بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، بڕیاریدا وەفدی دانوستانکاری وڵاتەکەی لە دۆحەی پایتەختی قەتەر بانگهێشت بکاتەوە، ئەمەش دوای ئەوەی بزوتنەوەی حەماس داواکاری نوێی لە وەڵامی دوایین پێشنیازی ئاگربەست و رێککەوتنی دیلەکاندا خستەڕوو.
بەرپرسێکی ئیسرائیلی رایگەیاند، بڕیاری بانگهێشتکردنەوەکە بە مەبەستی "هێنانەکایەی گۆڕانکاری" لە دانوستانەکان و دروستکردنی فشاری زیاترە لەسەر حەماس بۆ ئەوەی بە پێشنیازەکە ڕازی بێت. هەروەها جەختی کردەوە کە گفتوگۆکان "دانەخراون"، بەڵام هێشتا روون نییە ئایا ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆی وەستانێکی درێژخایەنی دانوستانەکان یان نا.
بەپێی وتەی بەرپرسێکی باڵای ئیسرائیلی و سەرچاوەیەکی ئاگادار، کێشەی سەرەکی لەسەر داوای حەماسە بۆ زیادکردنی ژمارەی ئەو دیلە فەڵەستینیانەی کە لە بەرامبەر ئازادکردنی دیلەکانیاندا ئازاد دەکرێن.
حەماس داوایکردووە 200 فەڵەستینی کە سزای زیندانی هەتاهەتاییان هەیە ئازادبکرێن لەبری 125 کەس، هەروەها 2000 دیلی فەڵەستینی کە دوای 7ـی ئۆکتۆبەر لە غەززە دەستگیرکراون ئازاد بکرێن لەبری 1200 کەس کە لە پێشنیازەکەدا هاتبوو.
ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدایە کە هەفتەیەک پێش ئێستا، نێوەندگیرانی قەتەری و میسری پێشنیازێکی نوێکراوەیان پێشکەش بە هەردوو لا کردبوو. ئیسرائیل پێشنیازەکەی قبوڵکرد، بەڵام وەڵامەکەی حەماس کە رۆژی سێشەممە پێشکەشی کرد، بەپێی وتەی سێ سەرچاوەی ئاگادار، لەلایەن نێوەندگیرانەوە بە ناتەواو دانرا و رەتیانکردەوە بیگەیەننە ئیسرائیلییەکان.
بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە، حەماس وەڵامێکی نوێ و وردتری پێشکەشکرد، کە بەرپرسانی ئیسرائیل دەڵێن لەوەی پێشوو باشترە، بەڵام هێشتا ناکۆکی گەورەی لەنێوان هەردوولادا هەیە.
لە وەڵامدا، بەرپرسانی باڵای ئیسرائیل بە ستیڤ ویتکۆف، نێردەی کۆشکی سپی-یان راگەیاندووە کە داواکارییەکانی حەماس "قبوڵکراو نین". سەرەڕای ئەمەش، سەرچاوەیەکی ئاگادار ئاماژەی بەوە کردووە کە لەوانەیە ئەمە هەڵوێستی سەرەتایی حەماس بێت لە دانوستانەکاندا و هەڵوێستی کۆتایی نەبێت.
لە کاتێکدا بڕیارە سبەینێ لەگەڵ سێ وڵاتی ئەوروپی دەست بە دانوستان بکات، ئێران جارێکی دیکە مەرجەکانی خۆی بۆ هەر گفتوگۆیەکی ئەگەری لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دووپاتکردەوە، کە تیایدا باس لە متمانە و کردەی سەربازی و مافی ئێران دەکات.
کازم غەریب ئابادی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران، کە بەمەبەستی ئەنجامدانی چەند دیدارێک لە لە نیویۆرکە لە نەتەوە یەکگرتووەکان، رایگەیاند، پێش هەر دانوستانێک، پێویستە ئەمریکا متمانەی تاران بەدەستبهێنێتەوە، گفتوگۆکان بۆ ئامانجی شاراوە وەک ئەگەری کردەوەی سەربازی بەکارنەهێنێتەوە، هەروەها دان بە مافەکانی ئێراندا بنێت لە چوارچێوەی پەیماننامەی قەدەغەکردنی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی، کە مافی پیتاندنی یۆرانیۆمیش لەخۆدەگرێت.
