وەزارەتی بەرگری ئیمارات، ئەمڕۆ یەکشەممە، سەرکەوتنی سیستمەکانی بەرگری ئاسمانی وڵاتەکەی لە تێکشکاندنی دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی راگەیاند کە لە خاکی ئێرانەوە ئاڕاستە کرابوون، هاوکات جەختیشی کردەوە کە لە چەند کاتژمێری رابردوودا هیچ زیانێکی گیانی تۆمار نەکراوە.
وەزارەتەکە لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: لە رێکەوتی 10ی ئایاری 2026، سیستمەکانی بەرگری ئاسمانی ئیمارات توانییان دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوان راو بکەن و تێکبشکێنن کە لە ئێرانەوە رەوانە کرابوون."
لە بەشێکی تری بەیاننامەکەدا هاتووە کە لە سەرەتای دەستپێکردنی ئەم هێرشانەوە، بەرگری ئاسمانی ئیمارات بەرپەرچی ٥٥١ مووشەکی بالیستی، 29 مووشەکی کرووز و2265 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی داوەتەوە.
سەبارەت بە زیانەکان، وەزارەتی بەرگری ئاماژەی بەوە کردووە کە لە کاتژمێرەکانی رابردوودا هیچ حاڵەتێکی گیانلەدەستدان یان برینداربوون تۆمار نەکراوە، بەڵام ئاماری گشتی قوربانییان لە سەرەتای هێرشەکانەوە گەیشتووەتە دوو کوژراو لە هێزە چەکدارەکان و هاووڵاتییەکی مەغریبی کە گرێبەستی لەگەڵ سوپادا هەبووە. هەروەها ژمارەی کوژراوە مەدەنییەکان گەیشتووەتە 10 کەس لە رەگەزنامە جیاوازەکانی (پاکستانی، نیپاڵی، بەنگلادیشی، فەڵەستینی، هیندی و میسری)، ژمارەی بریندارەکانیش گەیشتووەتە 230 کەس.
لە کۆتاییدا، وەزارەتی بەرگری ئیمارات جەختی لەسەر ئامادەیی تەواوی هێزەکانی کردەوە بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هەڕەشەیەک و رایگەیاند: "بە توندی رووبەڕووی هەر هەوڵێک دەبینەوە کە ئامانجی تێکدانی ئاسایشی وڵات بێت، بە جۆرێک کە پارێزگاری لە سەروەری و سەقامگیری ئیمارات مسۆگەر بکات."
تاران ئاستی هەڕەشەكانی بۆ سەر هێزەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی بەرزكردەوە.
محەمەد ئەكرەم نیا، وتەبێژی سوپای ئێران رایگەیاند، لەمەودوا ئەو وڵاتانەی پابەندی سزاكانی ئەمریكان، بۆ تێپەڕبوون لە گەرووی هورمز رووبەڕووی ئاستەنگ دەبنەوە.
لە ئێستاشدا پەرلەمانی ئێران خەریكی داڕشتنی یاسایەكە بۆ قەدەغەكردنی تێپەڕبوونی كەشتیی وڵاتە دوژمنەكان.
لەلایەكی دیكەوە، هێزی دەریایی سوپای پاسداران هۆشداری دا كە هەر هێرشێك بۆ سەر كەشتییەكانیان، بە وەڵامێكی توند بۆ سەر بنكە و كەشتییەكانی ئەمریكا لە ناوچەكە كۆتایی دێت.
سەید مەجید مووسەوی، فەرماندەی هێزی ئاسمانی سوپای پاسداران جەختی كردەوە كە موشەك و فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكانیان لەوپەڕی ئامادەباشیدان و ئامانجە ئەمریكییەكانیان نیشانە گرتووە، تەنها چاوەڕێی فەرمانی تەقەكردن دەكەن بۆ تێكشكاندنی دوژمن.
سەرۆک کۆماری ئێران جەخت لە گۆڕینی ستراتیژیی نەیارانی وڵاتەکەی دەکاتەوە بۆ تێکدانی رەوش و بواری دارایی، پاش ئەوەی لە مەیدانی سەربازیدا نەیانتوانی ئامانجەکانیان بپێکن.
مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران رایگەیاند، دوای ئەوەی "دوژمنان" لە شەڕی سەربازیدا سەرکەوتوو نەبوون، ئێستا هەوڵ دەدەن شەڕەکە بگوازنەوە بۆ بواری ئابوری و جەختی لەوەش کردەوە کە پێویستە گەل بە رۆڵی خۆیان ئەم پیلانە پووچەڵ بکەنەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، وڵات پێویستی بە جوڵەیەکی گشتگیری جەماوەری هەیە بۆ چاکسازی لە شێوازی بەکارهێنان و بەهێزکردنی بەشداریی کۆمەڵایەتی.
مەسعود پزیشکیان ئەوەشی خستەڕوو، هێزە چەکدارەکان ئەرکی خۆیان لە رووبەڕووبوونەوەی دوژمن بە باشی جێبەجێ دەکەن، بەڵام پێویستە خەڵکیش لەم مەیدانەدا پشکی خۆیان هەبێت، ئەویش لە رێگەی دەستپێوەگرتن و میانداری لە بەکارهێنانی وزەدا.
رۆژنامەیەكی ئەمریكی ئاشكرایدەكات، ئیسرائیل بە نهێنی سەربازگەیەكی لە بیابانەكانی عیراق دروستكردووە بۆ پشتیوانیكردنی هێرشە ئاسمانییەكان بۆ سەر ئێران، رێگەش نادات هیچ هێزێكی ئەمنی عیراق لە سەربازگەكەی نزیك بێتەوە.
رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ لە چەند لێپرسراوێكی ئەمریكییەوە ئاشكرایكردووە، ئیسرائیل بە نهێنێ و بە ئاڵای ئەمریكاوە، راستەوخۆ بەر لە هەڵگیرسانی جەنگی 40 رۆژەی ئێران، سەربازگەیەكی لە بیابانەكانی عیراق دروستكردووە و تێیدا ناوەندێكی لۆجیستی دامەزراندوە بۆ پشتیوانیكردنی هێزی ئاسمانی ئیسرائیل لە هێرشەكان بۆ سەر ئێران.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئیسرائیل تیمێكی گەڕان و فریاكەوتنی لەناو سەربازگەكەدا جێگیركردووە بۆ دۆزینەوە و هاوكاریكردنی هەر فڕۆكەوانێكی ئیسرائیلی لە ئەگەری كەوتنەخوارەوەی فڕۆكەكانیان لەكاتی بۆردومانكردنی ئێراندا.
رۆژنامەكە دەشڵێت، سەرەتاكانی مانگی ئادار نزیك بووە لەوەی شوێنی سەربازگەكەی ئیسرائیل ئاشكراببێت بەهۆی شوانێكی عیراقیەوە كە جموجۆڵی سەربازی لەناوچەكە بەدی كردبوو، بەڵام كاتێك هێزە ئەمنییەكانی عیراق نزیكی سەربازگەكە بوونەتەوە ئیسرائیل بەچڕی بۆردومانی هێزەكەی كردووە سەربازگەكەی بەنهێنی و شاراوەیی هێشتووەتەوە.
بۆ رێگریكردن لە قەرەباڵغی و پاراستنی سەلامەتی حاجییان، سعودیە سزایەكی قورسی دارایی و یاسایی بەسەر ئەو كەسانەدا دەسەپێنێت كە بەبێ ڤیزای تایبەت بەشداری فەریزەی حەج دەكەن.
وەزارەتی ناوخۆی سعودیە رایگەیاند، بۆ وەرزی ئەمساڵی حەج، هەر كەسێك بە ڤیزای سەردان و گەشتیارییەوە حەج بكات و ڤیزای تایبەتی حەجی وەرنەگرتبێت، دەستگیر دەكرێت و بە بڕی 100 هەزار ریاڵ سزا دەدرێت كە دەكاتە 26 هەزار و 727 دۆلار و تا 10 ساڵی تریش رێگەی پێنادرێت سەردانی سعودیە بكات.
جەختیشیكردووەتەوە، ئەو ڤیزایە مەرجێكی بنەڕەتییە و هەر كەسێكیش بە بێ ئەو ڤیزایە هاوكاری گواستنەوە یان نیشتەجێكردنی حاجیانی بێ مۆڵەت بكات، رووبەڕووی هەمان سزا دەبێتەوە.
