
عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، ئەمڕۆ هەینی، جەختی کردەوە کە ئێران توانیویەتی وەک هێزێکی کارا و یاریزانێکی کاریگەر لە ناوچەکەدا خۆی بسەلمێنێت.
ئاماژەی بەوەش کرد کە جەنگی دوایی خاڵێکی وەرچەرخان بوو کە پێگەی وڵاتەکەی لەسەر ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتی بەرزکردەوە.
عراقچی جەختیکردوە کە: ئێران توانای خۆی بۆ روبەڕووبوونەوەی گەورەترین هێزەکان سەلماند، ووڵاتانی گرووپی "بریکس" (BRICS) دوای شکستی دەستدرێژییەکانی ئەمریکا، ئێستا بە چاوێکی جیاوازەوە سەیری ئێران دەکەن.
ئاماژەی بەوەکرد کە: هەموو وڵاتان دان بەوەدا دەنێن کە ئێران لە جەنگەکەدا سەرکەوتوو بوو و توانی ئیرادەی خۆی بسەپێنێت و ئامانجەکانی دوژمنانی پووچەڵ بکاتەوە.
لەمیانی قسەکانیدا عراقچی بە توندی باسی لە هەڵوێستی ئیمارات کرد و وتی: ئیمارات لە جەنگەکەدا لەپاڵ ئەمریکا و ئیسرائیل وەستاوە، زانیاری ورد و بەڵگەی روونمان لەبەردەستە کە ئەوە دەسەلمێنن، وئێران تەنها ئەو ئامانجە ئەمریکییانەی پێکاوە کە لە خاکی ئیماراتدا بوون.
عراقچی ئاشکرایکرد: نەماندەویست ئەم بابەتانە بخەینە روو لەپێناو پاراستنی یەکڕیزی گرووپی "بریکس"، بەڵام بەهۆی ئەوەی نوێنەری ئیمارات باسی کرد، ئێمەش ناچار بووین راستییەکان ئاشکرا بکەین. وئامۆژگاری ئیماراتمان کردووە کە ئەمریکا و ئیسرائیل ناتوانن ئاسایشی بۆ دابین بکەن؛ باشترە ئیمارات سیاسەتی خۆی بەرامبەر ئێران بگۆڕێت، چونکە ئێمە دوو دراوسێین و مێژوو و داهاتوویەکمان پێکەوە بەستراوەتەوە.
لە کۆتایی قسەکانیدا عراقچی وتی: ئاسایش دەبێت لە رێگەی هاوکاری نێوان وڵاتانی ناوچەکە بەدەست بهێنرێت، نەک بە پشت بەستن بە هێزە بیانییەکان.
وەزیری دەرەوەی ئێران پەیامێکی توند ئاراستەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات و رایدەگەیەنێت، وڵاتەکەی لە ژێر هیچ جۆرە فشارێکدا لە هەڵوێستە ستراتیژییەکانی پاشگەز نابێتەوە.
عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، رایگەیاند، گەروی هورمز لەبەردەم هەموو کەشتییە بازرگانییەکاندا کراوەیە، بەڵام بەو مەرجەی سەرجەم کەشتییەکان هەماهەنگی تەواو لەگەڵ هێزە دەریاییەکانی ئێران بکەن.
عراقچی جەختیکردەوە، گرتنەبەری رێگەی سەربازی بەرانبەر بە ئێران "چارەسەر نییە" و هیچ ئەنجامێکی نابێت.
وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوەکرد، کە تەنها رێگە بۆ چارەسەرکردنی دۆسیە هەڵپەسێردراوەکان پەنابردنە بۆ دیپلۆماسییەت، نەک فشار و هەڕەشە.
ئەم لێدوانانەی وەزیری دەرەوەی ئێران لە کاتێکدایە کە ناوچەکە بە رەوشێكی هەستیاردا تێپەڕ دەبێت و چاودێرانی سیاسیش وەک هێورکردنەوەیەکی ئاراستەکراو لە لایەک و جەختکردنەوە لەسەر سەروەریی دەریایی ئێران لە لایەکی ترەوە لێکی دەدەنەوە.
وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت، سوپای كوەیت هێرشی كردووەتەسەر بەلەمێكی ئێران و چوار كەسی دەستگیركردووە و پێویستە ئازادیان بكات.
عەباس عراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران گەیشتە نیودەلهی پایتەختی پاكستان بۆ بەشداریكردن لە كۆبونەوەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی بریكس و رایگەیاند، سوپای كوەیت بە نایاسایی هێرشی كردووەتەسەر بەلەمێكی ئێرانی و چوار كەسی دەستگیركردووە و هێرشەكەش لەو دورگەیە ئەنجامدراوە كە ئەمریكا بۆ هێرشكردنەسەر ئێران بە كاریهێناوە.
عراقچی داوای دەستبەجێ ئازادكردنی ئەو چوار كەسەی كرد و وتیشیـ ئێران بە مافی خۆی دەزانێت وەڵامی كوەیت بداتەوە و بەرگری لە خۆی بكات.
رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ بە پشت بەستن بە کاربەدەستانی عەرەبی رایگەیاندوە کە دەیڤید بارنیای سەرۆکی مۆساد لە ماوەی جەنگی ئەمریکا وئیسرائیل بەرانبەر بە ئێران، لانیکەم دوو جار سەردانی ئیماراتی کردووە.
بەپێی راپۆرتەکە، گەشتە نهێنییەکانی بارنیا لە مانگەکانی ئازار و نیساندا ئەنجامدراون و ئامانجیان یارمەتیدانی هەماهەنگی هەوڵەکانی پەیوەست بە جەنگەکەوە بووە.
رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ نووسیویەتی ئەو سەردانانە ولەو کاتە هەستیارەدا، ئاماژەن بۆ قوڵبوونەوەی پەیوەندییە ئەمنییەکانی نێوان ئیسرائیل و ئیمارات لە کاتی جەنگەکەدا.
ئەم زانیارییانە لە کاتێکدایە، پێشتر رۆژنامەکە باسی لەوە کردبوو، ئیمارات بە نهێنی و وەک وەڵامێک بۆ هێرشەکانی سەر خاکەکەی، بە نهێنی هێرشی ئاسمانی لە دژی ئێران ئەنجامداوە.
بەپێی راپۆرتێکی نوێی رۆژنامەی نیویۆرک تایمز، کە پشت بە سەرچاوە هەواڵگرییە نهێنییەکانی ئەمریکا دەبەستێت، دوای بۆردومانەکانی ئەمریکا ئێران توانیویەتی لە کۆی 33 بنکەی هەڵدانی موشەکی لە گەروی هورمزدا 30یان بەتەواوەتی چاک بکاتەوە و لە ئێستادا ئامادەن بۆ هێرشی نوێ.
رۆژنامەکە ئەماژەی بەوەکردوە، ئەو بنکانە مەترسیی جددی بۆ سەر کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا و کەشتییە نەوتهەڵگرەکان دروست دەکەن، ئێستا لە رەوشێکدان کە دەتوانرێت سەکۆ گەڕۆکەکانی هاوێشتنی موشەکیان تێدا بەکاربهێنرێت.
بەپێی ئەم هەڵسەنگاندنانە، تەنها سێ بنکە لەو ناوچە هەستیارەدا بە تەواوی لەکارکەوتوون و تاران ناتوانێت بەکریان بهێنێت.
لە بەشێکی دیکەی راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە ئێران نزیکەی 70٪ی سەکۆ گەڕۆکەکانی هاوێشتنی موشەک و هەمان رێژەی کۆگای موشەکیی بالیستیک و کروزی خۆی (بە بەراورد بە پێش جەنگ) پاراستووە.
ئاژانسی رۆیتەرز لە راپۆرتێکی تایبەتدا، بڵاویکردوەتەوە هێزی ئاسمانی سعودییە، وەک وەڵامێک بۆ هێرشەکانی ئێران بۆسەر دامەزراوەکانی چەندین جار هێرشی راستەوخۆی کردوەتە سەر ئێران.