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە کە بڕیارە سبەینێ غەریب ئابادی لەسەر ئاستی جێگرانی وەزیرانی دەرەوە، لە ئەستەنبوڵ لەگەڵ نوێنەرانی بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا کۆببێتەوە.
رێککەوتن لەسەر ئەم دانوستانانە دوای ئەوە هات کە نزیکەی 10 رۆژ لەمەوبەر، ژان نوئێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا هۆشداری دا کە ئەگەر تا کۆتایی مانگی ئاب هیچ پێشکەوتنێکی بەرچاو لە رێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێراندا بەدی نەکرێت، ئەوا فەرەنسا، بەریتانیا و ئەڵمانیا "میکانیزمی پەلەپیتکە" (Snapback Mechanism) کارا دەکەنەوە.
کاراکردنەوەی ئەم میکانیزمە رێگە بە سەپاندنەوەی گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان دەدات بۆ سەر کەرتی چەک، بانک و کەلوپەلی ئەتۆمی ئێران، کە 10 ساڵ لەمەوبەر هەڵگیرابوون. وەزارەتی دەرەوەی ئێران جەختدەکاتەوە کە میکانیزمی پەلەپیتکە "هیچ بنەمایەکی یاسایی و ئەخلاقی نییە"، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا رەزامەندی لەسەر ئەنجامدانی گفتوگۆکان لە ئەستەنبوڵ داوە.
هەڵوێستی بەرپرسانی دیکەی ئێران
لەلایەکی دیکەوە، عەباس عیراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە رۆژانی رابردوودا رایگەیاندبوو کە تاران لە مافی پیتاندنی یۆرانیۆم و بەرنامە مووشەکییەکەی پاشەکشە ناکات.
عیراقچی ئامادەیی وڵاتەکەشی بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی هاوشێوەی رێککەوتنی ئەتۆمی (بەرجام) لەگەڵ ئەمریکا نیشانداوە، بەڵام جەختی لەوە کردووەتەوە کە "بارودۆخی دانوستانی راستەوخۆ لە ئێستادا لەبار نییە". بە وتەی ئەو، ئێران ئامادەیە لە بەرامبەر هەڵگرتنی گەمارۆکانی رۆژئاوا، گەرەنتی بداتە ئەمریکا سەبارەت بە ئاشتیانە مانەوەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی.
ئەم هەڵوێستانە دوای ئەوە دێت کە پەرلەمانی ئێران، دوای ئاگربەستی شەڕی 12 رۆژەی نێوان ئێران و ئیسرائیل، یاسایەکی بۆ سنوردارکردنی هاریکارییەکانی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی پەسەند کرد. لەم چوارچێوەیەشدا، غەریب ئابادی رایگەیاندووە کە ئێران رازی بووە تەنها وەفدێکی تەکنیکی ئاژانس لە ماوەی دوو بۆ سێ هەفتەی داهاتوودا سەردانی تاران بکەن، بەڵام ئەو وەفدە سەردانی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران ناکات.
رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ئێران بە بەكارهێنانی بۆمبی هێشوی لە ناوچە مەدەنییەكانی ئیسرائیل تۆمەتبار دەكات.
رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ناسراو ئەمینستی لە راگەیەنراوێكدا ئێرانی تۆمەتبار كرد بەوەی كە لە كاتی شەڕی 12ڕۆژەی نێوان تاران و تەلئەبیب لە مانگی حوزەیرانی رابردوو، بۆمبی هێشووی ئاراستەی ناوچە مەدەنییەكانی ئیسرائیل كردووە، ئەمەش بەپێشێلكارییەكی ئاشكرای یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی دادەنرێت.
