عراقچی: ئامادەین دانوستان دەستپێبکەینەوە
محەمەد رزگار
٢٦ی ئابی ٢٠٢٥
ئێران ئامادەیە دانوستانی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمریکا لەبارەی پرسی ئەتۆمیی دەستپێبکاتەوە.
عەباس عەراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، تاران ئامادەیە دانوستانەکانی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ واشنتۆن سەبارەت بە پرسی ئەتۆمی دەستپێبکاتەوە، ئەگەر دڵنیابێت لەوەی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل دووبارە نابێتەوە.
وتیشی: "ئێمە ئامادەین دانوستانی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمەریکا ئەنجام بدەین ئەگەر ئەمریکییەکان دڵنیامان بکەنەوە کە لەماوەی ئەو دانوستانانەدا دەست بە هیچ کردەوەیەکی سەربازی ناکەن.
عراقچی ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە گەرەنتی بەدەست بهێنین کە ئەو دانوستانانە دادپەروەرانە بن و بەرژەوەندییەکانی هەردوولا جێبەجێ بکەن و لەسەر بنەمای قازانجی هەردوولا بن.
وەزیری دەرەوەی ئێران ئەوەشی خستەڕوو، ئەوەی ئەمریکا لە رێگەی کردەوەی سەربازییەوە نەیتوانی بەدەستی بهێنێت، لە رێگەی دانوستانیشەوە ناتوانێت بەدەستی بهێنێت.