ئاژانسەکە لە زاری دوو بەرپرسی رۆژئاوایی ئاگادار لە بابەتەکە و دوو بەرپرسی ئێرانی رایانگەیاندووە، وەک تۆڵەسەندنەوەیەک بۆ ئەو هێرشانەی کە لە کاتی جەنگەکەدا ئێران دەکردە سەر سعودییە، هێزی ئاسمانی ئەو وڵآتە چەندین جار لە خاکی ئێراندا ئامانجیان پێکاوە.
ئەم هێرشانە وەک وەڵامدانەوەیەک بووە بۆ ئەو پەلامارانەی، کە پێشتر لە کاتی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل بەناربەر بە ئێران کرابوونە سەر دامەزراوەکانی ناو خاکی سعودیە.
گەرچی تا ئێستا بە رەسمی سعودییە وئێران ئەم هەواڵەیان پشتڕاستنەکردوەتەوە، بەڵام لەئەگری پشتراستکردنەوەیدا، شارەزایانی سەربازی دەڵێن؛ ئەم پێشهاتە سەربازییە بە وەرچەرخانێکی مێژویی لە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات دادەندرێت، چونکە ئەمە یەکەمین جارە لە مێژودا سعودیە بە شێوەیەکی راستەوخۆ هێرش بکاتە سەر خاکی ئێران.
ئاژانسی فارسی ئێران بڵاویکردوەتەوە، وڵاتەکەی بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستان لەگەڵ ئەمریکادا، پێنج مەرجی سەرەکی داناوە و بە بێ جێبەجێکردنی ئەو مەرجانە ناچێتە دانوستانەوە.
ئاژانسەکە لە زاری لێپرسراوێکی وڵاتەکەیەوە ئەوەی خستوەتەڕوو، ئەو پێنج مەرجەی تاران وەک کەمترین گەرەنتی متمانەبەخشینە بۆ دەستپێکردنی هەر جۆرە دانوستانێکی نوێ لەگەڵ ئەمریکادا وئەمەشیان بە دەسەڵاتدارانی پاکستان راگەیاندوە.
بەگوێرەی زانیارییەکان، مەرجەکانی تاران بریتین لە؛ کۆتاییهێنان بە شەڕ لە هەموو بەرەکان بەتایبەت لە لوبنان، هەڵگرتنی سزاکانی سەر ئێران، ئازادکردنی پارە بلۆکەکراوەکان، قەرەبووکردنەوەی زیانەکانی جەنگ و ددانپێدانان و قبوڵکردنی سەروەری ئێران لە گەروی هورمزدا.
بەپێی زانیارییەکانی ئەو سەرچاوەیە، ئێران لە رێگەی نێوەندگیری پاکستانەوە هۆشداری داوەتە لایەنی ئەمریکی، کە بەردەوامیی گەمارۆ دەریاییەکان لە لایەن هێزی ئەمریکاوە تەنانەت دوای ئاگربەستیش بێ متمانەیی تاران بەرانبەر بە واشنتۆن زیاتر دەکات.
ئاژانسی فارس باسی لەوەشکردوە، کە ئەو پێنج مەرجەی تاران لە وەڵامی پێشنیازێکی 14 خاڵی ئەمریکادا هاتووە و تاران پێیوایە بێ جێبەجێکردنی کردەیی ئەو مەرجانەی کە دایناوە، هیچ زەمینەیەک بۆ دانوستانی نوێ لەئارادا نییە و پرۆسەی متمانەسازی دەست پێ ناکات.
بەریتانیا بە رەسمی رایگەیاند، کەشتییەکی جەنگی و فڕۆکەی جەنگی و درۆن بـۆ پاراستـنـی گـەروی هورمز جێگیر دەکەن
ئەمڕۆ سێشەممە، حکومەتی بەریتانیا لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، کە درۆن و فڕۆکەی جەنگی و کەشتییەکی جەنگی لە ئەرکێکی فرەنەتەوەیی بۆ پاراستنی گەروی هورمز دابین دەکات.