ئەمنستی راشیگەیاند، ئێران سێ هێرشی لەو جۆرەی ئەنجامداوە لە رۆژانی 19 و 20و 22ی حوزەیران سێ ناوچەی لە باكور و باشوری ئیسرائیل پێ كردۆتە ئامانج و بەڵگەی پێویستیش لەو بارەوە لەبەردەستدایە.
ئیریكا گیڤارا رۆزاس، بەڕێوەبەری توێژینەوە و داكۆكی و كەمپینەكانی رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی رایگەیاند، بۆمبی هێشوی چەكێكی قەدەغە كراوە، هەرگیز نابێت بەكاربهێنرێت.
رێكخراوی مافی مرۆڤی نێودەوڵەتیش لە راگەیەنراوێكدا رایگەیاندووە، سوپای ئێران لە مانگی رابردوودا موشەكی بالیستیی بەكارهێناوە كە هەڵگری كڵاوەی هێشووی بوون، ئاراستەی ناوچە چڕەكانی نیشتەجێبوونی ئیسرائیلیان كردووە.
مەزڵوم کۆبانێ، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)، گەیشتە پاریسی پایتەختی فەرەنسا و بڕیارە لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی ئەو وڵاتە و بەرپرسانی باڵای دیکە کۆببێتەوە. بەپێی زانیارییەکان، یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی سەردانەکە، گفتوگۆکردنە لەسەر بەشداریکردنی هەسەدە لە پێکهاتەی سوپای سوریای نوێدا.
موهەنەد ئیبراهیم، پەیامنێری کوردسات نیوز لە رۆژئاوای کوردستان رایگەیاند، مەزڵوم کۆبانێ، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات و وەفدێکی یاوەری گەیشتوونەتە پاریس و بڕیارە زنجیرەیەک دیداری گرنگ لەگەڵ بەرپرسانی باڵای فەرەنسا ئەنجامبدات.
ئاماژەی بەوەشکرد، سەردانەکەی فەرماندەی گشتیی هەسەدە بۆ گفتوگۆکردنە لەسەر چەندین پرسی گرنگ، لە نێویاندا رۆڵی هێزەکانیان لە داهاتووی سوریادا و میکانیزمی بەشداریکردنیان لە سوپای سوریای نوێدا.
ئەمڕۆ چوارشەممە، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، وڵاتەکەی رەزامەندیی دەربڕیوە لەسەر پێشوازیکردن لە وەفدێکی تەکنیکیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم لە چەند هەفتەی داهاتوودا، بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر "میکانیزمێکی نوێ" بۆ پەیوەندییەکانی نێوان تاران و ئاژانسەکە.
کازم غەریب ئابادی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران، لە میانەی سەردانێکیدا بۆ نیویۆرک بە رۆژنامەنووسانی وت: "وەفدەکە دێتە ئێران بۆ گفتوگۆکردن لەسەر میکانیزمەکە، نەک بۆ سەردانیکردنی دامەزراوە ئەتۆمییەکان."
ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە کە تاران لە سەرەتای مانگی تەممووزی ئەمساڵدا، هەڵپەساردنی هاریکارییەکانی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم راگەیاند، کە شارەزایان بە "قۆناغێکی مەترسیدارتر"ی قەیرانەکە وەسفیان کرد.
بڕیاری هەڵپەساردنی هاریکارییەکان دوای ئەوە هات کە مەسعود پزیشکیان، سەرۆکی ئێران، یاسایەکی پەسەند کرد کە لەلایەن پەرلەمانەوە بڕیاری لەسەر درابوو. ئەم یاسایە دوای ئەو هێرشەی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران هات، تاران هەڕەشەی لێپرسینەوەی لە ئاژانسەکە و بەڕێوەبەرە گشتییەکەی کرد و بە "هاودەستی لە تاوانەکان" تۆمەتباری کردن.
لە هەمان مانگدا، ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم رایگەیاندبوو کە پشکنەرەکانیان ئێرانیان جێهێشتووە و گەڕاونەتەوە بۆ بارەگای ئاژانسەکە. بە وتەی ئاژانسەکە، پشکنەرەکان لە ماوەی پەرەسەندنە سەربازییەکاندا لە تاران مابوونەوە.