ئەو رێكارە نوێیەی سعودیە دوای ئەوە دێت كە لە ساڵانی رابردوودا بەهۆی زۆری حاجیانی نایاسایی، فشارێكی زۆر لەسەر دروستدەبوو و بەهۆی قەرەباڵغیشەوە چەندین كەس گیانیان لەدەستدەدا.
پەرلەمانتارێكی دەم پارتی دەڵێت، قۆناغێكی هەستیار لە ئارادایە و پێویستە پێش پشووی پەرلەمان پێگەی ئۆجەلان لە پرۆسەی ئاشتیدا دیاری بكرێت.
جەنگیز چاندار پەرلەمانتاری پارتی یەكسانی و دیموكراسی گەلان "دەم پارتی" رایگەیاند: بۆ پێشخستنی پرۆسەی ئاشتی پێویستە پێش دەستپێكردنی پشووی پەرلەمان هەنگاوی كرداریی بنرێت و چاكسازییە یاساییەكان ئەنجام بدرێن و پێگەی عەبدوڵا ئۆجەلانیش لە پرۆسەی ئاشتیدا دیاری بكرێت، لەبەرئەوەی قۆناغێكی هەستیار بۆ چارەسەری پرسی كورد لە ئارادایە.
وتیشی، دیاریكردنی پێگەی ئۆجەلان بۆ ئەنجامدانی چاكسازیی یاسایی زۆر پێویستە و كاریگەری زۆری لەسەر بەرەوپێشچوونی هەنگاوەكانی پرۆسەی ئاشتی دەبێت.
جەنگیز چاندار ئاماژەی بەوەشكرد، پشتیوانی پێشنیازەكەی دەوڵەت باخچەلی سەرۆكی مەهەپە دەكەن كە پێشنیازیكردووە دەستەی هەماهەنگی بۆ پرۆسەی ئاشتی و بەسیاسیكردن دابمەزرێت بە مەبەستی رێكخستنی ئەم قۆناغە.
ئەمریكا سزای نوێی بەسەر چەندین كەس و كۆمپانیای تایبەت بە بواری سەربازیدا سەپاند كە پەیوەندییان بە ئێرانەوە هەبووە و لە چین و هۆنگ كۆنگن.
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا رایگەیاند، سزای نوێی بەسەر سێ كەس و نۆ كۆمپانیای نێودەوڵەتیدا سەپاندووە بەهۆی پەیوەندییان بە بەرنامە سەربازییەكانی ئێرانەوە كە لە چین و هۆنگ كۆنگە.
كۆشكی سپیش رایگەیاندووە، ئەو سزایانەی بەسەر ئێراندا سەپێنراون ئەنجامی گەورەیان بەدەستهێناوە و گەمارۆ دەریاییەكانیش زۆر سەركەوتوو بوون و ئابووریی ئێرانیان خنكاندووە.
جەختیشیكردووەتەوە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا بۆ چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ ئێران، هەموو بژاردەكانی بە كراوەیی هێشتووەتەوە.
لە ماوەی هەفتەی رابردوودا سوپای ئیسرائیل زیاتر لە 200 پێگە و بارەگای سەربازیی حزبوڵای لە باشوری لوبنان لە ناوبردووە.
سوپای ئیسرائیل لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، بەردەوامن لە هێرشەكانیان بۆ نەهێشتنی هەڕەشە و مەترسییەكان لە ناوچەی هێڵی پێشەوەی بەرگریی لە باشوری لوبنان و لە ماوەی هەفتەی رابردووشدا زیاتر لە 200 ژێرخانی سەربازیی حزبوڵایان لە ناوبردوو.
راشیگەیاندووە، لە ئەنجامی هێرشەكاندا 20 چەكداری حزبوڵا كوژراون و چەندین كۆگای چەك و تەقەمەنیشیان لە بنكەكانی فەرماندەیی حزبوڵا دۆزیووەتەوە و دەستیشگیراوە بەسەر بڕێكی زۆر چەكی جیاجیا و پێداویستی سەربازیی و موشەكی دژە تانك.
لێپرسراوێكی باڵای ئێران دەڵێت، بەهۆی شەڕەوە لە بەندەرەكان كەسێك كوژراوە و 10ی تریش برینداربوون و چوار كەسیش بێسەروشوێنن.