لە راگەیەندراوەکەی حکومەتی بەریتانیادا هاتووە؛ هاتووە،؛ وڵاتەکەیان فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و فڕۆکەی جەنگی و کەشتییەکی جەنگی دابین دەکات وەک ئەرکێکی فرەنەتەوەیی و بۆ پاراستنی گەروی هورمز".
ئاماژە بەوەشکراوە، بەشداریکردنیان لە پرۆسەکەدا، ئامێری سەربەخۆی دۆزینەوەی مینیش لەخۆدەگرێت و ئەرکەکە 115 ملیۆن پاوەندی وەک بودجە بۆ ئەو ئۆپراسیۆنە تەرخان کراوە.
حکومەتی بەریتانیا دەڵێت؛ ئەو ئەرکە لە گەروی هورمزدا کە ئەنجامی دەدەن، فرەنەتەوەیی و بەرگریکارانە و سەربەخۆ و باوەڕپێکراو دەبێت.
ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ئەمڕۆ سێشەممە، بڕیاری دا پاداشتێکی دارایی کە دەگاتە 15ملیۆن دۆلار ببەخشێتە هەر کەسێک کە زانیاریی وردی هەبێت و ببێتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی میکانیزمە داراییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران.
ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی واشنتۆن دێت بۆ توندکردنەوەی فشارەکان لەسەر تاران و وشککردنی سەرچاوەکانی دابینکردنی دارایی ئەو وڵاتە.
تۆڕی "سی ئێن ئێن" بڵاویکردەوە، ئەم هەنگاوە لە رێگەی بەرنامەی "پاداشت بۆ دادپەروەری" سەر بە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا جێبەجێ دەکرێت، و ئەمەش بەشێکە لە هەوڵەکانی واشنتۆن بۆ خنکاندنی ئابووری ئێران و ناچارکردنی تاران بۆ دانیشتن لەسەر مێزی گفتوگۆ بە مەبەستی واژۆکردنی رێککەوتنێکی نوێ.
ئەم بەرنامەیە ئامانجی کۆکردنەوەی زانیاریی وردە دەربارەی "سەرچاوەکانی داهاتی سوپای پاسداران و فەیلەقی قودس و لقەکانیان، یان میکانیزمەکانی ئاسانکاریی دارایی.
لە توركیا 43 كەس بە تۆمەتی كۆكردنەوەی هاوكاری دارایی بۆ گروپی تیرۆریستی داعش دەستگیركران.
بەڕێوەبەرایەتی لقی دژە تیرۆری ئاسایشی ئیستەنبوڵ رایگەیاندووە، بە مەبەستی ئاشكراكردنی سەرچاوە داراییەكانی داعش، لە ئۆپەراسیۆنێكدا لە چەند پارێزگایەكی توركیا، 43 كەس بە تۆمەتی پەیوەندی بە گروپی تیرۆریستی داعش و كۆكردنەوەی هاوكاری دارایی بۆ داعش دەستگیركران، كە لە رێگەی تیلیگرام و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان پارەیان كۆكردوەتەوە دەستیش بەسەر ژمارەیەكی زۆر كەرەستەی دیجیتاڵیدا گیراوە.
لە بەشێكی تری راگەیەنراوەكەدا هاتووە، ئەو كەسانە لە ساڵی 2021 تا 2025 بڕی 170 هەزار دۆلاریان بۆ گروپی تیرۆریستی داعش كۆكردووەتەوە.
وتەبێژی لیژنەی ئاسایشی نەتەوەیی و سیاسەتی دەرەوە لە پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، یەکێک لە بژاردەکانی ئێران لە ئەگەری هێرشێکی نوێدا، پیتاندنی یۆرانیۆمە بە رێژەی 90%.
بەپێی راپۆرتێکی ئاژانسی هەواڵی "مێهر"، ئیبراهیم رەزایی لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئیکس نووسیویەتی: یەکێک لە بژاردەکانی ئێران لە کاتی رودانی هەر هێرشێکی نوێ بۆ سەر وڵاتەکەمان، بژاردەی پیتاندنی یۆرانیۆمە بە رێژەی 90%."