لە 10ی تەممووز، مەسعود پزیشکیان بە ئەنتۆنیۆ کۆستا، سەرۆکی ئەنجومەنی ئەوروپای راگەیاند کە بەردەوامیی هاریکارییەکانی ئێران لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، بەندە بەوەی کە ئاژانسەکە "هەڵوێستە دژ بەیەکەکانی" خۆی بەرامبەر بە دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران راست بکاتەوە.
پزیشکیان هۆشداریشی دا کە ئەگەر هێرشکردنە سەر ئێران دووبارە ببێتەوە، وەڵامی تاران "توندتر و بە ئازارتر" دەبێت.
نووسینگەی راگەیاندنی حکومەتی غەززە، ئەمڕۆ چوارشەممە، رایگەیاند کە ژمارەی رۆژنامەنووسە کوژراوەکان لە کەرتی غەززە بۆ 231 رۆژنامەنووس بەرزبووەتەوە.
حکومەتی خۆجێی لە غەززە لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەدا، "ژمارەی رۆژنامەنووسە کوژراوەکان بۆ 231 کەس بەرزبووەتەوە، دوای راگەیاندنی کوژرانی هەردوو رۆژنامەنووس، تامر زەعانین و وەلاء ئەلجەعبەری".
رۆژنامەنووس وەلاء ئەلجەعبەری، کە وەک سەرنووسەری هەواڵ کاری دەکرد، لە بۆردوومانێکی بەرەبەیانی ئەمڕۆدا بۆ سەر ماڵەکەی، لەگەڵ هاوسەر و پێنج منداڵەکەیدا کوژراوە. هەروەها رۆژنامەنووس تامر زەعانین، کە وێنەگری رۆژنامەوانی بوو، رۆژی دووشەممەی رابردوو بە گوللـە کوژرا.
نووسینگەی راگەیاندنی حکومەتی خۆجێیی غەززە ئیسرائیل تۆمەتبار دەکات بۆ کوشتنی بە ئەنقەستی رۆژنامەنووسان و دەڵێ: "ئیدانەی بەکارهێنانی شێوازی سیستماتیک بۆ ئامانجگرتن و کوشتنی رۆژنامەنووسانی فەڵەستینی دەکەین لەلایەن ئیسرائیلەوە" و داوای لە "یەکێتیی نێودەوڵەتیی رۆژنامەنووسان و سەرجەم رێکخراوە رۆژنامەوانییەکان کرد کە ئەم تاوانانە شەرمەزار بکەن".
بەگوێرەی تەندروستیی غەززە، لە حەوتی تشرینی یەکەمی 2023ەوە تا ئێستا، 59 هەزار و 106 کەس لە غەززە کوژراون، هەروەها 142 هەزار و 511 کەسیش بریندار بوون.
لە 23 پارێزگای ئێران بەهۆی شەپۆلەكانی گەرما و كەمبونەوەی ئاو و كارەبا پشو راگەیەنرا و لێپرسراوانیش هۆشداریی دەدەن لە كەمئاوایی تارانی پایتەخت.
حكومەت لە ئێران رایگەیاند وەك ڕێكاری پێویست بۆ كەمكردنەوەی بەكارهێنانی ئاو و سەرچاوەكانی وزە و بڕیاریان داوە رۆژی چوارشەممە لە زۆربەی پارێزگاكانی ئەو وڵاتە بكرێتەپشو.
لە كۆی 31 پارێزگای ئێران لە 23 پارێزگا پشو راگەیەنراوە، ئەوەش وەك هەنگاوێك بۆ كەمكردنەوەی بەكارهێنانی ئاو و كارەبا.
بە وتەی لێپرسراوانی ئێران ئەو وڵاتە روبەڕوی گەورەترین وشكەساڵیی 100 ساڵی رابردو بوەتەوە و بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما بۆ نزیكەی 50 پلەی سلیزی لە هەندێك ناوچە وای كردوە پشو لە زۆربەی پارێزگاكان راگەیەنرێت.
