حەشی شەعبی لە جەرف سەخر و قائیم، پێشێلکردنی سەروەری عێراقە و ھاوکار نابێت لە ھێورکردنەوەی رەوشەکەدا.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی نوسینگەی سەرۆک وەزیران، ئەمڕۆ سودانی، ڕاسپاردەکانی دانانی پلاتفۆرمێک بۆ غازی ھاوردە لە بەندەری فاو پەسەند کردووە کە بەوتەی خۆی ھەوڵێکی بێوێنەیە لە کەرتی نەوت و غاز و ژێرخانی ئابووری عێراق.
دەشڵێت، ئەم پرۆژەیە بە ئامانجی پڕکردنەوەی پێداویستی ناوخۆیە لە کەرتە جیاوازەکان بەتایبەت وێستگەکانی کارەبا، ئەمەش بەھۆی ئەو پێشکەوتنە بەرچاوەی تەواوکردنی بەندەری فاودا بەدیھاتووە، ھەروەھا ھەوڵێکی بنەبڕکەریشە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی دابینکردنی غاز، کۆتاییھێنان بە بەربەستی غازی ھاوردەکراو.
فەھد جبوری سەرکردە لە رەوتی حیکمەی نیشتیمانی کە عەممار حەکیم سەرۆکایەتی دەکات و بەشێکە لە چوارچێوەی ھەماھەنگی شیعەکان رایگەیاند، لەناو چوارچێوەی ھەماھەنگیدا ھیچ ناکۆکییەک لەسەر پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق نییە و بۆ پێیانوایە حزبی تەقەدوم کە حەلبوسی سەرۆکایەتی دەکات نوێنەرایەتی زۆرینەی پێکھاتەی سوننە دەکات و سەرکردەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگیش دژی کاندیدکردنی شەعلان کەریم نەبوون بۆ پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران لە لایەن حزبەکەی حەلبوسییەوە.
وتیشی، دواخستنی دانیشتنی ھەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی ئەنجومەنی نوێنەران لەلایەن موحسین مەندەلاوی جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجومەنەکەوە لەدەرەوەی یاساکانی ئەنجومەنە و مەندەلاوی کەسایەتییەکی سیاسی نییە، بەڵکو تەنھا بازرگانێکی باشە.
بەپێی راگەیەندراوی کۆبونەوەکەیان، ھاوپەیمان ئیدارەی دەوڵەت ئیدانەی ئەو ھێرشانە دەکات کە دەکرێنە سەر خاکی عێراق ھەروەھا داوا لە ھەموو وڵاتان دەکات رێز لە سەروەری خاکی عێراق بگرن و ئاسایشی ناوخۆی وڵات نەخەنە مەترسیەوە.
ئەوەشھاتووە، ئیدارەی دەوڵەت پشگیری ھەموو ھەوڵەکانی حکومەت دەکات بۆ ئەنجامدانی دیالۆگی دوولایەنە لەگەڵ نوێنەرانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی ئەوەش بەمەبەستی کۆتایھێنان بە ئەرکەکانیان لە عێراق.
لە بەشێکی دیکەی کۆبونەوەکەدا ھاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت بە پێویستی دەزانێت لە زووترین کاتدا کاندیدەکان بۆ جێگرەوەی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران یەکلایی بکرێنەوە.
بەپێی راگەیەنراوێکی بانکی ناوەندیی عێراق، بەھۆی سەرپێچیکردن و پابەند نەبوونیان بە یاساکانی بانکی ناوەندییەوە، ساڵی رابردوو بەبڕی ١٤٠ ملیار و ٩٢٤ ملیۆن و ٣١٨ ھەزار دینار سزای دارایی بەسەر چەند بانێکی بازرگانیدا سەپێنراوە.
راشیگەیاندوە، لەو ماوەیەدا لەگەڵ سزا داراییەکان ٤٠٢ سزای کارگێڕیش بەسەر بانکەکان و دامەزراوە نابانکییەکاندا سەپێندراوە، مانگی نیسانیش بەرزترین رێژەی سزای دارایی بۆ بانک و دامەزراوە نابانکییەکان تۆمارکراوە، کە بڕەکەی ١٧ ملیار و ٤٤٠ ملیۆن و ٣٨٣ ھەزار دینار بووە.
ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق کۆبوونەوەی ھەفتانەی خۆی سازدەکات، چاوەڕوان دەکرێت لە کۆبونەوەکەدا پڕۆژەی ھەمواری یاسایی بودجە پەسەند بکرێت، بۆ ئەوەی رەوانەی ئەنجومەنی نوێنەران بکرێت بۆ دەنگدان لەسەر ھەمواری یاساکە.
ئەوەش لە کاتێکدایە لە کۆبونەوەی ھەفتەی رابردووی ئەنجومەنی وەزیران ئەو بابەتە گفتوگۆی لەسەر کرا، بەڵام پەسەند نەکرا. ئێستا نوێنەرانی ئەنجومەن چاوەڕوانن لە نزیکترین کاتدا ھەمواری یاسای بودجەیان بۆ رەوانە بکرێت.
فەرمانگەی راگەیاندنی ئەنجومەنی نوێنەران لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە ، رۆژی ٢٤ ی ئەم مانگە سەرۆکایەتی ئەنجومەنەکە لەگەڵ لیژنەکانی ئەنجومەنی نوێنەران کۆدەبیتەوە و لە رۆژی ٢٧ ی مانگیشەوە کۆبونەوەکانی ئەنجومەنەکە دەستپێدەکاتەوە ، بەڵام ھیچ ئاماژەیەک بۆ کارنامەی کۆبوونەوەکە نەکراوە.
لە رۆژی ١٤ ی ئەم مانگەدا کۆبونەوەی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی ئەنجومەنەکە بەرێوەچوو، بەڵام دواتر کۆبونەوەکە بۆ کاتێکی نادیار دواخرا .