وتەبێژی لیژنەی ئاسایشی نەتەوەیی و سیاسەتی دەرەوە لە پەرلەمانی ئێران رونیشی کردەوە: ئێمە لە ناو پەرلەماندا تاوتوێی ئەم بژاردەیە دەکەین.
فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات رایگەیاند، لێكتێگەیشتنی نوێ هەیە لەگەڵ حكومەت سوریا و داوای لە هاووڵاتییان و گەنجانی حەسەكە كرد كە ئارام بگرن و دەرفەت بدەن بۆ سەرخستنی دانوستانەكان.
مەزڵوم عەبدی فەرماندەی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) رایگەیاند، رێككەوتن كراوە كە دادوەرانی بەڕێوبەریی خۆسەر پەراوێز نەخرێن و تێكەڵی سیستەمی دادوەری حكومەت بكرێن.
ئاماژەی بەوەشدا، لابردنی زمانی كوردی لەسەر تابلۆی كۆشكی دادی حەسەكە ناڕەزایەتییەكی زۆری لێكەوتەوە حكومەتی سوریا پێی وایە كۆشكی داد دامەزراوەیەكی "سیادییە" و دەبێت تەنیا بە زمانی عەرەبی بێت.
ئەوەشی رونکردەوە، لایەنی كوردی بۆ ئەوەی پرۆسەی یەكگرتنەوە و رێككەوتنە گەورەكە تێك نەچێت، بە شێوەیەكی "كاتی" ئەمەی قبوڵ كردووە
وتیشی، حكومەت بەڵێنی داوە لە قۆناغی داهاتوودا زمانی كوردیش بۆ سەر تابلۆكە زیاد بكرێت، هەروەها رێككەوتن كراوە لە كۆبانێ، قامیشلۆ، دێریك، عاموودا و دەرباسیە تابلۆكان بە زمانی كوردی و عەرەبی بن.
رێکخراوی پاراستنی ژینگەی ئێران رایگەیاند، ئەو شلەیەی کە لە ئاوەکانی کەنداوی فارس لە نزیک دورگەی خارگ بینراوە، بەهۆی رژانی ئاوی پیسبوی کەشتییەکی نەوتهەڵگرەوە بووە، نەک رژانی نەوت.
دوای ئەوەی لە رێگەی مانگە دەستکردەکانەوە چەند دیمەنێکی دەروبەری دورگەی خارگ بڵاوکرایەوە وئاماژە بەوەکرابوو، رەنگە ئێران بەهۆی رێگریکردن لە هەناردەی نەوت، بۆ ئەوەی بەرهەمهێنان نەوەستێنێت نەوت بکاتە دەریاوە، رێکخراوی پاراستنی ژینگەی ئێران زانیاری نوێ لەسەر ئەو روداوە بڵاوکردوەتەوە.
رێکخراوی پاراستنی ژینگەی ئێران ئاماژەی بەوەکردوە، ئەو پەڵە گەورانە هۆکارەکەی دزەکردنی نەوت یاخود رژانەی نەوت نییە لە پاڵاوگەکانەوە، بەڵکو بەهۆی بەتاڵکردنی ئاوی پیسی (Ballast water) کەشتییەکی نەوتهەڵگرەوە بووە، کە زیانی بەرکەوتووە.
پێشتر دەزگامیدیا جیهانییەکان، بە پشتبەستن بە وێنەی مانگی دەستکرد رایانگەیاند بوو، لە نزیک دورگەی خارگ، رەنگە نەوت رژابێتە دەریاوە بەهۆی زیانگەیاندن بە کەشتییە نەوتهەڵگرەکان یاخود ئێران خۆی نەوت بخاتە دەریاوە بەهۆی پڕبونی خەزانەکانی نەوتەوە.
بنیامین ناتانیاھۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ بەرنامەی 60 خولەکی کەناڵی CBSی ئەمریکی، باسی رەوشی موجتەبا خامنەیی، رێبەر باڵای ئێران کرد و رایگەیاند، کە ناوبراو لە ئێستادا لە حەشارگەدایە، بەڵام هیچکات ناتوانێت دەسەڵاتەکانی باوکی هەبێت.