لێپرسراوێكی باڵای ئێران بە ئاژانسی میهری راگەیاندووە، بەهۆی هێرشەكەی ئەمریكا بۆسەر چەند بەندێكی ئێران، كەسێك كوژراوە و 10ی تریش برینداربوون و چواری كەسیش تائێستا بێسەروشوێنن و كەشتییەكیشیان تێكشكاوە.
لێپرسراوێكی باڵای سوپای ئێرانیش دەڵێت، هێزی دەریایی ئەمریكا هەوڵیداوە لە رێگەی گەرووی هورمزەوە و بە پاڵپشتیی ئاسمانیی، سێ بەلەمی تێكشكێنەر بەرەو دەریای عومان بگوازێتەوە، بەڵام هێزی دەریاسی ئێران بە هەشت موشەكی كروز و 24 درۆنی بۆمبڕێژكراو هێرشی كردوونەتەسەر.
ئەمیر سەعید ئیرەوانی باڵیۆزی ئێرانیش لە نەتەوە یەكگرتووەكان رایگەیاند، هەڵسوكەوتەكانی ئەمریكا لە گەروی هورمز لێكەوتەی ترسناكی دەبێت و رێكارەكانی دوژمنكارانە و هەراسانكەرن و تارانیش بە مافی خۆی دەزانێت بەرگری لە خۆی بكات.
بەپێی راپۆرتێكی هەواڵگریش، لە دەوروبەری دورگەی خارگ 80 هەزار بەرمیل نەوت بە پانتایی 71 كیلۆمەتر چوارگۆشە بڵاوبووەتەوە و تێكەڵی ئاو بووە.
لە چوارچێوەی هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ چارەسەری کێشەکان، ئێران کار لەسەر هەڵسەنگاندنی پێشنیازێکی نوێی ئەمریکا دەکات بۆ گەیشتن بە رێککەوتن.
ئیسماعیل بەقائیی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاشکرایکرد، هێشتا سەرقاڵی لێکۆڵینەوە و خوێندنەوەی وردن بۆ ئەو پێشنیازەی کە لەلایەن ئەمریکاوە پێشکەشیان کراوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، هەر کاتێک لێکۆڵینەوەکانیان تەواو بوو، وەڵامی رەسمی خۆیان بڵاو دەکەنەوە، هەروەها راشیگەیاند، هێرشەکەی رۆژی پێنجشەممەی ئەمریکا پێشێلکردنێکی روونی ئاگربەستە و فشارێکی تر دەخاتە سەر رەوشەکە.
ئەمەش لەکاتێکدایە، ئەمرۆ مارکۆ رۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، چاوەڕوانی ئێران دەکەن ئەمڕۆ وەڵامی پێشنیازەکەیان بداتەوە سەبارەت بە ئەنجامدانی دانوستان و گەیشتن بە رێککەوتن.
وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت، توانای موشەکییان ئێستا 120%ـەو وڵاتەکەشی 1000% لە ئامادەباشی تەواودایە بۆ بەرگریکردن لە گەلەکەی.
عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، ئەمڕۆ لە پەیامێكدا كە لە هەژماری خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس بڵاوی كردۆتەوە، رایگەیاندووە،هەر كاتێك چارەسەرێكی دیپلۆماسی پێشنیار بكرێت، ئەمریكا دەست دەداتە سەركێشییەكی سەربازیی بێباكانە،جەختی لەوەش كردەوە كە ئێرانییەكان هەرگیز مل بۆ فشارەكان نادەن و لە بەرامبەریاندا چۆك دانادەن.
هەروەها ئاماژەی بە توانای سەربازیی وڵاتەكەی كرد و تیشكی خستە سەر ئەوەی كە كۆگای مووشەكیی ئێران و توانای هاویشتنیان كەمی نەكردووە، بەڵكو ئەو ئامارانەشی باس لەوە دەكەن توانای مووشەكییان بەراورد پێش جەنگەكە ٪75 كەمی كردووە دوورن لە راستییەوە، بەپێچەوانەوە گەشتۆتە ٪120.
هێزی دەریایی ئێران رایگەیاند، دەستیان بەسەر كەشتییەكی نەوتهەڵگردا گرتووە كە لە دەریای عوماندا جوڵەی نایاسایی هەبووە.