سەرۆك كۆماری ئێران رایگەیاندووە، قسەکردن لەسەر کۆتاییهێنان بە بەرنامە ئەتۆمییەكەی وڵاتەكەی "خەیاڵپڵاو"ییە و دەشڵێت: توانا ئەتۆمییەکانمان لە مێشکی زاناکانماندایە نەک دامەزراوەکان.
مەسعود پزیشكیان سەرۆك كۆماری ئێران رایگەیاندووە، ئامادەن بۆ هەر جوڵەیەکی سەربازی ئیسرائیل و هێزەکانیان دەتوانن لە قوڵایی خاکی ئیسرائیل بدەن.
ئەوەشی خستووەتە روو، ئیسرائیل لە هەوڵيکانی بۆ کۆتاییهێنان بە رژێمی ئێران و ئاژاوەگێڕی شکستی هێنا، هەر ئەوەشی کە داوای کۆتاییهێنان بە جەنگی کرد زۆر شتی ئاشکرا کرد.
روونیشیکردووەتەوە، هەر دانوستانێک لە داهاتوودا دەبێت لەسەر بنەمای سودی هەردوولا بێت و ئێران رازی نابێت بە هیچ مەرجێک کە تایبەت بێت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی و تەنها لە یەکلایەنەوە بسەپێنرێت.
پزشكیان وتووشییەتی: گومانمان لە ئاگربەست لەگەڵ ئیسرائیل هەیە.
وتەكانی پزیشكیان لە كاتێكدایە كە ئەیال زەمیر سەرۆك ئەركانی سوپای ئیسرائیل لە نوێترین لێدوانیدا جەختی لەوە كردووەتەوە، هێرشەکانیان دژ بە ئێران دەست پێدەكەنەوە و لە غەززە و لوبنان و سوریاش هێرشەکانیان بەردەوام دەبێت.
پێگەیەكی ئەمریكی ئاشكرای دەكات روداوەكانی سوریا و كۆبونەوەكانی مەزلوم عەبدی لەگەڵ لێپرسراونی ئەمریكا بوەتە هۆی بەهێزبونی پێگەی هەسەدە.
پێگەی ئەلمۆنیتۆر ئەمریكی بڵاویكردوەتەوە دوای كۆبونەوەی مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی هێزەكانی سوریای دیموكرات سوریا لەگەڵ تۆماس باراك، نێردەی تایبەتی ئەمریكا بۆ كاروباری سوریا و دیمەشق روداوەكانی ئەم دواییە لە سوەیدا پێگەی هەسەدە لە ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتیدا بەهێزتر بوە.
بەپێی راپۆرتی ئەو پێگە ئەمریكییە روداوەكانی سوەیدا دەرفەتێكی نوێیان بۆ هەسەدە رەخساندوە، تا پێگەی خۆی لە گفتوگۆكانی لەگەڵ دەسەڵاتی دیمەشق بەهێزتر بكات هاوكات لە پشتیوانییەكانی ئەمریكا و فەڕەنسا بۆ ئەو هێزە زیاتر بوە.
ئەلمۆنیتۆر رونی كردوەتەوە كە ئەوەی لە سوەیدا ڕوویدا سەلماندویەتی كە دەسەڵاتی دیمەشق توانای زاڵبونی بەسەر روداوەكاندا نییە هێزەكانی دەسەڵاتی سوریا شكستیان هێنا لە كۆنترۆڵكردنی سوەیدا ئەوەش وا دەكات گرنگیی زیاتر بە پێگەی هەسەدە و تواناكانی لە سوریا بدرێت.
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی هاوبەشدا لەگەڵ ئەلێکساندرا هیڵ، وەزیری دەرەوەی ئێل سالڤادۆر، ئیسرائیلی بە هەوڵدان بۆ دابەشکردنی سوریا تۆمەتبار کرد و هۆشدارییەکی توندیشی دایە گروپە چەکدارەکانی ناو ئەو وڵاتە.
فیدان ئاماژەی بە پێکدادانەکانی ئەم دواییەی پارێزگای سوەیدا کرد و رایگەیاند: "ئیسرائیل، کە نایەوێت وڵاتێکی سەقامگیر لە دەوروبەری خۆی ببینێت، ئامانجی دابەشکردنی سوریایە."