ناتانیاھۆ لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی ئاخۆ موجتەبا خامنەیی لە ژیاندا ماوە یان نا، وتی: "بە بڕوای من ئەو زیندوە، بەڵام دیاریکردنی رەوشی کارێکی ئەستەمە؛ ئەو هەوڵ دەدات دەسەڵات و هەژموون بەدەست بهێنێت، بەڵام هەرگیز ناتوانێت بگاتە ئەو ئاستە لە هێز و لایەنگرییەی، کە باوکی هەیبووە.
ناتانیاهۆ ئاماژەی بەوەش کرد، کە ململانێی موجتەبا خامنەیی بۆ دەسەڵات، بوەتە هۆی دروستبوونی درز و ئاڵۆزی زیاتر لە ناوخۆی پێکهاتەی دەسەڵاتی ئێراندا، ئەوەشی وەک پەرەسەندنێکی ئەرێنی لە قەڵەمداوە و وتویەتی ئە کێشەیە شتێکی خراپ نییە و باشە.
ناتانیاهۆ ئەوەشی خستوەتەڕوو بۆ کەناڵي ئەمریکییەکە، کە زیانێکی بەرچاویان بە تواناکانی ئێران گەیاندووە، بەڵام هێشتا کار ماوە ئەنجامی بدەن، چونکە تاران بەردەوامە لە پشتیوانیکردنی بریکارەکانی ناوچەکە و کار لەسەر بەرهەمهێنانی موشەکی بالیستیکی دەکات.
لە چوارچێوەی رێككەوتنەكەی 29ی كانوونی دووەمی ئەمساڵ تائێستا هەزار و 523 زیندانی لەلایەن هەسەدە و حكومەتی سوریاوە ئازادكراون.
ئاژانسی هاوار نیوز بڵاویكردووەتەوە، لە چوارچێوەی رێككەوتنەكەی 29ی كانوونی دووەمی ئەمساڵ لە نێوان هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) و حكومەتی سوریا، تائێستا هەزار و 32 زیندانی لەلایەن حكومەتی سوریاوە ئازادكراون و 491 زیندانیش لەلایەن هێزەكانی هەسەدە و ئازادكراون، زیاتر لە 200 شەڕڤانیش ماونەتەوە و چاوەڕوانی ئازادكردنن.
ئاماژە بەوەشكراوە، لەگەڵ هەر هەنگاوێكی ئازادكردنی زیندانییەكان، كاروانێكی ئاوارەكانی عەفرینیش دەگەڕێنرێنەوە بۆ زێدی خۆیان، چاوەڕوانیش دەكرێت لە داهاتوویەكی نزیكدا بەشێكی تر لە زیندانییەكان ئازاد بكرێن.
قەتەر بەكارهێنانی گەروی هورمز وەك كارتی فشار لەلایەن ئێرانەوە بە هۆكاری گرژییەكان دادەنێت و رەتیشیدەكاتەوە سازش لەسەر ئازادیی دەریاوانی بكات.
وەزارەتی دەرەوەی قەتەر رایگەیاند، محەمەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی سەرۆك وەزیرانی ئەو وڵاتە لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ عەباس عراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران جەختیكردووەتەوە، داخستنی گەروی هورمز یان بەكارهێنانی وەك كارتێكی فشار، تەنها دەبێتە هۆی قووڵتركردنەوەی گرژیی و قەیرانەكان و مەترسیی دروستكردن لەسەر بەرژەوەندییەكانی وڵاتانی ناوچەكە.
ئاماژەی بەوەشكردووە، ئازادیی دەریاوانی بنەمایەكی جێگیرە و جێگەی سازش نییە، داخستنی گەروی هومزیش لێكەوتەی نەرێنیی هەبووە لەسەر دابینكردنی وزە و خۆراك بۆ جیهان و سەقامگیریی بازاڕەكان و دابینكردنی كاڵا جۆراوجۆرەكان.