تۆم باراك: ئیسرائیل و سوریا دورن لە گەیشتن بە رێككەوتنی ئەمنی
لاڤە
٢٦ی ئابی ٢٠٢٥
تۆم باراك نێردەی ئەمریكا لە سوریا
تۆم باراك نێردەی ئەمریكا لە سوریا دەڵێت، دانوستانەكانی نێوان ئیسرائیل و سوریا ئەرێنین، بەڵام هێشتا دوورن لە گەیشتن بە رێككەوتنی ئەمنی.
باراك بە پێگەی "ئێكسیۆس"ی ئەمریكی راگەیاند، ئیسرائیل و سوریا بە نیەتێكی راستگۆیانە دانوستان دەكەن بۆگەیشتن بە رێككەوتنی ئەمنی، بەڵام هێشتا دوورن لە رەشنوسی كۆتایی رێككەوتنەكە. وتیشی، دانوستانەكان بنیاتنەرن و دەروازەیەك دەبن بۆ سەقامگیری و گەشەسەندن لە ناوچەكەدا.
ئەحمەد شەرع سەرۆكی سوریاش رایگەیاندبوو، وەفدی سوریا و ئیسرائیل لە دانوستانی رێككەوتنی ئەمنیدا پێشكەوتنیان بەدەستهێناوە، وتیشی، هیچ دوو دڵ نابێت لە هەر بڕیارێك كە خزمەت بە بەرژەوەندی سوریا بكات.
ئیدارەی ئەمریكاش دەڵێت، رێككەوتنی ئەمنی نێوان ئیسرائیل و سوریا رەنگە بەر لە ئەنجامدانی خولی نوێی كۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە مانگی ئەیلول، بگاتە ئەنجام.