فیدان وتی؛ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئەکتەرە هەرێمییەکان هەوڵدەدەن سوریا بکەنە شوێنێک کە داڵدەی تیرۆری لێنەدرێت و نەبێتە سەرچاوەی کۆچی نایاسایی، بەڵام "ئیسرائیل دەیەوێت هەموو ئەو هەوڵانە بۆ هێنانەکایەی ئاشتی و سەقامگیری لە سوریا تێکبدات."
لەکۆتاییدا، هاکان فیدان هۆشدارییەکی راستەوخۆی ئاڕاستەی گروپەکانی ناو سوریا کرد و رایگەیاند: "هیچ گروپێک نابێت هەنگاوی دابەشکاری بنێت. زۆر شت هەیە کە دەتوانین لە رێگەی دیپلۆماسییەوە قسەی لەسەر بکەین و لەگەڵ هەموو گروپ و لایەنێکیش قسە کراوە. بەڵام ئەگەر لەوە زیاتر بڕۆن و بە بەکارهێنانی توندوتیژی هەنگاو بەرەو دابەشکردن و ناسەقامگیرکردن بنێن، ئێمە ئەوە وەک هەڕەشەیەکی راستەوخۆ بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانیی خۆمان هەژمار دەکەین و دەستوەردان دەکەین. جگە لە دابەشبوون، دەتانەوێت لەسەر چی قسە بکەن بیکەن، هەر داواکارییەکتان هەیە پێشکەشی بکەن و ئێمەش یارمەتیتان دەدەین، بەڵام کاتێک ئەو سنوورە دەبەزێنن، ئێمە خۆمان ناخەینە ژێر هەڕەشەوە."
مەسەدە دەڵێت، ئەوەی لە سوەیدا دەگوزەرێت داڕمانێكی گشتییە و كاریگەری لەسەر پێكهاتەی سیاسی و دامەزراوەیی سوریا هەیە و شكستی دەسەڵاتی دیمەشقە.
ئەنجومەنی سوریای دیموكرات "مەسەدە" راگەیەنراوێكی لەبارەی روداوەكانی سوەیدا بڵاوكردەوە و رایگەیاندووە، بە بەردەوامی بەدواداچوون بۆ پێشهاتە ئەمنییە مەترسیدارەكان و پێكدادانی چەكداریی و كردەوە توندوتیژییەكانی سوەیدا دەكەن، كە ئەو پێشهاتە مەترسیدارانە راستەوخۆ هەڕەشە لە پرەنسیپی یەكگرتوویی و یەكپارچەیی خاكی سوریا دەكەن و خودی یاسای نێودەوڵەتی و مافی هاووڵاتیانی سوریا بۆ ئاسایش، دەخەنە ژێر پرسیارەوە.
ئاماژەی بەوەشكردووە، جەختدەكەنەوە لە پێویستی راگرتنی دەستبەجێی شەڕ و پێكدادانەكان و داوای دەستپێكردنی دیالۆگێكی نەتەوەییش دەكەن بە بەشداری هەموو هێزە نیشتمانییە دیموكراسییەكانی سوریا، بە ئامانجی داڕشتنی پرۆژەیەكی سیاسی نوێ لەسەر بنەمای دادپەروەری راگوزەر و كۆتاییهێنان بە شەڕ.
سەرۆك كۆماری توركیا جەخت لەوەدەكاتەوە، رێگە نادەن هیچ كەسێك هەوڵی لەباربردنی پرۆسەی ئاشتی بدات، پێداگرن لەسەر سەرخستنی پرۆسەكە.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک كۆماری توركیا رایگەیاندووە، كۆبونەوەكان بۆ پێكهێنانی كۆمیسیۆنی ئاشتی بەردەوامە، بە هەستیارییەوە هەنگاو دەنێن بۆ سەرخستنی پرۆسەكە، رێگەنادەن هیچ كەسێك هەوڵی لەباربردنی پرۆسەكە بدات و بە هەمووشێوەیەك دژی لەباردنی دەوەستنەوە.