هێزی دەریایی ئێران رایگەیاند، لە دەریای عوماندا دەستیان بەسەر كەشتییەكی نەوتهەڵگردا گرتووە بە ناوی ئۆشن كۆی كە ئاڵای دورگەی مارشاڵی لەسەرە و لەلایەن ئەمریكاوە خاوەندارێتی ئەكرێت رادەستی دەسەڵاتە دادوەرییەكانیان كردووە، چونكە ئەو كەشتییە هەوڵی داوە رێگری لە هەناردەی نەوتی وڵاتەكە بكات.
سەرچاوە هەواڵییەكان ئاماژەیان بەوە كردووە كە هاوكات سێ كەشتی تری ئێرانی توانیویانە فشاری گەمارۆ دەریاییەكانی ئەمریكا بشكێنن، هەروەها كەشتیی حەسنای ئێرانیش كە ئەمریكا بانگەشەی ئەوەی كردبوو بۆردومانی كردووە، دووبارە لەسەر رادارەكان دەركەوتووەتەوە.
وەزارەتی بەرگری ئیمارات بڵاویکردەوە، بەیانی ئەمڕۆ بەرپەرچی هێرشە موشەكی و درۆنەكانی ئێرانیان داوەتەوە.
وەزارەتی بەرگری ئیمارات ئاشکرایکرد، بەرگری ئاسمانی وڵاتەكەیان سەرلەبەیانی ئەمڕۆ مامەڵەی لەگەڵ چەندین هێرشی موشەكی و فڕۆكەی بێفڕۆكەوان كردووە كە لەلایەن ئێرانەوە ئاڕاستە وڵاتەكەیان كراوە.
وەزارەتی بەرگری ئیمارات روونیشیكردەوە، ئەو دەنگە بەرزانەی لە ناوچە جیاجیاكانی وڵات بیستراون، دەرەنجامی تێكشاندنی موشەكە بالیستییەكان بووە لەلایەن سیستمی بەرگری ئاسمانیەوە، وتیشی لە شەوی رابردووە چەندین هێرشی دیكە ئاراستەی ئیمارات كراوە.
ئەو روداوە دوای ئەوە دێت، دوێنێ ناوچەكە ئاڵۆزییەكی توندی بەخۆوە بینی و كۆتایی بەو هێمنییه رێژەییە هات كە لە نێوان هێزە دەریاییەكانی ئەمریكا و ئێران لە دوای ئاگربەست لە 8ـی نیسانەوە دەستیپێكردوە.
دوای ئەوەی میدیاکانی ئێران رایانگەیاند، لە سنوری بەندەر عەباس دەنگی تەقینەوە بیستراوە، سوپای پاسداران پشتڕاستی کردەوە، کە دەنگی تەقینەوەکە لە ئەنجامی روبەڕوبونەوەی هێزەکانیان بوە لەگەڵ کەشتییەکی جەنگی ئەمریکادا.
سوپای پاسدارانی ئێران ئاماژەی بەوەکردوە، کەشتییە جەنگییەکەی ئەمریکا کراوەتە ئامانج دوای ئەوەی هەوڵیداوە هێرشبکاتە سەر یەکێک لە کەشتییە نەوتهەڵگرەکانی ئێران.
بە گوێرەی ئەو بانگەشانەی سوپای پاسداران دەیکات، لەدوای هێرشەکانیان بۆسەر کەشتییەکە بە موشەک ناچار بوون پاشيکشە بکات و زیانی پێگەیشتوە.
لای خۆشیەوە ئاژانسی فارسی ئێران بڵاویکردوەتەوە، هێزەکانی ئێران و ئەمریکا روبەڕوی یەکتری بونەتەوە و بەشـێـک لە بەندەری بەهمەن لە دورگەی قشم کراوەتە ئامانج.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، وڵاتەکەی سەرقاڵی تاوتوێکردنی پێشنیازێکی ئەمریکایە و تا ئەم ئێستا نەگەیشتوونەتە هەڵوێستی کۆتایی و هیچ وەڵامێکیان نەداوەتەوە.
ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران پشتراستی کردوە پێشنیازیان لەلایەن ئەمریکاوە پێگەیشتوە و وڵاتەکەی سەرقاڵی تاوتوێکردنیەتی.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد لەسەر پێشنیازەکە، کە لە رێگەی نێوەندگیری پاکیستانییەوە پێیان گەیشتووە، تا ئێستا نەگەیشتوونەتە هەڵوێستی کۆتایی و هیچ وەڵامێکیان نەداوەتەوە.