راشیگەیاند، رووداوەكانی ناوچەكە دەرخەری ئەو راستییە بوون، ئەو هەنگاوەی ناویانە دروستە و لە جێی خۆیدایە.
جەختی لەوەشكردوەتەوە، ئۆجەلان بە هەموو جۆرێك پشتیوانی لە سەرخستنی ئاشتی كردوو، ئەوەش بۆ پرۆسكە ئێجگار گرنگە.
لە چوارچێوەی هەنگاوەكانی پرۆسەی ئاشتیدا و لە ماوەی 72 کاتژمێری رابردوودا زیاتر لە 200 زیندانیكراوی پەكەكە لە توركیا ئازادكراون.
رۆژنامەی سۆزجوی توركیا بڵاویكردەوە، لەژێر رۆشنایی بڕیارێكی دادگای باڵای توركیا، لە 72 کاتژمێری رابردوودا دادگای تاوانەكانی ئامەد بڕیاری ئازادكردنی بۆ زیاتر لە 200 زیندانیكراوی پەكەكەی دەركردووە.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، بڕیارەكەی دادگای باڵای توركیا لەدوای هەنگاوە مێژووییەكی پەكەكە دێت بۆ لەناوبردنی چەكی ژمارەیەك گەریلا لە ئەشكەوتی جاسەنەی سلێمانی.
ئەوەش لەكاتێكدایە، لەناوخۆی توركیا هەوڵەكان بۆ بەرەوپێشبردنی پرۆسەی ئاشتی چڕكراونەتەوە و زۆرینەی هێز و لایەنە سیاسییەكانیش پێشوازییەكی فراوانیان لە پرۆسەكە كردووە.
ئێران جەختدەکاتەوە، تا ئێستا هیچ پلانێکیان نییە گفتوگۆکانیان لە بارەی بەرنامەی ئەتۆمی لەگەڵ ئەمریکا دەستپێبکەنەوە.
ئیسماعیل بەقائی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، سبەی سێشەممە لە تاران کۆبوونەوەی سێ قۆڵی سەبارەت بە پرسی ئەتۆمی ئێران و روسیا و چین لە ئاستی وەزارەتەکانی دەرەوە بەڕێوەدەچێت.
بەقائی وتیشی، لەم بارودۆخەی ئێستادا هیچ پلانێکیان نییە لەگەڵ ئەمریکا گفتوگۆکانمان دەستپێبکەنەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، کاتێک گەیشتنە ئەو بڕوایەی کە دەتوانرێت دانوستان بۆ بەدیهێنانی مافەکان و زامنکردنی بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانی گەلی ئێران کەڵکی هەبێت، بەدڵنیاییەوە درێغی ناکەن و گفتوگۆکان دەستپێدەکەنەوە.
نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سوریا رایگەیاند، پێویستە حکومەتی سوریا هەماهەنگی لەگەڵ پێکهاتە جیاوازەکانی گەلەکەیدا هەبێت.
تۆم باراک نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سوریا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، پێویستە لێپرسینەوە لە حکومەتی سوریا بکرێت. وتیشی، دەبێت حکومەتی ئەو وڵاتە هەماهەنگی لەگەڵ سەرجەم پێکهاتەکانی وڵاتەکەدا هەبێت.
لەبارەی دۆخی لوبنانەوە باسی لەوەکرد، باباتی چەکدانانی حزبوڵا پرسێکی ناوخۆی لوبنانە، واشنتن پێی وایە ئەوان گروپێکی تیرۆرستین و ئامادە نییە گفتوگۆی لەگەڵدا بکات.
ئاماژەی بەوەشکرد، هەوڵدەدەین هاوکاریی لوبنانیەکان بکەین بۆ گەیشتن بە ئاشتی بەڵام چارەسەر لەدەست حکومەتی لوبنان خۆیدایە.
راشیگەیاند، واشنتن بیر لەوە ناکاتەوە سزا بەسەر لوبناندا بسەپێنێت، لەبارەی ئیسرائیلیشەوە، نایەوێت ناچاری بکات لە ئێستادا هیچ کارێک ئەنجام بدات.