بەقایی، جەختیکردوەتەوە بڕیاردان لەسەر هەنگاوەکانی داهاتوو بەندە بە ئەنجامی ئەم نامەگۆڕینەوانەوە و هەر کاتێک بگەنە ئەنجامێکی یەکلاکەرەوە، لایەنی نێوەندگیر لە بڕیارەکەیان ئاگادار دەکەنەوە.
ئەمە لە کاتێکدایە، دوێنێ دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، لەگەڵ ئیران نزیکن لە رێککەوتن و لەسەر داوای پاکستان ئۆپراسیۆنی ئازادی لە گەروی هورمز رادەگرن و هۆشداریشیدابوو، ئەگەر نەگەنە رێککەوتن ئەوا خرپتر لە جاری پێشوو بۆردومانی ئێران دەکەن.
مەسعوود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن، هاوتا فەڕەنسییەکەی، دوایین گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە، رەوتی دانوستانەکان و هەندێک پرسی ستراتیژی لەوانە دۆخی تەنگەی هورمزی تاوتوێ کرد.
بەپێی راگەیەندراوی نووسینگەی سەرۆکایەتی ئێران، بزشکیان لەم پەیوەندییەدا جەختی لەسەر چارەسەری دیپلۆماسی کردووەتەوە و وێڕای دەربڕینی پێزانین بۆ بەدواداچوونەکانی فەڕەنسا، رایگەیاندووە: خۆشحاڵین کە رێبازی فەڕەنسا پشتبەستووە بە چارەسەرکردنی کێشەکان لە رێگەی گفتوگۆوە، کۆماری ئیسلامی ئێرانیش هەمیشە پێشوازی لەم رێبازە دەکات.
پزیشکیان ئاماژەی بە پێشێلکارییە بەردەوامەکانی ئاگربەست لەلایەن ئیسرائیلەوە و هێرشە یەک لە دوای یەکەکانی بۆ سەر لوبنان کرد و رونی کردەوە: ئەم قەوارەیە بە هیچ شێوەیەک پابەندی بەڵێنەکانی ئاگربەست نەبووە، هەروەک چۆن لە غەززە هەرگیز پابەند نەبوو، ئێستاش لە لوبنان چەندین جار رێککەوتنەکان پێشێل دەکات، بەداخەوە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هێشتا بینەری تاوانەکان و شەڕی جینۆساید و دەستدرێژییەکانی ئەم قەوارەیەیە، سروشتییە لە ژێر ئەم بارودۆخەدا بەرگری ئیسلامی لە لوبنان بۆ بەرگریکردن لە وڵات و گەلەکەی بجوڵێتەوە.
سەرۆک کۆماری ئێران ئاماژەی بە ئەزموونی دانوستانەکانی رابردوو و بەربەستە بەردەوامەکانی ئەمریکا کرد و وتی: لە کاتی دانوستانە دووقۆڵییەکانی نێوان ئێران و فەڕەنسا لە نیویۆرک، سەرەڕای گەیشتن بە تێگەیشتن، ئەوە ئەمریکا بوو کە بە دروستکردنی بەربەست رێگری لە پێشچوونی پرۆسەکە کرد.
بزشکیان هۆکارەکانی بێ متمانەیی بەرامبەر لایەنی ئەمریکی روون کردەوە و وتی: کۆماری ئیسلامی ئێران دوو جار چووە ناو گفتوگۆ لەگەڵ ئەمریکا، لە هەر دوو جارەکەدا و هاوکات لەگەڵ بەڕێوەچوونی دانوستانەکان، هێرشی سەربازی کرایە سەر ئێران، ئەمەش رەفتارێکە کە بە خەنجەر لێدان لە پشتەوە ئەژمار دەکرێت.
لە کۆتاییدا جەختی کردەوە کە لە بارودۆخی ئێستاشدا، چاوچنۆکی و لێدوانە هەڕەشەئامێزەکانی ئەمریکا و پابەندنەبوونی بە چوارچێوە پێویستەکان، رەوتی دیپلۆماسیی تووشی ئاڵۆزیی دوو هێندە کردووە.